Accessibility links

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان: ناکۆکییەکان لەسەرهەڵبژاردن زیانی زۆری بە هەرێم گەیاندووە


گوتەبێژی سەرۆکایتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند پێویستە هەبوونی پەرلەمانێکی کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی سەرجەم چین و توێژەکانی گەلی کوردستان بکات لە سەرووی هەموو پرسێکی ترەوە بێت.

دڵشاد شەهاب ڕۆژی چوارشەممە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەوانان جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکایەتی هەرێم پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا هەیە و پرسی هەڵبژاردن و چارەسەری ئەو بۆشاییەی بە هۆی کارانەبوونی پەرلەمانەوە دروست بووە یەكێکە لە " ئەولەویەتی گرنگیپێدانەکانی جەنابی سەرۆکە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو گرفتە بکرێت و هەتا زووە ئەو بۆشاییە پڕبکرێتەوە."

هەروەها گوتیشی سەرۆکی هەرێم داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات پرسی کوردستان و هەبوونی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە سەرووی ململانێ سیاسییەکانەوە سەیربکرێت گوتیشی " زیانێکی زۆر لە هەرێم کەوت لە ئەنجامی ئەو ناکۆکییانەی لەسەر پرسی هەڵبژاردن هەبوون، لەسەر یاسا هەبوون، لەسەر کۆمسیۆن هەبوون."

ڕۆژی 10ی مانگی 6ی ساڵی 2024، وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

پارتی و چەند حزبێکی پێکهاتەکان بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕەتدەکەنەوە و داوای دواخستنی دەکەن تا ئەوکاتەی تێبینییەکانیان بە هەند وەردەگیرێت، لەکاتێکدا یەکێتی و بەشێکی تر لە هێزو لایەنەکان پشتگیری هەڵبژاردن دەکەن لە وادەی خۆیدا.

دڵشاد شەهاب ڕایشیگەیاند بەم نزیکانە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەکات بە مەبەستی بەشداریکردن لە كۆبوونەوەیەكی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.

سەبارەت بەوەی پرسی کۆتای پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا تا چەندێک لەم سەردانەدا گرنگی پێدەدرێت، دڵشاد شەهاب گوتی "بێگومان هەبوو ڕێگەیەک دەگرینە بەر هەر ڕێکارێکی پێویست بێت بۆ (دڵیابوون لەوەی) بەشداری پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کاریگەر و کارایە و تابلۆیەکی جوانی هەرێمی کوردستانە."

ڕۆژی 6ی مانگی 4ی 2024، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوە بۆ گفتووگۆکردن لەسەر لە مپەرەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ڕۆژی 21 ی مانگی 2 ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق دوو سکاڵای یاسایی لەسەر یاسای هەڵبژاردن و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم یەکلایی کردەوە، سکاڵای یەکەمیان لەلایەن فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سکاڵای دووەمیان لەلایەن سێ هاووڵاتی دانیشتووی هەرێمەوە تۆمارکرابوون.

ئەنجامی سکاڵاکەی یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی لێکەوتەوە.

XS
SM
MD
LG