دوای نزیکەی دوو مانگ لە ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەری، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند هێزە ئاسایشییەکان توانیان ئەنجامدەری سەرەکی سوتاندنی بازاڕەکە دەستگیربکەن و هۆکاری سوتانی بازاڕی لەنگەش بە گومانەوە ماوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی شەشی 2024، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، "لەسەر سوتاندنی بازاری قەیسەری هەولێر ئەنجامدەری سەرەکی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستیگرکراوە. لە ڕۆژانی داهاتوودا دەرئەنجامی لێکۆلێنەوەکان ئاشکرا دەکرێن؛ تەنها ئەوەندە ماوە بزاندرێت کێ لەپشت ئەم کەسە بووە."
ئومێد خۆشناو وتی، "لەسەر کۆی ئەو هەموو ئاگر کەوتنەوانەی کە لە سنوری هەولێر ڕودەدەن، جگە لە سێ حاڵەتیان نەبێت کە جێگای گومانن و خەڵکیان لەسەر دەستگیرکراوە، تەواوی ئاگرکەوتنەوەکانی دیکە لەسەر کەمتەرخەمی خاوەنکار و زیادەڕۆییەوە بووە، ئەوانەی کە جێگای گومانبوونە بریتین لە بازاری لەنگە و قەیسەری و ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی تەواونەکراو."
پارێزگاری هەولێر ئەم هەواڵەی بە کاسبکاران و ڕۆژنامەوانان ڕاگەیاند لەکاتی بەسەرکردنەوەی بازاڕی قەیسەری کە ئێستا کاری نۆژەنکردنەوەی تێدا ئەنجامدەدرێت. ڕایگەیاند، "نۆژەنکردنەوەی قەیسەری دراوە بە دوو کۆمپانیا و گوژمەی پارەی تەرخانکراو بۆی بڕی پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینارە. نۆژەنکردنەوەکە لە دوو بەش پێکهاتووە و هەر کۆمپانیایەک بەشێکی نۆژەندەکەنەوە و بە پێی ماوەی یاسایی خۆیان بۆ تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەکە ساڵێکە، بەڵام بۆ ئەوەی بەزووی کاسبکاران دەست بە کارکردن بکەنەوە هەموو هەوڵێک بۆ ئەوەیە لە ماوەی شەش مانگدا کارەکان تەواوببن."
درەنگانێکی شەوی یەکشەممە، 5ی پێنجی 2024، ئاگر لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 100 کەس برینداربوون و 277 دوکان و 7 کۆگای بچووک سوتان.
لە بارەی وردەکارییەکانی سوتاندنەکە و ناسنامەی دەستگیرکراوەکە، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە کارزان ساڵح وتەبێژی پۆلیسی هەرێمەوە کرد. ئەو ئامادەنەبوو زانیاری زیاتر بدات و ڕایگەیاند، "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، لە ئایندەدا ناوەڕۆکی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا دەکرێن."
هەروەها موقەدەم شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بۆ تەواوی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوە ئێمە باسی هۆکارەکانیمان کردووە، بەڵام ئەوەی جێگای گومان بووبێت بەجێمانهێشتووە بۆ هێزە ئەمنییەکان تا لێکۆڵینەوەی تێدا بکەن، بەڵی ڕاستە لەسەر بازاری قەیسەری هەولێر خەڵک دەستگیرکراوە."
Your browser doesn’t support HTML5
دوای حەوت ڕۆژ لە سوتانی قەیسەری، پارێزگاری هەولێر و ئەندامانی دیوانی پارێزگا لەگەڵ دوکاندار و کاسبکارانى زیانلێکەوتو کۆبوونەو و دواتر پارێزگارى هەولێر لەسەر بنەمای کۆبوونەوەکە بڕیارێکی 11 خاڵی دەرکرد بۆ لێکۆڵینەوە لە بارەی دروستبوونی ئاگرەکە و "بە زوترین کات" نۆژەنکردنەوەى ئەو دوکان و شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە.
پارێزگار ئەوکات بڕیاری لێخۆشبوونی لە کرێى شەش مانگى خۆڵ و خاشاک و تابلۆی دوکاندارە زیان لێکەوتووەکان دەرکرد، سەرەڕای لێخۆشبوونی باج بە ڕێژەی 50% بۆ ساڵى 2023 و بە ڕێژەی 100% بۆ ساڵى 2024. هەروەها وتی دوکاندارەکان دەتوانن لە وەرگرتنى قەرزى بێ قازانج لە بانکى جیهان سوودمەند ببن.
لە ماوەی ئەمساڵدا چەندین ئاگری گەورە لە سنوری هەولێر کەوتنەوە و بەرپرسانی شارەکە بەشێکی زۆریان بۆ کەمتەرخەمی خاوەنکارەکان دەگەڕاندەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە گومانەوە لە هەندێک حاڵەتەکانیان دەڕوانی.
محەمەد عەباس، یەکیک لە دوکاندارەکانی قەیسەری بە دەنگی ئەمەریکای وت، "پێویستە دەرئەنجامەکان بخرێنە ڕوو، گەر بە دەستی ئەنقسەت سوتێنرابێت ئەوە بەدڵنیاییەوە سکاڵامان لەسەری دەبێت."
Your browser doesn’t support HTML5