موقتەدا ئەلسەدر داوای دەرکردنی باڵیۆزی ئەمەریکا و داخستنی باڵیۆزخانەکە لە عێراق دەکات

موقتەدا ئەلسەدر سەرۆکی بزووتنەوەی نیشمانی شیعە و کەسایەتی کاریگەری ئاینی شیعەکان لە عێراق، ڕۆژی سێشەممە لە بڵاوکراوەیەکیدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاوی کردووەتەوە هێرشی توند دەکاتە سەر ئیسرائیل و داوای داخستی باڵیۆزخانەی ئەمەریکاش دەکات لە عێراق.

سەدر لە کاردانەوەیدا بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس دەڵێت " ئەوەی ئیسرائیل دەیکات پاکتاوی نژادیییە و کۆمەڵکوژییە. ئیسرائیل بە بۆردومانکردنی خێوەتەکانی ڕەفەح، وێنەیەکی ڕوون پیشان دەدات کە دژایەتی هەموو ئاینە ئاسمانییەکان دەکات بە موسوڵمان و کرستیان و جووەوە."

سەدر پێی وایە ئەمەی کە ئیسرائیل دەیکات "هەمووی لە ئەنجامی ئەو پاڵپشتییەیە کە ئەمەریکا لێی دەکات" و دەڵێت "داواکارییەکەم دووپات دەکەمەوە بۆ دەرکردنی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و داخستنی باڵیۆزخانەکە بە رێگە دیپلۆماسییە کارپێکراوەکان، بەبێ ئەوەی خوێن بڕژرێت، بۆ ئەوەی ڕەوشت و ئاشتیخوازیمان لەبەرامبەر تیرۆر و خراپەکارییان نیشانبدەین."

دەشڵێت " ئەمەش بۆ ئەوەی نەبێتە بیناویەک بۆ تیکدانی ئاسایشی عێراق و گەلەکەی."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بەردەوام فشاری کردووەتە سەر نەتانیاهۆ تاوەکو توندوتیژییەکان لە جەنگەکەدا کەم بکاتەوە و هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی چەکی بۆ ئەو وڵاتە کردووە، ئەمەش لە نێوەندی زیادبوونی ژمارەی قوربانییان سڤیل لە جەنگەکەدا.

هێرشەکانی ئیسرئیل بۆ سەر حەماس لە کەرتی غەززە پاش 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوو دەستیپێکرد کە چەکدارانی حەماس هێرشێکی بیپێشینەیان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان لەو هێرشەدا کوشت کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و بێجگە لەوەش نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، کە هێشتا بەشێک لە بارمتەکان لە ژێر دەستی حەماس ماونەتەوە. ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا. بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 36,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

موقتەدا سەدر لە دوا پەیامەکەیدا داوا کارییەکیش پێشکەش بە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و کۆمکاری عەرەب دەکات و دەڵێت دەبێت "ڕۆڵی چالاکی خۆیان هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەم کوشتنکارییە و ئەو دەستدرێژییەشی کە دەکرێتە سەر خەڵکەکەمان لە غەززە لە لایەن زایۆنزمی دەژمنەوە. ئیتر بەسە بێدەنگی. "