فاتیمە ئەمان: مان یان نەمانی ڕەئیسی گۆڕانێکی ئەوتۆ لە ئێراندا دروست ناکات

هەتا ئێستایشی لەگەڵدا بێت میدیای ئێران هەواڵی یەکلاکەرەوەی بڵاونەکردۆتەوە لەسەر چارەنوسی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی ئێران و حوسەین عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و چەند کاربەدەستێکی تری وڵاتەکە کە لە هەلیکۆپتەرێکدا بوون و ئاژانسە ئێرانییەکانی هەواڵ دەڵێن، بە ناچاری لە ناوچەیەکی سەختدا نیشتووەتەوە.

دواترین هەواڵ لە میدیای ئێرانییەوە دەڵێت "هێشتاش ناتوانرێت بزانرێت ئایا ڕەئیسی و کاربەدەستەکانی تر لە ژیاندان یان مردون."

فاتیمە ئەمان،لێکۆڵەری باڵا لە نێوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەڵێت "لەبیرمان نەچێت ڕەئیسی ئەگەریش مردبێت لەو ڕووداوی کەوتنە خوارەوەیەی هەلیکۆپتەرەکەدا، سەرۆکێکی هێندە بەهێز و بە توانا نییە تا بگوترێت گۆڕانێکی بنچینەیی لە ئێراندا دێتە ئاراوە، جا لەو پۆستەدا بێت یان نەبێت هیچ کاریگەرییەکی نییە."

ئەمەش ببینە کاردانەوەی خامنەیی بەرامبەر بە ڕووداوی هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران


هەر لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرپەرشتی ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی لە کۆبوونەوەدایە.

خانمی ئەمان، ئاماژەش بەوە دەکات ئەگەر ئیبراهیم ڕەئیسی لەو ڕووداوەدا مردبێت "ئەوا بەپێی دەستوری ئێران، ئەنجومەنێکی کاتیی دەستبەجێ پێکدەهێنرێت و فەرمانڕەوایەتی لە ئێراندا دەدرێتە دەست ئەو ئەنجومەنە تا ئەو کاتەی هەڵبژاردن دەکرێت. جێگری سەرۆکی ئێران، سەرۆکایەتی ئەو لیژنە کاتییە دەکات بە مەرجێک ڕابەری شۆڕش ڕەزامەندی لەسەر بدات و بە ئەندامێتی سەرۆکی مەجلیسی شورا و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دەبێت و دەشبێت لە ماوەی 50 ڕۆژدا هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی ئێران ڕێکبخرێت."