محەمەد کەمال: لە ئەگەری دانەنانی بێلایەنێک بۆ پارێزگاری کەرکوک با یەکێتییەکی "مەرغوب" پۆستەکە وەربگرێت

بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەکەی هێشتا لەگەڵ دانانی کوردێکی بێ لایەندایە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەڵام لەئەگەری جێبەجێ نەکردنی ئەو خواستە، "با یەکێتییەکی مەرغوب بێت و ئیش بۆ کەرکوک بکات نەک بۆ حزبەکەی."

زیاتر لە پێنج مانگ دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، تا ئێستا پرسی دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکوک یەکلایی نەبۆتەوە. خواسەتەکانی کورد بۆ دیاریکردنی کەسێکی بەڕەگەز کورد بۆ ئەو پۆستە کێشەی بۆ دروستبووە بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی و ناڕەزایی پێکهاتەی عەرەب و تورکمان.

محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە لەگەڵ دانانی کوردێکی بێ لایەنداین بە پارێزگاری کەرکوک، کە لای هەموو پێکهاتەکان قەبوڵکراو بێت و ئەمە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە."

دەشڵێت،"گەر کەسێکی بێ لایەنیش دانەنرا، با یەکێتییەکی مەرغوب بێت و ئیش بۆ کەرکوک بکات، نەک ئیش بۆ یەکێتی بکات."

ڕۆژی 18 ی 12 ی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەچوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دا ئەنجامدرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردندا، هێشتا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوەی ئەنجام نەداوە و لایەنەکانیش لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی ڕێکنەکەوتوون.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەبی سونە 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسییەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە.

دوێنێ چوارشەممە، 29ی پێنجی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە مەبەستی نزیککردنەوەی لایەنەکان لەیەکتری بۆ سێیەم جار لەگەڵ نوێنەری کورد و عەرەب و تورکمان کۆبوویەوە، بەڵام لایەنەکان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک ڕێکنەکەوتوون و کۆبوونەوەکە بە بێ ئەنجام کۆتایی پێ هێنراوە.

سەباح حەبیب، یەکێک لە نوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەکۆبوونەوەی نێوان سودانی و لایەنەکاندا پێشنیارکراوە پۆستی پارێزگار ساڵێک بۆ پارتی، ساڵێک بۆ تورکمان و دوو ساڵ بۆ عەرەب بێت. ئەمە ڕێککەوتن بووە لەنێوان ئەو سێ لایەنە بە بێ ئاگاداری یەکێتی."

دیمەنی دانیشتنێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.

ئەو وتیشی، "یەکێتی بەوە ڕازی نەبووە، چونکە زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی کەرکوک بەدەستهێناوە و زۆرترین کورسیشی لە نێو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا هەیە."

دەنگی ئەمەریکا زانیویەتی لە نێو کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و نوێنەری پێکهاتەکانی کەرکوکدا ناکۆکی لە نێوان نوێنەری یەکێتی و پارتی ڕوویداوە، بەڵام هیچکام لەبەرپرسانی ئەو دوو حزبە ئەم زانیارییە پشتڕاست ناکەنەوە.

هەروەها ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سونە لەکەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ”ڕێککەوتن هەبوو لە نێوان کوتلەی سیادە بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، کە خاوەنی سێ کورسییە، لەگەڵ بەرەی تورکمانی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، بوڵام یەکێتی ڕازی نەبووە، بۆیە ڕێککەوتنەکە سەرینەگرت.”


وتیشی کوتلەی عەزم و تەقەدوم کە سێ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان هەیە، بەشێک نەبوون لە ڕێککەوتنەکە.”

ڕۆژی 4ی دووی 2024، مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لەشاری سلێمانی کۆبوونەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەوکاتی کۆبوونەوەی نێوانیان، هاوڕابوون لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک.

بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار مانگ بەسەر کۆبوونەوەکە، ئەو دوو حزبە کوردییە هێشتا قۆناغی ڕەخنەگرتنیان لەیەکتری تێنەپەڕاندووە و یەکتری تۆمەتباردەکەن بە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی تاکلایەنە لەگەڵ عەرەب و تورکمان بە بێ ئاگاداری یەکتری.

محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی ڕەتیدەکاتەوە ڕێککەوتنیان لەگەڵ عەرەب و تورکمان ئەنجامدابێت و دەڵێت، "پارتی هیچ ڕێککەوتنێکی ئەنجام نەداوە، ئێمە لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوکین تا ببێتە چاودێر بەسەر پارێزگارەوە و بەکەیفی خۆی ئیشی ئیداری و دارایی نەکات."

کورد لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لەدەستداوە، لەوکاتەوە تا ئێستا پۆستەکە لەلایەن راکان جبوری کەسایەتی سیاسی عەرەبی سونەوە بەڕێوەدەبرێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە، 29ی پێنجی 2024 میوانداری فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد و لە ڕاگەیێندراوێکدا داوایکرد "دۆخی ئەو ناوچە کوردستانییانە ئاسایی بکرێتەوە و کۆتایی بەو ڕەوش و دۆخە سەربازییە بهێنرێت کە بەسەر ئەو ناوچانە سەپێنراوە و هەموو پێشێلیکاریی و دەستدرێژییەک بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کۆتاییان پێ بێت و لە چوارچێوەی دەستوور و بەتایبەتی ماددەی 140 كێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر