وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم لە هەر دامەزراوەیەکی سەربازی و ئەمنی ژمارەیەک ناو بە ڕاپۆرت ڕەوانەی عێراق دەکات، تا وردبینی بۆ ناو و کۆد و بڕی مووچەکانیان بکرێت و لەسەر ئەو بنەمایە مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان خەرج بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا حکومەتی عێراق مووچەی مانگی چواری مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی ڕەوانە کرد و دوای ئەوە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمیش مووچەی بەسەر سەرجەم مووچەخۆران دابەشکرد، بەڵام تا ئێستا بەشێکی زۆری هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنی و سەربازییەکان مووچەی مانگی چواریان وەرنەگرتووە.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی هەرێم لەهەر دامەزراوەیەکی سەربازی و ئەمنی ژمارەیەک ناوی ئامادە کردووە نەک کۆد، ئەم ناوانە ڕەوانەی عێراق دەکرێن تا لەسەر بنەمای ئەمە مووچەی کەرتی سەربازی هەرێم ڕەوانە بکرێت."
سەمیر هەورامی دەڵێت، "حکومەتی هەرێم نمونەی ئامادە کردووە و لە هەر دامەزراوەیەکی سەربازی و ئەمنی ژمارەیەک ناو ئامادە دەکات، کە پێشتر دیوانی چاودێری دارایی وردبینی بۆ کۆدەکانیان کردووە، بۆ ئەوەی وردبینی بۆ کۆد و ناو و پلە و مووچەکانیان بکرێت و دروستیان بسەلمێنرێت، ئەمە بە ڕاپۆرت ئامادە کراوە."
وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو ناوانەی ئاشکرانەکرد کە بۆ حکومەتی عێراق نێردراون بەڵام وتی لە هەر دەزگایەک "ژمارەیەک" دیاریدەکرێت.
عێراق چەند مانگێک لەمەوبەر داوای ناو و تەواوی زانیارییەکانی تایبەت بە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەوکات لەبەر "ئاسایشی نەتەوەیی" ئامادەنەبوو ناوەکان بداتە دەست حکومەتی عێراق و ڕایگەیاند تەنها کۆدی ناسنامەی بایۆمەتری دەنێرێت.
حکومەتی عێراق هەروەها وەکو مەرجێک بۆ بەردەوامیدان بە ناردنی مووچەی مانگەکانی داهاتووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان داوای داهاتی نا نەوتی دەکات، بەتایبەت ئەو داهاتانەی بە فیدراڵی ناسراون و دەڵێت دەبێت بۆ خەزێنەی عێراق بگێڕدرێنەوە.
کۆی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بە سەرووی 300 ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، بەپێی وتەی بەرپرسانی هەرێم، مانگانە بڕی داهاتی هەرێم هەڵکشان و داکشان دەکات، ئەمە جگە لەوەی داهاتی هەندێک وەزارەت و بەڕێوبەرایەتی فیدڕاڵی نین و لە هەرێم دەمێننەوە.
ڕۆژی 26ی پێنجی2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێمی بۆ مانگی دوو، بەشێوەی نەختینە خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عیراق .
سەمیر هەورامی دەڵێت، "ئەو بڕە پارەیەی کە سەرووی 85 ملیار دینارە و لە داهاتی نانەوتی خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق، بەپێی یاسای ئیدارەی مالی بەر عێراق دەکەوێت و بۆ خەزێنەی گشتی گێڕدراوەتەوە، چونکە داهاتی فیدراڵین."
حکومەتی عێراق دەڵێت مەرجەکانی بۆ حکومەتی هەرێم بەشێکن لە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە ڕۆژی 21ی دووی 2024، کە تێیدا بڕیاریدا بە جێگیرکردن یان "تەوتینکردنی" مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە.
دوێنێ دووشەمەش محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی سەبارەت بە تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گیراونەتە بەر.
بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە و بە گرنگ زانراوە ”پەلە بکرێت لە تەواوکردنی تۆماری داتای فەرمانبەرانی هەرێم و خۆ بەدوورگرتن لە دواخستنی مووچەکانیان."
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی، "بۆ مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە و بەرپرسانی عێراق لەوبارەیەوە دڵنیاییان داوە.
Your browser doesn’t support HTML5