لاهور شێخ جەنگی بۆ VOA: پارتی تەنها وەزارەتی ناوخۆ ڕابسپێرێت پرۆسەی هەڵبژاردن پەکی دەکەوێت

لاهور شێخ جەنگی

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، بەهۆی پێداگری پارتی لەسەر بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی مانگی شەش، پێیوایە بۆ جارێکی تر هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان دوادەکەون و هۆشداری دا لەوەی "چارەنووسی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە."

لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا، کە ئایە هەڵبژاردن بە بێ پارتی لە هەرێم ئەنجامدەدرێت، لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، "وەزارەتی ناوخۆ پەیوەندیدارە لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی هەڵبژاردن. وەزارەتی ناوخۆ بەدەست پارتی دیموکراتی کوردستانەوەیە، من دڵنیام ئەگەر پارتی ئامادەنەبێت بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات، تەنها وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپێرێت پرۆسەکە پەکی دەکەوێت."

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی، ئێستا لە دەرەوەی حزبەکە و بە لیستی بەرەی گەل دەیەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنی مانگی شەشدا بکات. وتەکانی ئەمرۆی لە میانی بەشداریکردنی بوو لە دیداری سلێمانی کە لە زانکۆی ئەمریکی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

لاهور شێخ جەنگی وتیشی، "ئەگەر دیموکراسی باڵادەست بوایە نەدەبوو بە بێ پارتی پەکمان بکەوێت، بەڵام نیشانەی ئەوەیە دیموکراسی تێیدا باڵادەست نییە."

دیداری سلێمانی ئەمڕۆ 17-4-2024 بە بەشداری بەشێکی زۆر لە لایەنە سیاسیە عێراقیەکان و کوردستانیەکان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.

Your browser doesn’t support HTML5

لاهور شێخ جەنگی: هەستدەکەم هەڵبژاردنەکان دوادەکەون

پرسی هەڵبژاردن تەوەرێکی سەرەکی دیدارەکە و گفتووگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکان بوو.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی دیدارەکەدا ڕایگەیاند، "باشترە ڕێکەوتن لە نێوان لایەنە سیاسیەکان هەبێت لەسەر پرسی هەڵبژاردن."

هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا کردووە.

بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، "بەڵی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت."

هەرچی قوباد تاڵەبانیە، بە هەمان شێوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت و دوا ناکەوێت."

بە پێی مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، وا بڕیارە 10-6-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕیوەبچیت. بەڵام بەشداری نەکردنی پارتی ئەگەری جارێکی تر دواخستنەوەی پرۆسەکەی هێناوەتە ئاراوە.

هۆکاری بەشداری نەکردنەکەی پارتیش بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەگەڕێتەوە، بە گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و لابردنی کورسی کۆتاکان.

مه‌سعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، لە بەرواری27-3-2024، لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ڕایگەیاند، "ماوەی دووساڵە كە هەڵبژاردنەكان بە بیانووی جۆراوجۆری سیاسی و هاندانی دەرەكی دوادەخرێت، ئێستاش كە بە بڕیاری سیاسی دادگای فیدڕاڵ و بەپێی ئەجێندای دەرەكی دەسكاریی یاسای هەڵبژاردن كراوە، ئینجا دەڵێن با هەڵبژاردن بكرێت."

ڕۆژی 3-4-20224، مەسعود بارزانی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، سوربوونی حزبەکەی لەسەر بایکۆتی هەڵبژاردن تا لەبەرچاوگرتنی نیگەرانییەکانیان دەربڕی.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی باره‌گای بارزانی، سەرۆکی پارتی وتووشیەتی، "ئێمە خوازیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین بەڵام دوور لە دەستێوەردانی دەرەكی و بڕیارە سیاسییە مەبەستدارەكانی دادگەی فیدڕاڵ كە ئامانج لێی شكاندنی پارتی بێت."

جگە لە پارتی، چەندین لایەن لە پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیانەکان دەڵێن بەهۆی لابردنی کورسی کۆتاکانەوە بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەن.

سەرەڕای جەختکردنەوەی یەکێتی و لایەنەکانی تر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام لاهور شێخ جەنگی پێی وایە ڕێکەوتنێکی ڕانەگەیێندراو هەیە لە نێوان کێتی و پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

لاهور شێخ جەنگی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەستەکەم هەڵبژاردن دوادەخرێت. هیوادارم یەکێتی سوربێت لەسەر هەڵوێستەکەی کە دەڵێت دوا ناکەوێت، بەڵام ئێمە پێمان وایە ڕێکەوتن کراوە و هەڵبژاردن دوادەکەوێت."

وتیشی،" لە کوردستان ئەو تۆزە دیموکراسیەی ماویشە، ئەگەر هەڵبژاردن دوابخرێت، ئەگەر هەیە لە دەستی بدەین. دەبێت یەکێتی و پارتی هەوڵ بدەن دوا نەکەوێت."

بەڵام یەکێتی هەبوونی ڕێککەوتنێکی وەها لەگەڵ پارتی ڕەتدەکاتەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم، ڕۆژی 15-4-2024، ڕەتیکردەوە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی ڕێککەوتن کرابێت لەسەر چارەنووسی ئەنجامدانی هەڵبژاردەکە و بە دەنگی ئەمەریکای وت، "بۆ هەڵبژاردن یاسا هەیە، بڕیار هەیە، ڕێکار هەیە؛ ڕێککەوتنی ناوێت و نەبووە شتی وەها تا ڕێککەوین هەڵبژاردن بکەین."

Your browser doesn’t support HTML5

قوباد تاڵەبانی: ئەگەر پارتی بەشداری هەڵبژاردن نەکات خۆی زەرەر دەکات

لە دوای کێشە ناوخۆیەکانی یەکێتی لە 8-7-2021، لاهوری شخ جەنگی کە ئەوکات هاوسەرۆکی یەکێتی بوو، بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکەی لە حزبەکەی دووخرایەوە. دوای نزیکەی سێ ساڵ دوورکەوتنەوە لەو حزبە لە ئێستادا حزبێکی دروستکردووە بە ناوی "بەرەی گەل" و دوای بەستنی کۆنگرە، وا بڕیارە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەلەمانی هەرێمی کوردستان بکات.