Accessibility links

دەنگی ئەمەریکا زانیویەتی حکومەتی هەرێم هەتا ئێستا لیستی مووچەخۆرانی مانگی پێنجی بۆ بەغدا نەناردووە


KRG
KRG

چەند سەرچاوەیەکی پەرلەمانی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەو زانیارییەیان پشتڕاستکردەوە، تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەخۆرانی بۆ مانگی پێنج نەناردووەتە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش هۆکارەکەی دەگێڕێتەوە بۆ دواکەوتنی مووچەی مانگی چواری وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی تر.

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەهۆی تەواونەبوونی وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و ئەو تێبینیانەی لەسەر لیستەکە هەیە، مووچەی هێزە ئەمنییەکان دواکەوتووە.

نەرمین مەعروف لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ پێیان ووتم، تا ئێستا لیستی مووچەی مانگی پێنج لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نەنێردراوە بۆ حکومەتی فیدڕاڵ."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی، "بەهۆی تەواونەبوونی وردبینی لە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و ئەو تێبینیانەی وەزارەتی دارایی هەیەتی لەسەر زانیاری و لیستی مووچەکانیان، ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان دواکەوتووە و تا ئێستاش هیچ وادەیەک بۆ ناردنی مووچەکانیان دیارینەکراوە."

ئەمڕۆ دووشەممە، 3ی مانگی شەشی 2024، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکدا خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024ی پەسەندکرد و مووچەی کەرتی گشتی هەرێمی کوردستانی لە خەرجی کرداریەوە خستە سەر خشتەکانی بودجە، بەوەش چاوەڕواندەکرێت کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەربکرێت.

بە ئاماده‌بوونی 199 په‌رله‌مانتار، ده‌نگ له‌سه‌ر خشته‌كانی (أ/ب/ج/د/هـ/و) دراوە، خشته‌ی (أ) تایبه‌ته‌ به‌ داهات وخشته‌ی (ب) تایبه‌ت كراوه‌ به‌ خه‌رجییه‌كان به‌ گوێره‌ی وه‌زاره‌ته‌كان وخشته‌ی (ج) په‌یوه‌سته‌ به‌ هێزی كاری ئه‌و وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگانه‌ی کە لەناوەندەوە پاره‌دار ده‌كرێن. خشته‌ی (د) تایبه‌ت كراوه بۆ خه‌رجییه‌كانی حاكیمه و خشته‌ی (هـ) هه‌ژماره‌ سه‌ره‌كییه‌كان (به‌شه‌كان)ـی له‌ خۆ گرتووه‌ و خشته‌ی (و)ـیش تایبه‌ت به‌ خه‌رجییه‌كان به‌ گوێره‌ی كه‌رته‌كان و چالاكییه‌كان.

شەوی یەکشەممە 2ی شەشی 2024، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆی 23 ئەندام 17 ئەندامیان واژۆیان، لەسەر راپۆرتی لیژنەی دارایی کردوە تا ئەمڕۆ پەسەند بکرێت.

لەکاتێکدا بودجەی ساڵی 2024 پەسەند دەکرێت تا ئێستا مووچەی مانگی چواری بەشێک لە هێزە ئەمنیەکان لەلایەن بەغداوە نەنێراوە و چەند ڕۆژێکیش بەسەر مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆران تێپەڕبووە، کاتی دابەشکردنەکەی بە نادیاری ماوەتەوە.

هەرێم دەبێت مانگانە لیستی مووچە بنێرێت

سەرەڕای چوونی چەندین وەفدی دانوستانکار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، تا ئێستا هیچ لیستێک نەکراوەتە پێوەر بۆ مانگەکانی دیکە تا مووچەی پێ دابەشبکرێت، ئەمەش وایکردووە مانگانە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی لە چاوەڕوانییەکی زۆردا بمێننەوە تا ئەوکاتەی حکومەتی هەرێم لیستی نوێی مووچە بۆ هەر مانگێک دەنێرێت و حکومەتی عێراق وردبینی تێدا دەکات.

چرۆ حەمەشەریف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی یەکێتی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "نوێنەری فراکسیۆنی سەوز ئەمڕۆ سەردانی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی کردووە. لەسەر دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمەنیەکان ئەوەیان ووتووە هێشتا وردبینی لە ناوەکەکانیان بەهۆی چەند کێشەیەکەوە تەواو نەبووە، هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ ناردنی مووچەکانیان لە ئێستادا ڕوون نییە."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی، "دواکەوتنی مووچە بە گشتی جێگەی نیگەرانیە، تا ئێستا هیچ لیستێک نەکراوەتە پێوەر بۆ مانگەکانی دیکە، کاتی ناردنی مووچەی مانگی پێنج دیارنیە، لەکاتێکدا ئەمڕۆبوجەی ساڵی 2024 بە ڕێکەوتن دەنگی لەسەر درا."

‌بودجەى عێراق بۆ ساڵی 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە. لەو ڕێژەیەش پشکی هەرێمی کوردستان لە خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024، نزیکەی 20 تریلیۆن و 910 ملیار دینارە.

بەشێکی دیکە لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق دەڵێن، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لیستی مووچەی مانگی پێنجی نەناردووە بۆ حکومەتی عێراق.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕۆژی 30ی پێنجی 2024 سەردانی بەغدای کرد بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای عێراق لەنێوانیان محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق .
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕۆژی 30ی پێنجی 2024 سەردانی بەغدای کرد بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای عێراق لەنێوانیان محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق .

ئاریان تاوەگۆزی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لیستی نەوەی نوێ لێدوانێکدا بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " بە پێ یاسا، دەبێت هەموو پارێزگاکان کە لە خشتەی بودجە پارە وەردەگرن، دوو لیست مانگانە بنێرن، یەکێکیان لیستی مووچەیە و ئەوی دیکەیان لیستی خەرجییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو مانگەکان لیستەکانی دوادەخات."

ئاریان تاوەگۆزی وتیشی، "تا ئێستا لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە مووچەخۆری مەدەنین، نەگەشتووەتە بەغدا. بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە ئێمە دراون، حکومەتی هەرێم ناردنی لیستی [مانگی پێنجی ] مووچەی بەستووەتەوە بە ناردنی مووچەی مانگی چواری هێزەئەمنیەکان."

هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە وەزارەتی دارایی هەرێم لەسەر ئەم زانیارییە بێئەنجام بوون.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 3ی شەشی 2024 لەکاتی دانانی بەردی بناغەی دوو پرۆژە لە دهۆک ڕایگەیاند، "لە بەغدا بە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکومەتی عێراقم گوت، جێگەی داخ و دڵتەنگییە کە تاوەکو ئێستا دانوستاندن لەسەر بابەتی مووچە و قەیرانە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵیدا دەکەین."

مەسرور بارزانی وتی، "پێویستە ئەم مافانە سروشتی بن و نەبنە هەواڵەکانی راگەیاندن؛ بەڵکو لە جیاتی ئەمە بە یەکەوە بەرنامە بۆ پێشخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی باشتر دابنێین تاوەکو رکابەری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دیکەی جیهان بکەین."

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەدواى پەسەندکردنى خشتەکانى بودجە پەیامێکی بڵاوکردەوە و پێشوازی لەم هەنگاوەی پەرلەمانی عێراق کرد.

محمد شیاع سودانی دەڵێت، "سوپاسى هەوڵى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و هێزە سیاسییەکان و لیژنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەران و لیژنەى دارایى دەکەم بۆ پەسەندکردنى خشتەکانى بودجە."

تا بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ بەرپرسێکی ئاگاداری هەرێمی کوردستان بەردەستنەبوو بۆ ڕوونکردنەوە لەسەر پرسی دواخستنی لیستی مووچەی مانگی پێنج.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "بەهۆی پەسەندکردنی بودجە و ئەو پێشهاتە نوێیانەی کە ئەمڕۆ هاتنە ئاراوە" هیچ لێدوانێکی نییە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:16 0:00
XS
SM
MD
LG