Accessibility links

سەرۆکایەتی هەرێم بۆ VOA: لە هەوڵداین بۆ گێڕانەوەی کورسی پێکهاتەکان بۆ پەرلەمان


وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی گۆڕانکاری لە کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێم پشتڕاستکردەوە و بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دەیانەوێت "مافی پێکهاتەکان" بۆ ناو پەرلەمان بگەڕێننەوە.

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەلای هەموو لایەنەکانەوە گەرەنتی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرنگە، ئاراستەیەکی دروست هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە. دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و لابردنی کورسی پێکهاتەکان، پێکهاتەکان لیستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن پێشکەش نەکردووە، سەرۆکایەتی هەرێم لەهەوڵدایە ئەو مافەیان بۆ بگێڕدرێتەوە."

ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024 دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یەکلایی کردەوە. ئەنجامی سکاڵاکە لابردنی کورسی پێکهاتەکان و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی لێکەوتەوە و شێوازی هەڵبژاردنیشی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی گۆڕی.

تا ئێستا ڕوون نییە لێکەوتەکانی گێڕانەوەی کورسییەکانی پێکهاتەکات لەسەر دادگای فیدراڵی عێراق چی دەبن و بڕیارێکی وەها چون دەبێت، بەو پێیەی بڕیارەکانی دادگاکە لە ڕووی یاساییەوە کۆتایین و شیانی تانە لێدان نین.

سەرۆکایەتی هەرێم ئەوەی پشتڕاستنەکردەوە کە بڕیاری گێڕانەوەی کورسییەکان دراوە دوای سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا.

دڵشاد شەهاب وتی، "جەنابی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هەموو دەسەڵاتە فیدراڵییەکان گفتووگۆی کرد، هەموویان تێگەیشتنیان هەیە و بە مافی پێکهاتەکانی دەزانن. نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەر هێڵە و پێشنیاریان بۆ چارەسەر هەیە و لە گفتووگۆداین لەسەر کۆی پرۆسەکە، ئومێدەوارین بگەینە چارەسەر."

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق نیگەرانییان لای پارتی دیموکراتی کوردستان دروستکردووە و ڕەتیدەکاتەوە بەشداری لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکات، کە بڕیارە لە ڕۆژی 10ی مانگی شەش ئەنجامبدرێت.

وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە، پەرلەمانی کوردستان کارا نییە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم نەماوە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بۆیە پێویستیان بە هەماهەنگییە لەگەڵ لایەنەکان.

دڵشاد شەهاب وتی، "هەمان ئاراستەمان هەیە و دەمانەوێت بۆ هەڵبژاردن ڕاوێژ لەگەڵ لایەنەکان بکەین، دەمانەوێت هەموو لایەنەکان بەشداربن و گەرەنتی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بکەین، ئەمە ئامانجی سەرۆکایەتی هەرێمە و چی پێویستبکات ئەنجامی دەدەین و ئاراستەکەشمان ڕێچکەی باشی وەرگرتووە."

ئەو وتیشی، "سەرۆکایەتی هەرێم هێڵی گەرمی پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکان هەیە و بۆ هەر پرسێکی ناوخۆیی گفتووگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکەین. لایەن و دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی عێراقیش بەدەنگەوە هاتنی باشیان بۆ سەردانەکەی سەرۆکی هەیە، سەردانەکە بۆ زامنکردنی مافە دەستوریی و یاسایی و داراییەکانی هەرێم گرنگە، گرنگیشە بۆ بەشداری کاریگەری هەرێم لە پرۆسەی سیاسی عێراق."

دادگای فیدڕاڵی عێراق لە بڕیارەکانی ڕۆژی 21ی مانگی چواری 2024 هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی پابەندکرد بەچەندین بڕیاری کارگێڕی و دارایی بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

دڵشاد شەهاب لەمبارەوە دەڵێت، "مەبدەئی جێگیر لای لایەنە عێراقییەکان ئەوەیە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام بێت، هەندێک وردەکاری هونەری پەیوەندیدار بە مەسەلەی بە بانکیکردنی مووچە و بڕیاری دادگا هەن، دەبێت ئەم پرسانە لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا یەکلایی بکرێنەوە."

هەروەها وتیشی، "لە کاتێکدا سەرۆکی هەرێم ئێستا سەرقاڵی گفتووگۆیە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، وەفدێکی هونەری حکومەتی هەرێم بۆ وردەکارییەکان لەبەغدایە و گفتووگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی دەکات بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پرسەکان. چارەسەرکردنی پرسەکان ئاراستەیەکی دروستیان وەرگرتووە و لێکتێگەیشتنی باش هەن و چاوەڕوانی ئەنجامی ئەرێنی دەکەین."

حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە ڕێوشوێنە داراییەکان بۆ دابەشکردنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی "هەژماری من" دەکات، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق دەیەوێت مووچە لە ڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە ڕەوانە بکات، ئەمەش یەکێکە لەو پرسانەی هێشتا لەنێوان هەرێم و بەغدا گفتووگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وتی، "گرنگترین شت ئەوەیە مووچە بە گەرەنتییەوە بگاتە دەست هەموو مووچەخۆرێک لە ڕێگەی بانکەوە، ئەو بانکانەی بەشداری ئەم پرۆسەیە دەکەن ئەوانەن لای بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عێراق جێگەی متمانەن، بۆ وردەکارییە تەکنیکییەکان دەگەینە ئەنجام.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:07 0:00

XS
SM
MD
LG