سەرکردەیەکی تورکمان: ڕەنگە سەرۆک وەزیرانی عێراق خۆی پارێزگارێک بۆ کەرکوک دابنێت

کۆبوونەوەی چەند هاوڵاتییەکی کەرکوک لەبەردەم پەیکەری پێشمەرگە لە 23ی نۆی 2017. دوای ڕیفراندۆم ئاڵای کوردستان لەسەر پەیکەرەکە لابرا و ئاڵای عێراق لە جێگەی هەڵکرا.

سەرکردەیەکی سیاسی تورکمان لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکهاتەکانی کەرکوکی ئاگادار کردووەتەوە گەر ڕێکنەکەون لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە، خۆی دەستوەردان دەکات، وە بۆیە ڕەنگە خۆی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگار دەستنیشان بکات تا ئەوکاتەی پێکهاتەکان ڕێکدەکەون.

سەرۆکی کوتلەی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش ڕەتیدەکاتەوە ڕێککەوتن لە نێوان لایەنەکان هەبێت لەسەر ئەم پرسە و دەڵێت سەرۆکوەزیرانی عێراق "مەگەر وەزیرێک یاخود کەسێک دەستنیشان بکات بۆ سەرپەرشتیکردنی کەرکوک."

نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لایەنەکانی کەرکوک پابەند نابن بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و هیچ لایەنێک لە سەقفی داواکارییەکانی دانابەزێت، بۆیە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاگاداری کردووەنەتەوە خۆی دەستوەردان دەکات."

ڕۆژی 18 ی 12 ی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردندا، هێشتا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوەی ئەنجام نەداوەو لایەنەکانیش لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی ڕێکنەکەوتوون.

ڕۆژی 29 ی پێنجی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمەبەستی نزیککردنەوەی لایەنەکان لەیەکتری بۆ سێییەم جار لەگەڵ نوێنەری کوردو عەرەب و تورکمان کۆبوویەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بە بێ ئەنجام کۆتایی هات.

نەجات حسێن دەڵێت،"گەر سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی پارێزگارێکی کاتی بۆ کەرکوک دابنێت، تا ئەوکاتەی پێکهاتەکان لەسەر پۆستی پارێزگار ڕێکدەکەون چارەسەرێکی گونجاوە و ئەم ئەگەرەش دوور نییە."

دەشڵێت، "دۆخی ئێستاو ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان لە بەرژەوەندی پێکهاتەی عەرەبە چونکە پۆستی پارێزگاریان لایە، بەڵام گەر سەرۆکوەزیران خۆی کەسێک وەکو پارێزگاری کاتی دابنێت، پێکهاتەکان ناچارن ڕێکبکەون."

لەکۆبوونەوەی نێوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و نوێنەری لایەنەکانی کەرکوک کە ڕۆژی 29ی پێنجی 2024 ئەنجامدرا، ناکۆکی لە نێوان نوێنەری پارتی و یەکێتیدا دروستبوو، کاتێک نوێنەری پارتی پشتگیری پێشنیارێکی کردبوو بۆ بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگار بە نۆرە لە نێوان پێکهاتەکاندا.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەبی سونە 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش تەنها کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە.

دیمەنی کۆبوونەوەیەکی ڕابردووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک

هیچ لایەنێک ناتوانێت بە بێ ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی تردا حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنێت، بەو پێیەی هیچکام لە پێکهاتەکان نیوە کۆ یەکی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی بەدەست نەهێناوە، ئەمەش وایکردووە لایەنەکان پێداگری لەسەر خواستەکانیان بکەن و ڕێککەوتن ئەستەم بێت.

دوێنێ یەکشەممە، 2ی شەشی 2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "بەمنزیکانە پارێزگارێک بۆ کەرکوک هەڵدەبژێردرێت کە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان بێت و خزمەتی کەرکوک بکات."

بەڵام حەسەن محەمەد، سەرۆکی کوتلەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوکدا واژۆی لەسەر نەکراوە."

لە حاڵەتی بوونی ڕێککەوتن لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان، کوتلەی سیادە بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر و بەرەی تورکمانیشدا هێشتا ناتوانن حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن، بەو پێیەی ژمارەی کورسییەکانیان دەگاتە 7 کورسی، بەو پێیەی کوتلەی تەقەدوم و عەزمی عەرەبی سونە کە ناکۆکن لەگەڵ کوتلەی سیادەدا خاوەنی 3 کورسی ئەنجومەنی پارێزگان و بەشێک نین لە ڕێککەوتنەکە.

یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کە خاوەنی 5 کورسییە و نزیکایەتی لەگەڵ کوتلەی بابلیۆنیشدا هەیە کە خاوەنی کورسییەکە، ناتوانێت بە بێ هاوپەیمانێتیکردن حکومەتی خۆجێیی کەرکوک پێکبهێنێت.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە ڕەوەند مەلا مەحمود بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.

سەبارەت بە ئەگەری دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان، حەسەن محەمەد سەرۆکی کوتلەی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەڵێت ،"باوەڕ ناکەم سەرۆکوەزیران بتوانێت پارێزگار بۆ کەرکوک دابنێت، مەگەر وەزیرێک یاخود کەسێک دەستنیشان بکات بۆ سەرپەرشتیکردنی کەرکوک."

پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە هۆکاری ڕێکنەکەوتن و گرێکوێرەی نێوان لایەنەکان دادەنرێت، بەو پێیەی عەرەبی سونە نایەوێت دەستبەرداری بێت و کوردیش بە تایبەت یەکێتی داوایدەکات، لەکاتێکدا کوتلەی تورکمانی داوادەکات پۆستەکە بە نۆرە لای پێکهاتەکان بێت.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر