راوێژکارێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هیچ شتێک بۆ دیاریکردنی وادەی نوێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگۆڕێ نییە، بەڵام سەرۆکایەتی هەرێم بە ڕاوێژ وادەی هەڵبژاردن دیاری دەکات.
زیرەک کەمال، ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەرۆکایەتی هەرێم دەیەوێت بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆن و لایەنە سیاسییەکان وادەی هەڵبژاردن دیاری بکات، بەڵام بۆ دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن هیچ شتێک لە گۆڕێدا نییە."
بڕیاربوو ڕۆژی 10 ی 6 ی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، لەکاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریکردنی لەو هەڵبژاردنەدا ڕەتدەکردەوە، بەڵام سکاڵایەکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە دادگای فیدراڵی عێراق ڕێوشوێنەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا ڕاگرت.
ڕۆژی 7 ی ئەم مانگە، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای سکاڵاکەی مەسرور بارزانی، کارکردنی بە بڕگەی دووهەم لەمادەی دووی سیستەمی تۆمارکردنی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگرت.ئەم سیستەمە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەرچووەو مەسرور بارزانی تانەی لێداوە، ئەمە بووە هۆی دەرچوونی فەرمانێکی سالاری لەلایەن دادگای فیدراڵی و ڕاگرتنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
لە ئێستادا سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان چاوەڕوانی دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانن لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە، چاوەڕوان دەکرێت پرۆسەکە لە مانگی 9 یاخود مانگی 10 ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.
زیاد جەبار، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە لە وادەیەکی نزیکدا، سەرۆکایەتی هەرێم ڕاوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکات یاخود نە، دەبێت بەزووترین کات هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت."
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نوسراوی ژمارە (خ/24/ر.م/82) لەبەرواری 28 ی پێنجی 2024 کە ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، داوای دیاریکردنی وادەیەکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووەو پێشنیاری کردووە لە ڕۆژی 5 ی مانگی 9 ی ئەمساڵ پرۆسەکە ئەنجام بدرێت.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.
هاوکات زیرەک کەمال، راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت،"دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن ڕاوێژی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان دەوێت."
دیاری نەکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدایە، پێشتر زۆربەی لایەنە سیاسییەکان لیستی ناوی کاندیدەکانیان ڕادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردبوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ئەمساڵ، بەڵام پارتی بە پاساوی بوونی "ئەجێندای دەرەکی" بەشداریکردنی لەهەڵبژاردن ڕەتکردەوە.
لە ڕۆژی 2 ی مانگی چواری 2024، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جنین پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند،"پێویستە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئاسایی و یاسایی و دوور لە پێشێلکاری دەستووری و دەستوەردان و دیزاینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و ڕێز لە قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستانیش بگیرێت."
زیاد جەبار، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت،"ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە هەرێم بەرەو واقعێکی خراپ دەبات و کاریگەری لەسەر لاوازبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەو پێیەی پەرلەمانمان نییەو حکومەتیش کاربە ڕێکەرەو لە بۆشایی یاسایی و دەستوریداین."
دەشڵێت،"پێویستە بەزووترین کات هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، تا کێشە ناوخۆیی و کێشەکانمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و حکومەتی عێراق بەپەرلەمان و حکومەتی داهاتوو بسپێرین و قەوارەی هەرێم بە بەهێزی بمێنێتەوە."
ڕۆژی 20 ی پێنجی 2024، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا پێنج کورسی لەکۆی 100 کورسی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆتای پێکهاتەکان دابنرێت، بەشێوەیەک کورسییەکی ئەرمەن بۆ دهۆک، دوو کورسی تورکمان و کریستییان بۆ هەولێر، دوو کورسی تورکمان و کریستییان بۆ سلێمانی تەرخان بکرێت.
Your browser doesn’t support HTML5