ئەمڕۆ سێشەممە، 4ی شەشی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی کەرتی گشتی بۆ بەغدا نارد.
وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە ڕاگەیێنداوێکی کورتدا هەواڵەکەی ڕاگەیاندووە و دەڵێت، "لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا."
تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی پێنجی کەرتی گشتی دابیننەکرداوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆری وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی تر مووچەی مانگی چواریشیان وەرنەگرتووە.
حکومەتی عێراق یەکێک لە مەرجەکانی ناردنی مووچەی بۆ هەرێمی کوردستان بەستۆتەوە بە ناردنی لیستی مانگانەی مووچەخۆران.
لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی لە ڕابردوودا لیستی مووچەخۆرانی نزیکی 20ی هەر مانگێک دەنارد، تا ئێستا لەسەر هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مانگی پێنج هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.
ئاریان تاوەگۆزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی نەوەی نوێ دوێنێ لە لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " بە پێ یاسا، دەبێت هەموو پارێزگاکان کە لە خشتەی بودجە پارە وەردەگرن، دوو لیست مانگانە بنێرن، یەکێکیان لیستی مووچەیە و ئەوی دیکەیان لیستی خەرجییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو مانگەکان لیستەکانی دوادەخات."
ئاریان تاوەگۆزی وتیشی، "تا ئێستا لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە مووچەخۆری مەدەنین، نەگەشتووەتە بەغدا. بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە ئێمە دراون، حکومەتی هەرێم ناردنی لیستی [مانگی پێنجی ] مووچەی بەستووەتەوە بە ناردنی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەکان."