پێشەوا هەورامی: سەرۆک وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە ڕێکاری پێویست بە کۆچبەرەکا نی ئیتالیا بگرنە بەر

پێشەوا هەورامانی

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە ڕێکاری پێویستی تایبەت بە پەنابەرە ونبووەکان و دۆزراوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئیتاڵیا بگرنە بەر، دوای تەواو بوونی ڕێکارە یاساییەکان هەوڵی گەڕاندنەوەی تەرمەکان و هاوکاری ڕزگاربووەکان بکرێت.

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە چاوەڕێی ڕێکارە یاساییەکان دەکەین لە ئیتاڵیا، چونکە ئەم دۆسیەیە یاساییە، جەنابی سەرۆک وەزیران هەمووانی ڕاسپاردووە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەت بن و چی ڕیکاری پێویستە بیگرنە بەر."

وتیشی،" بۆیە لە فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری پێویست کراوە بۆ ئەم بابەتە، ئەوانەی ڕاسپێردراون سەردانی قوربانیەکان و شوێنەکەیان کردووە، بەڵام چاوەڕێی داگاین کەیسەکە یەکلا بکاتەوە، کە دۆسیەکە لە یاسا تەواو بوو هەوڵی گەڕاندنەوەی تەرمەکان و ڕزگاربوەکان تەعامولێکی گونجاویان لەگەڵدا بکرێت."

ڕۆژی دوو شەممە 17ی مانگی شەش یەختێکی پەنابەران لە ئاوی نێوان یۆنان بۆ ئیتاڵیا نوقم دەبێت، یەختەکە 76 کەسی هەڵگرتبوو، بە پێی ئامارە نافەرمیەکان لەو ژمارەیە 11 کەسیان ڕزگاریان بووە و تا دوێنێ تەنها 17 تەرم دۆزراوبۆوە، بەڵام ئەمڕۆ باس لە دۆزینەوەی 14 تەرمی تر دەکرێت، لەکۆی 76 کەسەکە پێدەچێت 35 کەسیان کوردبن و بەشێکی زۆریان خەڵکی هەرێمی کوردستانن.