Accessibility links

چەقبەستویی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی پەرەدەستێنێت و لەسەر لێکەوتەکانی بۆ قەوارەی هەرێم هۆشیاری دەدرێت


چەقبەستوویی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ چەندین مانگە بەردەوامە و یەکێتی لە دوایین هەڵوێستیدا هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی کرد دژ بە هەوڵەکانی پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن. چاودێرانیش لە ئەگەری بەردەوامی قەیرانەکان ‌هۆشداری لە بچوکبوونەوە و دابەشبوونی تەواوی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدەن.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوێنێ چوارشەممە، 1-5-2024، دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێرێ بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت، "هەموو کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە و هەڵبژاردن دوابخرێت، سكاڵای یاسایی دەکەین."

یەکێتی هەوڵەکانی دواخستنی هەڵبژاردنی بە "ناڕەوا" وەسفکرد و ڕایگەیاند، "بەتووندی ئیدانە و سەرزەنشتی هەر هەوڵێکی تاکڕەوانە و دەنگۆی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەکەین، کە بڕیارە لە 10-6-2024 سازبکرێت."

بەیاننامە توندەکەی یەکێتی لە کاتێکدایە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو، 28-4-2024، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت لە بەغدا کە سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانیش ئامادەی بوو، ڕایگەیاند، "گوێمان لێبووە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن دوادەخات بۆ مانگی دە، ئەمە بابەتێكی تەكنیكییە و لە دەسەڵاتی هەرێمدایە وادەی هەڵبژاردن دیاریبكات و كۆمسیۆنیش پەیوەستدەبێت."

ڕۆژێک دوای ئەم لێدوانەش دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکانی گۆڕانکاری لە کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێم پشتڕاستکردەوە بەڵام باسی دواخستنی هەڵبژاردنی نەکرد و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دەیانەوێت "مافی پێکهاتەکان" بۆ ناو پەرلەمان بگەڕێننەوە.

هەندێک لە چاودێران دەڵێن چەقبەستوویی و ئاڵۆزبوونی زیاتری پرسەکە دەبێتە هۆی زیاتر لاوازبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕێگەخۆشکردن بۆ دەستتێوەردانی دەرەکی.

دکتۆر مەجید ساڵح، ڕاوێژکاری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەگەر یەکێتی و پارتی دڵیان بەوە خۆشە کە یەکتر بچوک دەکەنەوە، ئەوە دەبێت بزانن بەم هەڵوێستەیان یەکتر ناچاردەکەن پاڵبدەنە لایەنی دەرەکی و وڵاتانی تر و ئەمەش بەشیکە لە مەترسی بۆ سەر هەرێم."

گەنجێکی شاری هەولێر نەخشەی هەرێمی کوردستانی هەڵگرتووە لە ڕۆژی ئاڵا لە ساڵی 2015.
گەنجێکی شاری هەولێر نەخشەی هەرێمی کوردستانی هەڵگرتووە لە ڕۆژی ئاڵا لە ساڵی 2015.

وتیشی، "لەمپەری بەردەم هەڵبژاردن و دواکەوتنی مەترسیە گەورەکەی دابەشبوونی خەڵکی هەرێمە و مەترسیدارترە لە هەڕەشەی دەرەکی و تەنانەت لە هەڵوێستی عێراقیش گەر فیدڕاڵی هەرێم هەڵبوەشێننەوە."

بۆیە ئەم ڕاوێژکارەی پەرلەمان پییوایە "هەرچەند درەنگیش بێت، بەڵام [یەکێتی و پارتی] دەبێت واز لەو پەرتەوازەیی و ناکۆکیەی نێوانیان بهێنن."

هەر دوێنێ 1ی مانگی پێنج، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەڵێت پارتی "هیچ کات ترسی لە هەڵبژاردن نەبووە."

وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵوێستی یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا، فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، "هەندێک لایەن و بەتایبەت ئەوانەی ئێستا بەیاننامە دەنووسن، خۆیان باش دەزانن کام لایەن بوو رێگربوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئەوەش دەزانن کە کام لایەنی سیاسی بوو دەیگوت 'ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت، ناهێڵین سندووقەکانی دەنگدان لە دێگەڵە بەولاوە دابنرێت و ناهێڵین لە سنووری سلێمانی هەڵبژاردن بکرێت.'"

بەیاننامەکەی پارتی وەڵامدانەوە بوو بۆ ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشی فرکسیۆنەکانی یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق کە تێیدا ڕۆژی سێشەممە وتیان "بە توندى" هەموو هەوڵێکیان بۆ دواخستنى هەڵبژاردن ڕەتکردەوە.

ئەبوبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتاری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و چاودێری سیاسی دەڵێت بەردەوامبوونی ناکۆکی نێوان دوو حزبە دەستەڵاتدارەکە دەبێتە هۆی زیاتر لاوازکردنی دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و تۆخکردنەوەی دوو ئیدارەیی.

بە ڕای ئەبوبەکرد هەڵەدنی عێراق سود لە لاوازی هەرێم و ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی. ڕایگەیاند، "یەکێک لە هەرە لێکەوتنە خراپەکانی نەمانی دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێم لاواز بوونیەتی بەرامبەر بە بەغدا. بەغدا خۆشحاڵە کە هەرێم لە ناو لیتاوی کێشەکانی ڕۆبچیت. نەمانی متمانە لە نێوان لایەنەکان دەبێتە هۆی ئەوەی بەغدا خۆی وەک فریادڕەس نیشانبدات، ئەم کەلێنانەش بقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی فەرزی هەیمەنەی خۆی زیاتر بەسەر هەرێمدا بکات."

دوای کوژرانی هەزاران هاونیشتیمانی لە ئەنجامی شەڕی براکوژی نێوان یەکێتی و پارتی لە هەرێمی کوردستان، لە بەرواری 7ی مانگی یەکی 2006 جەلال تاڵەبانی سەرۆکی ئەوکاتی یەکێتی و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ڕێککەوتننامەی یەکگرتنەوەی دوو ئیدارەی هەرێمیان ڕاگەیاند.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:13 0:00

XS
SM
MD
LG