وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، لە کۆی 30 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان کە ئەم مانگە بەهۆی حەجکردنەوە گیانیان لەدەستدا، 28 کەسیان لە ڕێگەی "ڤیزای ساڵی" حەجیان کردووە. لە ئێستاشدا سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارین لەسەر ئەو کۆمپانیایانەی هاووڵاتیانیان لەم ڕێگەیەوە بردووە بۆ حەج و کەمتەرخەمەکان سزا دەدرێن "تا دەگاتە ئاستی داخستنی کۆمپانیاکان."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ی مانگی شەشی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆیدا سێ تەوەری تاوتوێکرد، کە بریتیبوون لە ڕەوشی کارەبا و مووچە و ڕاپۆرتی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی سەبارەت بە ڕەوشی بە ڕێوەچوونی مەراسیمی حەج و گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە حاجیانی هەرێم.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تازە پرۆسەکە تێپەڕیوە، بەڵام بۆ ساڵی ئایندە وردتر دەبین لە پرۆسەکە. ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی بڕیار نەدرا، بەڵام پرۆسەکەش فەرامۆش ناکرێت."
بە گوێرەی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمساڵی حەجکردن 4 هەزار و 685 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی سعودییەیان کرد. لەو ڕێژەیەش هەزار و 700 هاوڵاتییان بە ڕێگەی وشکانی چوون بۆ ئەو وڵاتە و 2 هەزار و 985 هاوڵاتیان بە ڕێگەی ئاسمانی چوون.
هەروەها پێشبینی دەکرێت سەدان کەسی تر لە دەرەوەی ڕێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی سعودییە بەڕێگەی ڤیزای گەشتیاری و عومرە و "ڤیزای ساڵی" حەجیان ئەنجامدابێت.
کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، "لەمساڵی ئەرکی حەجدا 26 حاجی کوردی هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەستدا، کە دوو حاجیان بە شێوەی فەرمی حەجیان کردبوو و 24 حاجیش لە ڕێگای کۆمپانیاکانەوە بە ڤیزای ساڵی، هەروەها لە کاتی گەڕانەوەی حاجیاندا چوار حاجی دیکەی کورد کە بە هەمانشێوە بە ڤیزای ساڵی حەجیان کردبوو بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستدا، واتا کۆی گشتی 30 حاجی هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەستدا."
وتیشی، "ئێمە پێشووتر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانمان ئاگادارکردبووەوە کە خۆیان نەخەنە مەترسیەوە و بە شێوەی فەرمی حەج بکەن، بەڵام ئێستا لەگەڵ هاووڵاتیان سەرقاڵی ئەوەین کە ناوی ئەو کۆمپانیایانە بدۆزینەوە کە ڤیزایان بۆ هاوڵاتیان وەگرتووە، بە دۆزینەوەیان ئەو کات لە ڕێگای بەشی یاساییمانەوە بە پیێ یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە هەتا داخستنی کۆمپانیاکانیان."
تێچووی حەجی فەرمی ئەمساڵ لەڕێگای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ هەر هاووڵاتیەک بە وشکانی بڕی 5 ملیۆن و 300 هەزار دیناری عێراقی بوو، بە ڕێگەی ئاسمانی بۆ هەر هاووڵاتیەک 6 ملیۆن و 350 هەزار دینار بوو. تێچووی گشتی ڕێوڕەسمە ئاینییەکە زیاتربوو لە 27 ملیار و 964 ملیۆن دینار کە دەکاتە زیاتر لە 19 ملیۆن و 286 هەزار دۆلار، ئەمە جگە لەو حاجیانەی کە بە ڕێگای وەرگرتنی ڤیزای ساڵی و گەشتیاری و عومرەوە حەجیانکردبوو، بەڵام بە تێچوویەکی کەمتر.
دەنگی ئەمەریکا لەسەر حاڵەتەکانی گیان لەدەستدانی حاجیان و چۆنیتی وەرگرتنی ڤیزای ساڵی بۆ هاووڵاتیان پەیوەندی بە ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانەوە کرد، بەڵام هیچیان ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.
حکومەتی سعودییە بۆ ئەمساڵی حەجکردن ئامادەکاری کردبوو بۆ یەک ملیۆن و 800 هەزار حاجی، بەڵام زیاتر لە 500 هەزار حاجی بە شێوەی ڤیزای یەک ساڵی و عومرە و قاچاخ چووبوونە ئەو وڵاتە و قەرەباڵغیەکی زۆریان دروستکرد.
بەرپرسانی وەزارەتی کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێم هۆکاری زۆری گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتیانەی لە ڕێگەی "ڤیزای ساڵی" و کۆمپانیاکانەوە حەجیان کردووە دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست و هێشتنەوەی هاووڵاتیان لە دەرەوەی هۆتێلەکان لە وەرزی گەرمی هاویندا.
Your browser doesn’t support HTML5