Accessibility links

بەرپرسێکی باڵای هەرێم بۆ VOA: ئەردۆغان پێی وتین لە کاتە سەختەکاندا لەگەڵتان بووین و لەگەڵتان دەمێنینەوە


کۆبوونەوەی بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان
کۆبوونەوەی بەرپرسانی هەرێم لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەشداربووە لە کۆبوونەوەی نێوان سەکردەکانی هەرێم لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، سەرۆک کۆماری تورکیا لە سەردانەکەیدا بۆ هەولێر داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدای کردووە.

بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەردۆغان پێی وتین هەوڵ دەدەین کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێت، چونکە کێشەکان لە خزمەتی سەقامگیری ناوچەکەدا نین. ئەردۆغان جەختیشیکردەوە بەرژەوەندی هاوبەشیان لەگەڵ عێراق هەیە و نایانەوێت کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام بن."

ڕۆژی 22-4-2024، ئەردۆغان سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق 26 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، ڕێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆ کرد.

ئێوارەی هەمان ڕۆژ سەرۆکی تورکیا سەردانی شاری هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمدا کۆبوویەوە.

بەرپرسەکە باڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، "ئەردۆغان وتی لە ڕۆژە سەختەکاندا لەگەڵتان بووین و ئێستاش لەگەڵتانین."

سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە فرۆکەخانەی هەولێر پێشوازی لە سەرۆکی تورکیا دەکەن لە ڕۆژی 22-4-2024.
سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە فرۆکەخانەی هەولێر پێشوازی لە سەرۆکی تورکیا دەکەن لە ڕۆژی 22-4-2024.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی نێوان وەفدی هەرێم و سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، داوای لە ئەردۆغان کردووە پێداچوونەوە بکەن بە بڕیاری داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا.

بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی هەرێم دەڵێت، "لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی بە ئەردۆغانی وت، ئەوەی لەسەر سلێمانی دەوترێت ڕاست نییە و داوای دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی نێوان تورکیا و سلێمانی کرد، بەڵام ئەردۆغان بەڵێنێکی ئەوتۆی نەدا."

دەشڵێت،" قوباد تاڵەبانی لە کاتی قسەکردنیدا بە ئامادەبوونی ئەردۆغان باسی لە ڕۆڵی مام جەلال و پەیوەندی مێژوویی لەگەڵ تورکیا کرد، کە مام جەلال دروستکەری پەیوەندییەکان بووە."

ڕۆژی 21-2-2024 دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمکردەوە و کورسی پێکهاتەکانی لابرد.

بەرپرسە باڵاکەی هەرێمی کوردستان وتی، "ئەردۆغان وتی پێویستە تورکمان لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک و بەغداو هەرێمیش بەشدارییان پێبکرێت."

بەپێی سایتی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا لە هەموو بوارەکاندا گەیاندووەتە سەرۆکی تورکیا. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتیش جەختی لە ئامادەیی هەرێم بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و هاریکاری ئابووری و بازرگانی لەگەڵ تورکیا کردووتەوە.

ساتی دەنگدانی ڕەجەب تەیب ئەرۆغان لە ئیستانبوڵ بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ڕۆژی 31-3-2024.
ساتی دەنگدانی ڕەجەب تەیب ئەرۆغان لە ئیستانبوڵ بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ڕۆژی 31-3-2024.

بەرپرسە باڵاکەی هەرێم دەڵێت، "ئەردۆغان وەکو پاڵپشتییەک بۆ هەرێم سەردانی هەولێری کرد. کاتێک لەگەڵی دانیشتین هەستمان بە بەهێزی دەسەڵاتی کرد لە وڵاتەکەی هەرچەندە لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەدا پارتەکەی شکستی هێنا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:47 0:00

XS
SM
MD
LG