بۆچی قەرەبووی زەرەرمەندانی سوتان ولافاو دهۆکی گرتەوە بەڵام هەولێری نەگرتەوە؟

پاش ئەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوێنی چوارشەممە، 29ی پێنجی 2024، سەدان ملیۆن دیناری وەک هاوکاری پێشکەش بە زیانلێکەوتوانی سوتانی بازاڕی چەلێی دهۆکی کرد، لای زیانلێکەوتوانی هەولێر نیگەرانی "قوڵ" دروستبووە و سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی لەکارخراوی پارێزگای هەولێریش دەڵێت "بە داخەوە جیاوازی هەیە لە نێوان شارەکاندا."

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، دوێنێ ڕایگەیاند، "هاوکاری دراوی جەنابی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشکرا لە سەرۆکایەتی شارەوانی دهۆک و بە ئامادەبوونی بەڕێزان د. ڤیان سلێمان و سەباح بەیتولا جێگرانی بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان و د. نەوزاد عەبدوڵا بەرپرسی لقی یەکی پارتی و دەڤەرداری دهۆک و ئەندامانی لیژنەی تایبەت بە دیاریکردنی ئەو زەرەر و زیانیانەی بەر هاوڵاتیان و خاوەن دوکانەکانی بازاڕی چەلێ کەوتوون."

بەگوێرەی بەرپرسانی ئیداری دهۆک، بڕی هاوکارییەکە سێ ملیار و 973 ملیۆن و 923 هەزار دینارە و بۆ قەرەبووی 260 دوکانداری دهۆک تەرخانکراوە. دوکاندارەکان بە گوێرەی خەمڵاندنی زیانەکانیان لە نێوان یەک ملیۆن دینارەوە هەتا 140 ملیۆن دینار قەرەبوویان وەرگرتووە.

دلێر حسێن سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی لەکارخراوی پارێزگای هەولێر دەڵێت، " حکومەت یەک حکومەتە، نابێت جیاوازی لە نێوان شارەکاندا بکات."

ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە پێی ئەو بەدواداچوونانەی کە ئێمە کردوومانە، بە داخەوە جیاوازی هەیە لە نێوان شارەکاندا و یەکەمجار نیە کە ئاگر کەوتنەوە یاخود کارەساتی سروشتی لە هەولێر ڕووبدات، بەڵام تائێستا هاوڵاتیان وەکو پێویست قەرەبوونەکراونەتەوە، ئەمەش نیگەرانی کاسبکاران و هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە."

دلێر حسێن وتیشی، "مەبەستی من لە جیاوازی ئەوەیە بۆ نموونە لە دهۆک قەرەبووی دوکانداران کراونەتەوە یاخود قەرەبووی زیانلیکەوتوانی لافاوی پارساڵ کرایەوە. لە هەموو وڵاتێکی سەرکەوتوو بودجەیەکی تایبەت دیاریدەکرێت بۆ ئەم جۆرە کاراساتانە بۆ ئەوەی جوڵەی بازاڕ نەوەستێت و کاسبکاران زیانی زیاتریان پێنەگات، بەڵام لێرە ئەم جۆرە شتانە نیە ئەمەش ئەرکی کاسبکارانی قورس کردووە، تەنانەت لە نۆژەنکردنەوەی بازاری قەیسەرییش دوکانداران نیگەرانن چونکە کاتی زۆری پێویستە و بەئاسانی نۆژەن ناکرێتەوە."

رۆژی یەكشەممە، 24ـی نۆی 2023، دادگای فیدراڵی عێراق بە ‌هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکی هەموارکراوی پەرلەمانی کوردستان کە تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی درێژکردبوویەوە، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە.

لەو کاتەوە سەرجەم کارە یاساییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی تر وەستاوە.

هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە پارێزگاری هەولێر لەسەر پرسی قەرەبووی دوکاندارانی هەولێر بێئنەجام بوون.

پارێزگاری هەولێر لە کاتی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا باس لە سوتانی قەیسەری هەولێر دەکات لە ڕۆژی 5-5-2024.

جێگری پارێزگاری هەولێر و قایمقامی ناوەندی شارەکە لەسەر ئەم پرسە لێدوانیان نەدا و تەنها ئاماژەیان کرد بە بەردەوامی کاری لیژنەکانی بەدواداچوون لەسەر قەبارە و هۆکاری زیانەکان.

تەنها لە ماوەی پێنج مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا، چوار ئاگرکەوتنەوەی گەورە لە بازاڕەکانی هەولێر تۆمارکراون و دووئاگریان لە بازاری لەنگە بوون و بە گوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، بە هۆیانەوە 220 دوکان سوتان.

ئاگرەکەی ڕۆژی 5ی مانگی پێنجی بازاڕی قەیسەری هەولێریش بووە هۆی برینداربوونی 100 کەس و سوتانی 227 دوکان و 7 کۆگای بچووک.

گەرچی حکومەتی خۆجێی لیژنەی بۆخەمڵاندنی زیانەکانی دروستکردووە، بەڵام دوکانداران هیچ قەرەبوویەک نەکراونەتەوە.

ڕۆژی 12ی ئەم مانگە، دیوانی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند پارێزگار ئومێد خۆشناو بڕیارێکی 11 خاڵی دەکرد بۆ لێکۆڵینەوە لە بارەی دروستبوونی ئاگرەکە و "بە زوترین کات" نۆژەنکردنەوەى ئەو دوکان و شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە. ب

لە بڕیارەکەدا هاتبوو پارێزگار بڕیاری لێخۆشبوونی لە کرێى شەش مانگى خۆڵ و خاشاک و تابلۆی دوکاندارە زیان لێکەوتووەکان دەرکرد، سەرەڕای لێخۆشبوونی باج بە ڕێژەی 50% بۆ ساڵى 2023 و بە ڕێژەی 100% بۆ ساڵى 2024. هەروەها دەڵێت دوکاندارەکان دەتوانن لە وەرگرتنى قەرزى بێ قازانج لە بانکى جیهان سوودمەند ببن.

بەڵام چەند دوکاندارێکی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێن ئەم هەنگاوانە هاوتەریبی زیانەکان نین و دەپرسن بۆچی قەرەبووی نەختینەیی ئەوانیش نەگرێتەوە.

ئەحمەد موحسین، یەکێکە لە کاسبکارانی ناو بازاڕی قەیسەری هەولێر کە دەڵێت خۆیی و براکانی بە بڕی 70 دەفتەر دۆلاری ئەمەریکی زیانیان بەرکەوتووە.

دیمەنی زیانەکانی دوای ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر بەرواری 7ی سێی 2024.

ئەحمەد موحسین بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو بڕیارانەی کە پارێزگای هەولێر داوێتی بۆ کاسکبارانی بازاری قەیسەری هیچی دادمان نادات. ئێمە زیانێکی زۆرمان بەرکەوتووە بەو بڕیارانە ناتوانین جارێکی تر کار و کەسابەت بکەینەوە، ئێستا وامان لێهاتووە کە هیچ ئومێدیکمان بەوە نیە کە قەرەبوو بکرێینەوە."

ئەو کاسبکارە وتیشی،" زیانەکانی هەولێر زۆر زیاترن لە دهۆک، پێویستە وەک چۆن ئەوێ قەرەبووکرانەوە ئێمەش قەرەبووبکرێنەوە."

ڕۆژی 1ی مانگی چواری ئەمساڵ، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی چەلێی شاری دهۆک کەوتەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 300 دوکان سووتان.

پێشتریش، لە ڕۆژی 19ی مانگی سێی 2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک و زاخۆ دروستبوو. کاریگەری لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو و نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو، وە بەو هۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 120 کەس لە خنکان ڕزگارکران و زیان بە زیاتر لە هەزار خانوو و چێشتخانە و هۆتێل گەیشت و دەیان ئۆتۆمبیلیش ژێر ئاو کەوتن.

دوای کارەساتی لافاوەکە، لەسەر بڕیاری مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و مەسرور بازرانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، زیانلێکەوتوانی کارەساتەکە بە پارە و پێدانی شوێنی نیشتەجێبوون قەرەبووکرانەوە.

کەمتر لە 10 ڕۆژ دوای ڕووداوەکە و لە ڕۆژی 28ـی سێی 2024 نەوزاد بامەڕنی، بەرپرسی لقی یەکی دهۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی "سەرۆک بارزانی" قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان بە چەند قۆناغێک دەستی پێکرد و لە قۆناغی یەکەمدا 117 ماڵ قەرەبوو کرانەوە و شوقەیان پێدرا.

ئەو بەرپرسەی لقی دهۆکی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، لە قۆناغی دووەمدا 145 ماڵ لە دەوروبەری دهۆک و 82 ماڵیش لە شارەوانیی ڕۆژئاوای ئەو پارێزگایە قەرەبوو کرانەوە.

سەبارەت بە پرسی قەرەبووکردنەوە و نۆژەنکرنەوەی بازاڕەکانی هەولێر، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئێستا حکومەت لە قۆناغی پاککردنەوە و نۆژەنکرنەوەدایە."