سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، بە لەبەرچاوگرتنی "واقعی سیاسی هەرێمی کوردستان" بزوتنەوەکە پێیوایە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە سەقامگیری سیاسی و ڕەزامەندی "هەموو لایەنەکان" هەیە.
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڕیارە لە 10ی مانگی شەش ئەنجامبدرێت، بەڵام بڕیاری پارتی و چەند حزبێکی پێکهاتەکان بۆ بایکۆتی پرۆسەکە ئەگەری دووبارە دواخستنەوەی هەڵبژاردنی دروستکردووە.
یاسین حەمە عەلی، سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە ڕاشکاوی وتوومانە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و لەمپەری لە بەردەمدا دروست نەکرێت، هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموکراسی پەکی نەکەوێت. وەک گۆڕان هیچ کات لەمپەر نەبووین لەبەردەم ئەم پرۆسەیە، بەڵکو ناکۆکی نێوان لایەنەکان هۆکار بووە لەبەردەم پرۆسەکەدا."
وتیشی،" جەخت لە هەڵوێستەکانی خۆمان دەکەینەوە هیوادارین هیچ لەمپەرێک لەبەردەم هەڵبژاردن دروست نەکریت، بەڵام واقعی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەوەمان پێدەڵێت کە گرنگە سەقامگیری هەبێت ئینجا پرۆسەکە بەڕێوەبچێت."
سەرپەرشتیاری ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، "ئەگەر بمانەوێت پرۆسەیەکی سەرکەوتوو لە هەرێم ئەنجامبدرێت پێویستە ڕەزامەندی هەموو لایەنەکانی لەسەربێت."
یەکێتی و چەند لایەنێکی تری هەرێمی کوردستان جەختدەکەنەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت ئامادەکاری تەواوی بۆ پرۆسەکە کردووە.
بەڵام دوێنێ 28-4-2024 نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت کە سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی ئامادەی بوو، ڕایگەیاند، " گوێمان لێبووە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەڵبژاردن دوادەخات بۆ مانگی دە، ئەمە بابەتێكی تەكنیكییە و لە دەسەڵاتی هەرێمدایە وادەی هەڵبژاردن دیاریبكات و كۆمسیۆنیش پەیوەست دەبێت."
دەنگی ئەمەریکا بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم پرسە پەیوەندیکرد بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەڵام دوای چەندین جار هەوڵەکان بێئەنجام بوون.
دەمگۆی دواخستنەکە لە کاتێکدایە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت سەردانی بەغدای کرد و چەندین دیداری سیاسی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی عێراق و لایەنەکان ئەنجامدا.
بە گوێرەی ڕاگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکاندا نێچیرڤان بارزانی "بودجه و شایسته دارایییهکانی ههرێمی کوردستان، پشتیوانی له جێیهجێکردنی ڕێککهوتنه سیاسییهکان و کارنامهی حکوومهتی عێراقی فیدراڵ، دۆخى ههرێمى كوردستان و ههڵبژاردنى پهرلهمانى كوردستان" و چەندین بابەتی تری تاوتوێ کردووە.
بەردەوام یەکێتی و چەند لایەنی تر ئامادەیی خۆیان بۆ هەڵبژاردن پیشاندەدەن، بەڵام بەشداری نەکردنی پارتی بە یەکێک لە کێشەکانی بەردەم پرۆسەکە هەژمار دەکرێت، بەو پێیەی پارتی خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانییە.
بەرپرسەکەی گۆڕان وێرای جەختکردنەوە لە سازانی نێوان لایەنەکان، پێی وایە ئەم پرسە نیشتیمانیە و پێویستی بە سەقامگیری هەیە و ڕۆڵی حزبەکەشی بە "هۆکاری خێر" لە نێوان لایەنەکان ناودەبات.
یاسین حەمە عەلی ڕایگەیاند، "هەر بابەتێک ڕەهەندی نیشتیمانی هەبێت، پێویستە بە سازانی نێوان لایەنەکان یەکلا بکرێتەوە، بەداخەوە ئەو سازانە دروستنەبووە، بەڵام گرنگە سەقامگیری هەبێت بۆئەوەی پرۆسەیەکی پاک و بێگەرد لە هەرێم ئەنجامبدرێت."
وتیشی، "لای بزوتنەوەی گۆڕان ستراتیژ نەگۆڕە نابێت لەژێر هیچ بیانو و پاساوێکدا پرۆسەی دیموکراسی پەکی بخرێت و لەمپەری بۆ دروست ببێت، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی دامەزراوە شەرعیەکای هەرێم نەکەونە بۆشایی یاساییەوە."