ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە: ئەگەر چاکسازی ناو وەزارەت بەم شێوەیە بەردەوامبێت ڕەنگە لای هاوپەیمانان دەرەجەیەکی کەمتر لە پار بهێنین

لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، ڕێگرییەکانی بەردەم پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە "لە دەرەوەی وەزارەت و سیاسین." هۆشداریش دەدات لە کاردانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ئەگەری بەردەوامی خاوی پرۆسەی چاکسازی لەناو وەزارەتەکەدا .

لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "چاکسازی هەیە، پرۆسەیەکە نەوەستاوە و هێواش هێواش دەچێتە پێشەوە. بەڵام ساڵی پێشتر کە وتمان بەدەرەجەیەکی کەم دەرچووین لە هەڵسەنگاندنی هاوپەیمانان دەبێت هەولێکی زیاتر بدەین."

هۆشداری دا لەوەی "ئەگەر بەم ڕیتمەی ئێستا بڕوات لەوانەیە ئەو دەرەجەیەی سالی پار نەهێنین و کەمتر بهێنین."

لێدوانەکەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە کاتی بەشداریکردنی بوو لە دیداری سلێمانی لە ڕۆژی چوارشەممە، 17ی چواری 2024دا.

لیوا بەختیار ڕایگەیاند، " کەموکوڕییەکان لەناو وەزارەت و ئەفسەرەکاندا نییە، بەڵکو ڕیگریەکە زیاتر لە دەرەوەی وەزارەتە، وە زیاتر سیاسییە واتە کۆدەنگیەکی سیاسی پێویستە، وە بەرچاوڕوونیەکی یەکگرتووی پێویستە بۆ داهاتووی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بۆ ئەوەی بتوانین دەرەجەیەکی باشتر بهێنین."

Your browser doesn’t support HTML5

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە: ڕێگریەکانی بەردەم یەکگرتنەوەی پێشمەرگە سیاسیە و لە دەرەوەی وەزارەتە

بە پێی لێکتێگەشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان، ساڵانە لە مانگی 10 هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی وەزارەتەکە سەبارەت بە پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی هاوپەیمانان بەڕێوەدەچێت، بەڵام ساڵی ڕابردوو هەڵسەنگاندنەکە دوا کەوت بۆ مانگی یەکی ئەمساڵ. بە پێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتەکەش "کارەکان وەک پێویست جێبەجێ نەکراون بۆیە هەڵسەنگاندنەکەی هاوپەیمانان دواکەوت و پێشمەرگەش بە "دەرەجەیەکی کەم" توانی لەو هەڵسەنگاندنە دەربچێت.

پێشتر بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ڕەخنە ئاڕاستەی وەزارەتەکە دەکرێت، بەهۆی جێبەجێنەکردنی میکانیزمی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە پێی ئەو لێکتێگەشتنە هاوبەشەی لە نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگەدا هەیە.

ئاستەنگیەکانی بەردەم یەکگرتنەوەکەش بۆ کێشەکانی نێوان هێزەکانی 70ی یەکێتی و هێزەکانی 80ی سەر بە پارتی دەگێڕنەوە.

لەو بارەیەوە لیوا بەختیار وتی، "بەدەر لە بەربەستە سیاسیەکان، بەربەستی بودجە و شەڕی داعش و هەماهەنگی نێوان هەرێم و فیدراڵیش هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا تەبایی ناوخۆمان، بەرچاوڕوونی ناوخۆمان، ئیستیقڕاری سیاسی لە ناوخۆی کوردستان گرنگە و بەوە گرەوەکە دەبەینەوە، ئەگەر نا ئەو دەرەجەیە ناهێنینەوە کە پار هێنامان."

هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016وە جگە لە دابینکردنی 20 ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ ئەو لیوایانەی کە ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە هەمانکاتدا پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بە مەبەستی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەیان.

بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێن بە پێی ئەو لێکتێگەشتنە هاوبەشەکەی هەیانە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، ئەو 20 ملیۆن دۆلارە ساڵانە کەم دەبێتەوە بەڕێژەی لەسەدا 25، واتە لە 2026 دا سفر دەبێتەوە.

بە هۆی کێشە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقیشە، کێشەی وەزارەتە سەربازیەکان لە ناویشیاندا پێشمەرگە تا ئێستا یەکلا نەبۆتەوە، ئەو کورتهێنانەش کە لە وەزارەتەکە بەهۆی لێبڕینی ساڵانەی هاوپەیمانانەوە دروست دەبێت، دیار نییە بە چ میکانیزمێک پڕ دەکرێتەوە. بەڵام مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی عێراق داوای لیستی ناوی وەزارەتی پێشمەرگەشی کرد و سەرچاوەکان دەڵێن پێدەچیێت عێراق ڕەزامەندبێت بە دابینکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکە و وەک مووچەخۆرانی تری هەرێم ئەویش "بە نیشتیمانی" بکرێت.

لیوا بەختیار محەمەد وتی، " بودجەکەی هاوپەیمانان ساڵانە لە سەدا 25 کەمدەبێتەوە، مانگی 10 سەدا پێنجی تر کەم دەبێتەوە، کە بۆ تەشجیعی وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمە، بەڵام ئێمە ناومان لە چوارچێوەی مووچەخۆرانی هەرێم چۆتە سەر ئەو مووچەیەی لە بەغدادەوە دێت؛ ئاگادارن کە داوای قایمە و ناو کرا."

وتیشی، "وەک وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێی ئەوە دەکەین مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە هاوتای هێزە ئەمنیەکانی عێراق بکرێت، چونکە تا ئێستا هاوتا نییە لەگەڵ عێراقدا.