Accessibility links

شیرین فواد مەعسوم: کورسی کۆتاکان دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان


شیرین فوئاد مەعسوم
شیرین فوئاد مەعسوم

شیرین فواد مەعسوم، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بڕیارە کورسی کۆتاکان"بە ڕێژەیەکی کەم" بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی عێراق ژمارەی کورسی پەرلەمانی لە 111 کورسییەوە کەمکردەوە بۆ 100 کورسی.

شیرین فواد مەعسوم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کورسی کۆتاکان دەگەڕێتەوە، هەڵبەت بە ڕێژەیەکی کەمتر. لە کۆتاییدا پێکهاتەی تورکمان و مەسیحی و ئەوانەی تریش زەرەرمەندی یەکەم دەبن، کە بە داخەوە هێزێکی ئەقلیمی ئەو بڕیارەی بۆ بەرژەوەندی حزبێکی ناوخۆی کوردستان داوە."

شیرین فواد مەعسوم ئاماژەی دا گۆڕانکارییەکی وەها لە ژێر فشاری وڵاتانی تر ئەنجامدەدرێت کە لە ئاراستەی گۆڕانکارییەکان نیگەرانن.

کادیرە پێشکەوتووەکەی پارتی وتی، "وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا بە فەرمی و نافەرمی هۆشدارییان داوا بۆ کورسی کۆتای مەسیحییەکان، هەروەها تورکیاش ئەو پەیامەی لە بارەی تورکمانەکانەوە گەیاند."

دەنگی ئەمەریکا ڕاستەوخۆ نەیتوانیوە ئەم زانیارییە لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پشتڕاستبکاتەوە.

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە گوتەبێژی سەرۆکایتی هەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمەریکای نەداوەتەوە لەسەر ئەم پرسە.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئاگاداری ئەم بابەتە نییە.

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە 21ی مانگی دووی ئەمساڵ، سەبارەت بە نەمانی کورسی کۆتاکان و گۆڕینی سیستەمی هەڵبژاردنی پەلەمانی کوردستان، ڕۆژی 3ی مانگی سێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومی سەرۆکایەتی تایبەتی دەرکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و 10ی مانگی شەشی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دیاریکرد.

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕۆژی 18ی مانگی سێ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بە نادەستوری ناوبردن و ڕایگەیاند "بە شداری هەڵبژاردنێک ناکەین کە بە نایاسایی بڕیاری لەبارەوە درابێت."

شیرین فواد مەعسوم، کچی سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق و کادری پێشکەوتووی ئێستای پارتی دیموکراتی کوردستان سەربارەت بە هەڵوێستی پارتی رایگەیاند، "پارتی نە دەزانێت سازش چیە و نە دەشیکات بۆ هیچ حزب و لایەن و کەسێک. تاکە شت بیەوێت قوربانی بۆ بدات و ڕێککەوتنی لەگەڵ بکات مافی خەڵکە. بۆیە هەڵبژاردن بە بێ پارتی لەو کاتەی دیاریکراوە ئەنجام نادرێت. هەربۆیە بانگەشەی هەڵبژاردن ناکرێت و لە هیچ ماڵێکیش سندوقی دەنگدان دانانرێت، بەڵکو دڵنیابن بۆ ماوەی چەند مانگێک هەڵبژاردن دوادەخرێت."

وتیشی، "پارتی یەک ڕێبازی هەیە ئیشی لەسەر دەکات ئەویش خۆنەچەماندنە، تەنیاش بۆ خوا خۆی دەچەمێنێتەوە. بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان سوورە لەسەر داواکارییەکانی، چونکە بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی پارتی، پێکهاتەکان پارێزراو دەبن و هەموو تاکێکیش بە ئازادانە دەنگ دەدات و هەڵبژاردنکیش دەکرێت کە کەس پێشوەختە نەخشەی بۆ دانەنابێت."

گوتەبێژی سەرۆکایتی هەرێمی کوردستان ئەمرۆ چوار شەممە، 24-4-2024، ڕایگەیاند پێویستە هەبوونی پەرلەمانێک کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی کوردستان بکات لە سەرووی هەموو پرسێکی ترەوە بێت.

دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بەم نزیکانە" سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغداد دەکات بە مەبەستی بەشداریکردن لە كۆبوونەوەیەكی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بارەی هەڵبژاردنەکان.

گوتیشی، "زیانێکی زۆر لە هەرێم کەوت لە ئەنجامی ئەو ناکۆکییانەی لەسەر پرسی هەڵبژاردن هەبوون، لەسەر یاسا هەبوون، لەسەر کۆمسیۆن هەبوون."

سەبارەت بەوەی پرسی کۆتای پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا، تا چەندێک لەم سەردانەدا گرنگی پێدەدرێت، دڵشاد شەهاب گوتی "بێگومان هەموو ڕێگەیەک دەگرینە بەر هەر ڕێکارێکی پێویست بێت بۆ (دڵیابوون لەوەی) بەشداری پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کاریگەر و کارایە و تابلۆیەکی جوانی هەرێمی کوردستانە."

سەرەڕای هەوڵەکانی پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژراردن، بەڵام یەکێتی سورە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لەکات و ساتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت.

لۆگۆی پارتی و یەکێتی
لۆگۆی پارتی و یەکێتی

حاکم سابیر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەرپرسی بۆردی هەڵبژاردنی ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەکێتی خۆی بەتەواوی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادەکردووە و پابەندە بەو ڕێکەوتەی کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ هەڵبژاردن دیاریکردووە."

وتیشی،" هیچ مەرجێکمان نیە بۆئەوەی هەڵبژاردن دوا بخرێت بۆ کاتێکی تر، بەڵکو چاوەڕوانی ئەوەین لەکاتی خۆیدا بکرێت."

سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی هەرێم لە کاتێکدایە ڕۆژی 6-4-2024 نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە جیا سەردانی بەغدایانکرد و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە بۆ گفتووگۆکردن لەسەر لەمپەرەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:45 0:00
XS
SM
MD
LG