سەرچاوەیەکی حکومەتی هەرێم: ناردنی مووچەی گشتی بەبێ هێزە ئاسایشییەکان مەترسیدارە و بۆ تێکدانی هەرێمە

سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری دواکەوتنی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بە "سیاسی" ناودەبات و ڕایدەگەیەنێت، دواخستنی ناردنی لیستی مووچەخۆرانی مانگی پێنج بۆ بەغدا بۆ ئەوە بووە هەتا مووچەی هێزە ئەمنیەکان نەنێردرێت نایانەوێت مووچەی گشتی دابەش بکرێت، "چونکە مەترسیدارە بۆسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاسایش بەو مانایەی دەستێکە لە پشت تێکدانی ئاسایشی هەرێمەوە."

سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێم کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لیستی مووچەی ئەم مانگە درەنگ نێردرا بۆ بەغدا، چونکە وەک حکومەت سەرنجمان لەسەر ئەوە بوو مووچەی گشتی دابەش نەکرێت؛ تا موچەی هێزە ئەمنیەکان دەنێردرێت، چونکە دەمانەوێت یەک پاکێج بێت، چی ئەمنی چی مەدەنی."

وتیشی، "ئێستا کۆمەڵگە دابەش بووە، چونکە مووچەی ئەمنی دوو مانگە دابەشنەکراوە. پێش جەژن هی مووچەخۆری گشتی دابەشبکرێتەوە کەواتە مەدەنی دوو مووچەی وەرگرت بەڵام ئەمنی هیچی وەرنەگرتووە، ئەوە خەتەرە لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بەو مانایەی دەستێکە لەپشت تێکدانی هەرێمەوە لە ڕووی ئەمنی و کۆمەڵایەتییەوە."

ماوەی نزیکی دوو مانگ تێدەپەڕێت بەسەر دواکەوتنی مووچەی مانگی چواری بەشێکی زۆر لە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی هەرێمدا و تا ئێستاش دیار نییە کەی مووچەکانیان لەلایەن بەغدادەوە دەنێردرێت.

لیوا ڕوکن بەختیار ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەفتەی ڕابردوو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " تەنها سەرچاوەی پێشمەرگە مووچەکەیەتی، نەهاتنی مووچە کاریگەری لەسەر دۆخی پێشمەرگە دەبێت، هەم لە ڕووی دەروونی هەم لە ڕووی ژیانی."

وتیشی، " کە مووچە دوادەکەوێت کار لەسەر ئیلتیزامەکانی پێشمەرگە دەکات، بەڵام وەک کێشە تا ئێستا نەبووە و مەترسی خۆپیشاندانیش دروست نەبووە چونکە پێشمەرگە هێزێکی بە دیسیپلینە."

پێشتریش دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە ڕۆژی 21ی دووی 2024، تایبەت بە شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، جارێکی تر مووچەی مووچەخۆران دواکەوت، ئەوکاتیش حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند ئامادەنین لیستی مووچەی هێزە ئەمنیەکان ڕادەستی بەغداد بکەن بە هۆکاری مەترسی لەسەر "ئاسایشی نیشتیمانی"، بەڵام دوای سێ هەفتە لە نەناردنی لیستەکە، سەرۆکی هەرێم سەردانی بەغدادی کرد و کێشەکە چارەسەرکرا.

دیمەنی کۆمەڵێک پێشمەرگە و فەرماندەی کوردە لە ناوچەی بەعشیقە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە ڕۆژی 7ی یازدەی 2016.

بۆیە هەریەکە لە مانگەکانی دوو، سێ حکومەتی هەرێم کۆدی مووچەی هێزە ئەمنیەکانی ڕادەستی بەغداد کردبوو بە مەبەستی ناردنی مووچەکانیان، بەڵام لە مانگی چوارەوە مووچەی هێزە ئەمنیەکان کێشەی تێکەوت.هەرچەندە حکومەتی ناوەندی دەڵێت سەرقاڵی وردبینی بوون لەو کۆدانەی کە هەرێم ناردوویەتی، بەڵام ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق هۆکاری دواکەوتنەکە بۆ نەناردنی ناو و لیستی هێزە ئەمنییەکان دەگێڕێتەوە.

سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەرێم لیستی مووچەخۆرانی ئەمنی نەناردووە ، بەڵکو کۆدی ناردووە. کۆد هیچ مانایەکی نییە، چونکە هیچ وردەکاریەکی تێدا نییە، کەواتە کێشەی سەرەکی نەناردنی لیستە."

وتیشی، "چارەسەری ئەم کێشەیە ئاسانە، کێشەکە مەترسی ئەمنی قەومی نییە، بەس لیستی هێزە ئەمنیەکان بنێرن کێشەکە چارەسەر دەبێت و دەتوانن هەردوو حکومەت لەسەر ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش ڕێکەوتن بکەن."

بەڵام سەرچاوەکەی حکومەت دەڵێت کێشەکە "تەواو سیاسییە" نەک کۆد و ناوی ئەو هێزانە، چونکە پێشتر لەسەر کۆدەکە لەگەڵ عێراق ڕێکەوتن کراوە و دوو مووچەش بەو میکانیزمە نێردراوە.

سەرچاوەکە دەڵێت، "پێشتر لەگەڵ عێراق ڕیکەوتنمان کردووە کە بە کۆد بێت، بۆیە لیست نەنێردراوە، چونکە هێزە ئەمنیەکانی عێراقیش هەروایە. ئەگەر کێشە هەبێت بۆ مانگی دوو و سێ بە کۆد نێردرا، بەڵام ئێستا نانێردرێت؟"

وتیشی،" لە ئێستادا چاودێری دارایی عێراق وردبینی هێزە ئەمنیەکانی تەواو کردووە و ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی کردووە و چاوەڕێی بڕیاری ئەوانە، بۆیە هاتنی مووچەی هێزە ئەمنیەکان لە دەقە و سەعاتدایە."

سەرەڕای دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، ناردنی لیستی مووچەخۆرانی گشتیش ئەم مانگە دوا کەوت و دوێنێ 5ی پێنج وەزرەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاند لیستەکەی ڕادەستی بەغدا کرد.

ئەمڕۆش بەشێک لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە گوایە رێکارەکانی ناردنی پارەی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەستیپێکردووە.

بەڵام سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئەو هەواڵانە بە دوور دەزانێت گومان دەخاتە سەر مەبەستی بەغدا و ڕایدەگەیەنێت، "دوێنێ لیستی مووچەی مووچە خۆران لەلایەن وەزارەتی داراییەوە نێردراوە باورڕمان نییە وردبینی کرابێت. مانگ هەیە لیستەکە بە هەفتەیەک ناکرێت ئەم هەفتەیە چۆن بە ڕۆژێک کرا؟"

وتیشی، "جاری تریش ئەمە بەرامبەر هەرێم کراوە، بەڵام دواتر لەژێر فشارا مووچە نێردراوە، پێشتر داهات و نەوت هەبوو بەرچاومان ڕوون بوو، بەس ئێستا وانییە. ئەوە چل ڕۆژە لیستیان لەلایە نەیانتوانی وردبینی بکەن؟"