کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەردەم هەڵبژاردنێکی تری سەرۆکایەتیدایە، هەرچەندە هێشتاش گومانەکان نەڕەویونەتەوە لەسەر مردنەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی پێشووی ئێران.
سیاسەت لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا
لە دوای ساڵی 1979وە ژمارەیەک ڕووداو ڕوویانداوە کە دەشێت کوشتنە بە مەبەستە سیاسییەکان، بەشێک بووبن لەو ڕووداوانە، بەڵام وەک دەگوترێت "لەوکاتەوە هەرچییەک لە ئێراندا ڕوویدابێت، نەبۆتە هۆکارێک بۆ گۆڕینی سیاسەتی دەرەوەیی ڕژێمی ئێران."
دکتۆر جەعفەر حامیدی، سیاسەتمەدار و شیکەرەوەی سیاسی هاوڕایە و دەڵێت "کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵەهای ساڵە لەسەر سفرەی دیموکراتی و بێرۆکراسی جیهانی ڕۆژئاوا هەوڵی خۆی دەستپێکردووە و ئەو سیاسەتەی گەشە پێداوە کە ئێرانی پێناسراوە، توندە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، توندە لە ناوخۆی ئێراندا، توندە لە بەرامبەر وڵاتە پێشکەوتووە دیموکراتییەکان، لە ڕاستیشدا توندە بەرامبەر هەر کەس و ڕێبازێک و ڕێکخراوێک و لە هەر دەوڵەتێکیش کە پەیڕەویی لە ئێران نەکات."
دکتۆر حامیدی، ئاماژەش بەوە دەکات سیستەمی ئێران بە شێوەیەک دانراوە کە تەنها یەک کەس ببێتە خاوەنی بڕیار؛ دەشڵێت "تاکە کەسێک لە ئێراندا بڕیاری خۆی دەدات بەسەر دەوڵەتدا و بەسەر بوارەکانی دادوەری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و دانانی ڕێبازەکانیش و ئەوانەش کە لە چواردەوری ئەو تاکە کەسەدان، بڕیار بەڕێوەبەرن و ئەو تاکە کەسەش ئایەتوڵا خامنەئییە، لێرەوە دەتوانین بڵێین سیستەمی ئێران سیستەمێکی دامەزراوەیی نییە و هەربۆیەشە ئێران ناتوانێت ئەو دەرفەتەی هەبێت لەگەڵ دنیای دیموکراتیک و لەگەڵ دنیای پێشکەوتوودا بە ئاشتیانە بژی."
کۆماری ئیسلامی ئێران، بنەمای سیاسەتی دەرەوەیی خۆی لەسەر وڵاتانی دراوسێی بونیات ناوە، زیاتر وەک لەوەی لەگەڵ جیهانی پێشکەوتوودا زەمینەی لێکتێگەیشتن بڕەخسێنێت.
ئارام مودەڕیسی، چاودێری سیاسی دەڵێت " دەمێکە کۆماری ئیسلامی سیاسەتەکانی خۆی لەسەر بنەمای دەستێوەردان لە کاروباری بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکەدا داڕشتووە لە ڕێی بەهێزکردن و پڕ چەک کردنی دەستە و تاقمە شیعەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران؛ جا هەتا کەی کۆماری ئیسلامی دەتوانێت درێژە بەو سیاسەتەی بدات؟ ئەمە ڕێک بەستراوەتەوە بە سیاسەت و هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەتیش ئەمەریکاوە. ئەم جۆرە سیاسەتەی ئێران، هۆکارە سەرەکییەکەی داڕمانی ئابوری ئێرانە."
ئابوری ئێران
ئێران لە قەیرانێکی قوڵی ئابوریدایە، نرخی دراوی ئێرانی نەک هەر دابەزیوە بەڵکو لە هاڕەکردنێکی بەردەوامدایە، بەهۆی خراپی بەڕێوەبردنی دۆسێ ئابوری و داراییەکان و هەروەهاش بەهۆی ئەو سزا ئابوریانەشەوە کەلەسەر کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دانراون.
شەماڵ بەشیری، نوسەر و لێکۆڵەر دەڵێت "ئابڵوقە ئابورییەکان کاریگەرییەکی بەرچاویان هەن و ئابڵوقەکان بوونەتە ڕۆژەڤی سەرەکیی سیاسەت لە ئێراندا و دوا بڕیاری سیاسی و ئابوری لای ڕابەری کۆماری ئیسلامی و بە پلەی دووهەمیش لای پاسدارانی شۆڕشە. ئایا سەرۆکی داهاتووی ئێران چەندێک سەرکەوتوو دەبێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە چاوەڕوان بین."
بەڕێز مودەڕیسی لەوبڕوایەدایە هیچ یەکێک لەوانەی کاندیدن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئێران ناتوانن کار لەسەر بوژاندنەوەی ئابوری وڵاتەکە بکەن و دەڵێت "نەک هەر کاندیدەکان، بەڵکو بە کۆی هەموو ڕژێمی کۆماری ئیسلامی، دەربازکردنی ئێران لەم قەیرانە قوڵە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەی کە تێی کەوتوە کارێکی ئەستەمە و ناکرێت. لە بیرمان نەچێت چوار کەس لەوانەی ئێستا کاندیدن بۆ پۆستی سەرۆکی ئێران، پێشتریش کاندید بوون و ژمارەیەک پەیمانی گەورەیان دەدا بۆ گەشەسەندنی ئابوری، هەر ئەوانەش لە سەروەختی ڕەئیسیدا لە جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا جێیان بووەوە و بوونە بەشێک لە قەیراناویترکردنی ڕەوشی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێران. ئەمە بێ لەوەی پسپۆڕی و شارەزایی هیچ کامێکیان ئەوە نییە بتوانن ئەم دۆخە وێرانە داڕماوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەی ئێران چارەسەر بکەن."
پەیامەکەی ئایەتوڵا خامنەئی
دوای کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی پێشووی ئێران، کە ژمارەیەک گەورە کاربەدەستی تری ئێرانی تیادا بوو و هەموویان مردن، ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، پەیامێکی دا بە گەلی ئێران و وەک دکتۆر جەعفەر حامیدی باسی دەکات "ڕابەری کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرایی و ڕاشکاوی وتی، ئەوەی نیگەرانە با نیگەران نەبێت، ئەوەیش دەیەوێت بەو ڕووداوە دڵخۆش بێت، با دڵخۆش نەبێت، چونکە مردنی ئەوانە هیچ گۆڕانکارییەک ناهێنێتە ئاراوە و ئاو لە ئاو تەکان ناخوات. جا ئەم پەیامە بەو مانایەیە کە هەر تەنها خودی خۆی بەڕێوەبەر و هەمە کارەیە."
دەمێکە لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا ململانێیەکی سیاسی هەیە و بە ململانێی نێوان ڕیفۆرمخوازان و کۆنەپارێزان ناودێر دەکرێت. ئەگەرچی لە سەرەتای دەرکەوتنی سەرەداوەکانی ئەو ململانێیانەوە، لای خەڵک بە گرنگییەوە لێی دەڕوانرا، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەو جۆرە پشتیوانییەی ڕیفۆرمخوازەکان هەیانبوو، بەرەو کاڵبوونەوە چوو، هەرچەندە بەشێک لە ڕیبەرانی ئەو ڕەوتە ڕووبەڕووی هەوڵی لەناوبردن دراون، یانیش لە زیندان نراون و یانیس لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەرن.
ململانێی بەرەی ڕیفۆرم و کۆنەپارێز لە ئێراندا
بەشێک لە شیکەرەوە لەوبڕوایەدان ئەو جۆرە ململانێیانە شییانێکی زۆری هەیە سیناریۆیەکی دروستکراوی دەستی ڕژێمی ئێران خۆی بێت بۆ کۆکردنەوەی دەنگە ناڕەزاکان لە کۆمەڵگەی ئێراندا و دەشڵێن هەر ستەمێکیش بەرامبەر ڕێبەرانی ئەو ڕەوتە بەکار هێنرابێت، بەڵگەن بۆ ئەوەی تەنانەت ئەگەر بەشێکیش بیت لە ڕژێم، ئەوا ژمارەیەک هێڵی سوور هەن ناتوانرێت ببەزێندرێت.
دکتۆر حامیدی، دەڵێت "ڕیفۆرمخواز و نەریتخواز لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی کۆماری ئاخوندەکاندا دەبینم. لە مێژە لەوبڕوایەدام ململانێی ئەو دوو بەرەیە بەو شێوەیە نەبێت کە باس دەکرێت و ڕەنگە هەندێک جیاوازی کاری تەکنیکی ڕۆژانەیان هەبێت و ئەو جیاوازیانەش لای ئایەتوڵا خامنەئییەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و سەرەوکاریش دەکرێن. بەپێی ئەو هەواڵانەی پێمدەگەن، کێبڕکێی نەریتخوازەکان و ڕیفۆرمیستییەکان وەک جاران توند نییە لەم کێبڕکێی هەڵبژاردنەدا، بەڵام پێموانییە خامنەئی ڕێگە بدات ئەو تاکە کاندیدەی بەناوی ڕیفۆرمخوازەکانەوە لە کێبڕێکێی هەڵبژاردندایە، هەڵببژێردرێت."
ئارام مودەڕیسی، وەک ئاماژەی پێدەکات، دەمێکە ئەوەی پێی دەگوترێت ڕیفۆرمخوازان، لە ئێراندا بوونیان نەماوە و دەڵێت "ململانێی نێوان باڵەکانی دەسەڵات لە کاڵترین و بێهێزترین ئاستی خۆیدایە. وەک بینیمان لە هەڵبژاردنەکانی ڕەئیسی و تەنانەت مەجلیسی شوراشدا، نزمترین ئاستی بەشداریکردن هەبوون، ئەمەش نیشانەیەکە کە ململانێیەکی سیاسی نێوان ئەو باڵانە بوونی نەماوە؛ خەڵک بۆیان دەرکەوتووە کە بەرەی ڕیفۆرمیستی لە ئێراندا تەنها تراویلکەیە و جۆرێکە لە دەرگای متمانە بۆ پاراستنی ڕژێمی ئێران."
شورای نیگەهبان لە ئێران کاندیدێکی پەسەند کردووە وەک دەگوترێت سەر بە بەرەی ڕیفۆرمخوازانە لە ئێراندا.
بەڕێز بەشیری، دەڵێت بۆچوونی جیاواز هەن لەسەر ئەم بابەتە "بەشێک لەوبڕوایەدان پەسەندکردنی مەسعود پزیشکیان وەک کاندیدێک لەلایەن شورای نیگەهبانەوە بە مەبەست بووە تا ئەوانەی سەر بە ڕیفۆرمخوازەکانن بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و لەو ڕێگەیەوە متمانەی خەڵک بەدەست بێننەوە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، هەروەهاش بوونی دوو ڕوانگەی جیاواز لە هەڵبژاردنەکەدا وەک هاندەرێک لێکدەدرێتەوە بۆ بەشداریکردنی زیاتری خەڵک لە هەڵبژاردنەکەدا. بۆچوونێکی تریش هەیە باس لەوە دەکات کە شورای نیگەهبان مەزەندەی ئەوەی نەدەکرد کە پزیشکیان وەک کاندید لەلایەن ڕیفۆرمخوازەکانەوە پەسەند بکرێت، هەر بۆیە داواکەی پزیشکیان پەسەند کراوە و ئێستا وەک بڵێی لە دەستیان دەرچووە."
سەبارەت بە ململانێ ناوخۆییەکانیش وەک بەڕێز بەشیری باسی دەکات دابەشبوون لەناو ئەو دوو بەرەیە خۆیشیدا دروست بوون، بەڵام کامیان لە کۆتاییدا سەردەکەوێت، ئەوە هێشتا دیار نییە، چونکە وەک دەڵێت "هەتا ئێستا هەڵبژاردن شۆڕ نەبۆتەوە بۆ ناو قوڵایی کۆمەڵگەی ئێران و بتوانرێت لە ڕێگەی هەڵسوکەوت و تێڕوانین و هەڵوێستی خەڵکەوە بزانین ئایا بە پلەی یەکەم خەڵک متمانەی بە هەڵبژاردن لەلا دروست دەبێتەوە یان نا! بەڵام بەهۆی شکستی ڕیفۆرمەکانەوە لە سەروەختی موحەمەدی خاتەمییەوە و لە ڕوانگەی دروشمی سەر شەقامەکان و دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان، خەڵک متمانەی لەدەستداوە بە گۆڕانکاری و جەڵک متمانەی نەماوە بە پرۆسەی ڕیفۆرمسازی و ئەوەیش کە گوتاری سەرەکی شەقامی ئێرانە بریتییە لە گوتاری تێپەڕاندنی ئەم سیستەمەی ئێستای ئێران."