سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کابینەی شەڕی ئیسرائیلی هەڵدەوەشێنێتەوە

لە چەپەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، یۆاڤ گالانت وەزیری بەرگری و بێنی گانتز وەزیری کابینەی ئیسرائیل لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە بنکەی سەربازی کیریا لە تەلئەڤیف، 28ی مانگی دەیی 2023.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کابینەی جەنگی خۆی هەڵوەشاندەوە، ئەمەش بڕیارێکی چاوەڕوانکراو بوو دوای ئەوەی ژەنەڕاڵی پێشووی ئیسرائیل بێنی گانتز، کە کەسێکی ناوەندگەر بوو، هەفتەی ڕابردوو گروپەکەی بەجێهێشت.

گانتز لە مانگی ئۆکتۆبەر و لە سەرەتای شەڕەکەدا پەیوەندی بە حکومەتی یەکگرتووی نەتانیاهۆوە کرد و داوای پێکهێنانی کابینەی جەنگی کرد. بەبێ گانتز، نەتانیاهۆ ئەو گروپەی هەڵوەشاندەوە.

سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ڕۆژانە بۆ ماوەی 11 کاتژمێر وەستانی تاکتیکی لە چالاکییە سەربازییەکاندا لە چەند بەشێکی باشووری غەززە ڕادەگەیەنێت لە پێناو ڕێگەدان بە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە، کە لەوێ ڕێکخراوە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان هۆشدارییانداوە لەسەر زیادبوونی قەیرانە مرۆییەکان تێیدا.

بە پێی ئاژانسی فرانس پرێس ڕۆژی دووشەممە، پێدەچوو ئەو وەستانە بەردەوام بێت، سەرەڕای هەندێک شەڕ لە هەندێک ناوچەدا.

ئیسرائیل ڕایگەیاند، وەستانی هێرشەکانی بۆ باشووری غەززە بۆ داهاتوویەکی نزیک بەردەوام دەبێت و ڕێگە بە بارهەڵگرەکانی یارمەتی دەدات بگەنە دەروازەی کەرم شالوم کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدایە و خاڵی سەرەکی هاتنە ژوورەوەی یارمەتییەکانە. پاشان بارهەڵگرەکان دەتوانن بە سەلامەتی بە ڕێگایەکی خێراتردا خۆراک و پێداویستییە تەندروستییەکان بگەیەننە بەشەکانی تری غەززە.

ئەو "وەستانە تاکتیکییە" کە لەلایەن سوپاوە ڕاگەیەندراوە، نزیکەی 12 کیلۆمەتر لە ناوچەی ڕەفەح دەگرێتەوە بەڵام زۆر کەمترە لە ئاگربەستێکی تەواو لە غەززە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لەنێویاندا هاوپەیمانی باڵای ئیسرائیل، ئەمەریکاش داوای دەکات.

پێشنیازی ئاگربەسێکی فراوانتر شەڕ لە سەرتاسەری غەززە بۆ ماوەی شەش هەفتە دەوەستێنێت و داوای ئازادکردنی تەواوی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماسیش دەکات بەرامبەر ئەو فەلەستینیانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە زیندانیکراون.

بەڵام هیچ ئاماژەیەکی پێشکەوتن لە دانوستانە چەقبەستووەکانی ئاگربەستدا نەبوو.

لەلایەکی دیکەوە وا دەردەکەوێت شەڕەکە بەردەوام دەبێت، حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە تا 15ی 8 پارەی هۆتێل و خانوو بۆ ئەو دانیشتووانە دەدات کە لە شارۆچکە سنوورییەکانی باشووری ئیسرائیل لە نزیک غەززە بەهۆی شەڕەکەوە هەڵاتوون.

وەستانی سنوورداری شەڕەکان، ئەگەر بەردەوام بێت، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چارەسەرکردنی هەندێک لە پێداویستییە بنەڕەتییەکانی فەلەستینییەکان کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح زیاتر زیادیان کردووە.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، دەرچەی سەلامەت لە باشووری غەززە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێڕەوی یارمەتییەکان بۆ ناوچەکانی دیکەی غەززە، لەوانە خان یونس، کەمپی کاتی مووەسی و ناوەڕاستی غەززە. باکووری غەززە کە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، لەکاتێکدا ئامانجێکی سەرەتایی ئەو شەڕەبوو کە ئێستا لە نۆهەم مانگیدایە، لە ئێستادا کەلوپەلی پێداویشتی بۆ ڕەوانە دەکرێت.

سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاند، وەستانە کاتییەکەی ڕۆژی یەکشەمەم هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی جەژنی قوربانی موسوڵمانان و دوای گفتوگۆکان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگاکانی فریاگوزاری نێودەوڵەتی ئەنجام دراوە.

ڕەوتی یارمەتییەکان لە باشووری غەززە کەمی کردووە، لە کاتێکدا کە پێویستییە مرۆییەکان تا دێت زیاتردەبێت. زیاتر لە یەک ملیۆن فەلەستینی کە زۆربەیان پێشتر ئاوارە بوون، دوای لەشکرکێشییەکە لە ڕەفەح هەڵاتن و ناوچەکانی دیکەی باشوور و ناوەڕاستی غەززەیان قەرەباڵغ کردووە.

بەرپرسانی یارمەتیدانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن یارمەتی زیاتر بۆ غەززە زۆر پێویستە. بەپێی ئامارەکانی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە 6ی پێنجەوە تا 6 ی شەش، بە گشتی ڕۆژانە 68 باری هاوکاری گەیشتووە. ئەمەش بە بەراورد بە 168ی مانگی چوار کەمی کردووە و زۆر کەمتریشە لە 500 بارهەڵگری کە گرتووپە فریاگوزارییەکان داوای دەکەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە وەستانی سنوورداری ئیسرائیل لە شەڕەکاندا کرد و وتی هیوادارە "ئەمە ببێتە هۆی ڕێوشوێنی کۆنکرێتی زیاتر لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسە درێژخایەنەکان کە ڕێگری لە وەڵامدانەوەی مرۆیی مانادار لە غەززە دەکەن."

بەڵام وەستانی سنووردار لە شەڕدا لەلایەن ئەوپەڕی نەتەوەپەرستەکانی ناو حکومەتەکەی نەتانیاهۆ هێرش ڕەخنەی لێگیراوە، کە دژی وەستانی شەڕەکەن. سوپای غەززە ڕایگەیاندووە، شەڕ لە باقی باشووری غەززە ڕاناگیرێت.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 37,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.