جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان ڕایدەگەیەنێت، تورکمانەکان پێشوازی لە بڕیارەکەی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەن و دەڵیت، لە پەرلەمانی داهاتوودا هەوڵی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دووبارە گێڕانەوەی کورسی پێکهاتەکان دەدەن.
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "بەناوی پێکهاتەی تورکمان پێشوازی لەو دەستپێشخەریەی سەرۆکی هەرێم دەکەین، هیوادارین سەرجەم لایەنەکان یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانیەکان بپارێزن وە دوور لە تەنگژەی سیاسی بانگەشەیەکی ئارام بەرێوەببەن."
وتیشی، "لە ئێستادا ژمارەی کورسی پێکهاتەکان وەک پێویست نییە، بەڵام ئەگەر یەک کورسیشمان هەبێت وەک تورکمان لە پارێزگای هەولێر هەوڵدەدەین نوێنەری ڕاستەقینە هەڵبژێردرێت، هەتاکو بتوانێت لە ئایندە کار لەسەر گێڕانەوەی ژمارەی کورسی پێکهاتەکان بکات."
دوێنێ چوارشەممە، 26ی شەشی 2024، بۆ پێنجەم جار سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاتێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم دەستنیشانکرد و بڕیاری دا هەڵبژاردنەکە لە ڕۆژی 20ی دەی 2024 بەرێوەبچێت.
لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی 5 جار فەرمانی هەرێمی جیاوازی دەرکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر گۆڕانکارییەکان لە سیستەمی هەڵبژاردندا سەرجەم وادەکانی ڕابردووی هەڵبژاردن شکستیان هێنا.
ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم یەکلایی کردەوە، کە لەلایەن سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێم لەسەر گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم تۆمار کرابوو.
ئەنجامی سکاڵاکەی یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی لێکەوتەوە کە بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی هەرێم دیاری کرابوون.
بەڵام ڕۆژی 20ی پێنجی 2024 دەستەى دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارەکەی دادگای باڵای عێراقی گۆڕی و کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد پێنج کورسیی لە کۆی 100 کورسییەکانی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، بەشێوەیەک کورسییەکى ئەرمەن بۆ دهۆک، دوو کورسیی تورکمان و کریستیان بۆ هەولێر، وە دوو کورسى تورکمان و کریستیان بۆ سلێمانی تەرخان بکرێت.
Your browser doesn’t support HTML5
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کاتێک باس لە گۆڕینی کورسی کۆتای پێکهاتەکان دەکرا، یەکێتی و چەند لایەنێک حزبەکانی پێکهاتەکانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد گوایە کەوتونەتە ژێر هەژموونی تەواوی پارتییەوە و ناتوانن بڕیاری سەربەخۆ بدەن.
مونا قەهوەچی لەمبارەوە دەڵێت، "تورکمان خاوەنی ئیرادەی خۆیەتی و هیچ کاتێک نەبۆتە پاشکۆی هیچ لایەنێکی سیاسی کوردستانی، بەڵام خەڵک دەزانێت هاوپەیمانی جیاوازە لە پاشکۆیەتی و هاوپەیمانی ڕەوایە بۆ هەموو هێزە سیاسیەکانی کوردستان هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنی سیاسی بەهێز ئەنجامبدەن تاکوو بتوانیت مافەکانی خۆی دەستەبەر بکات لەپێناوی پێکەوەژیان، وە مانەوەی پێکهاتەکانیش هاوپەیمانی پێویستە."
وتیشی، "یاسایەکی گرنگ چاوەڕێی خەڵکی هەرێم دەکات لە پەرلەمانی داهاتوودا کە یاسای هەڵبژاردنە، کە دیدی هەموو لایەنە سیاسیەکان و پێکهاتەکان لەخۆی بگرێت و کورسی پێکهاتەکانیش بگەڕێتەوە، هیوادارین هەموارەکە لەدەرەوەی پەرلەمان ڕێکەوتنی سیاسی لەسەر بکرێت نەبێتە تەنگژەی سیاسی و پەرلەمان نەبێتە جێگەی ململانێی سیاسی."