هاوکاتی شەڕی غەززە، ئیسرائیل هۆشداری دەدات بە لوبنان

پشێوی و ئاڵۆزییەکانی سنوور بەردەوامن لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران و وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش دەڵێت"ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام ئامادەین بۆ هەموو سیناریۆکان."

یۆئاف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت "حزبوڵای لوبنان باش دەزانێت کە ئێمە دەتوانین زیانی گەورە لە لوبنان بدەین، ئەگەر شەڕ ڕووبدات."

لەوەتای ڕۆژی 7ی مانگی 10ی ڕابردووەوە کە حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، دەکرێت بگوترێت ئیسرائیل و حزبوڵا ڕۆژانە تەقە لە یەکتر دەکەن لەمدیوو و ئەودیوی سنووری نێوانیانەوە.

ئاستی پشێوییەکان لەم مانگەدا بەرزتربوونەوە پاش ئەوەی تەلئەڤیڤ ڕایگەیاند "نەخشەکانی شەڕی لوبنان ئامادەیە" و حزبوڵاش دەستیکرد بە هەڕەشەکردن و جەختی دەکردەوە لەوەی "ئەگەر شەڕ ڕووبدات، ئەوا هیچ کەسێک لە ئیسرائیلدا پارێزراو نابێت."

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەی ئەم هەفتەیەیدا لەگەڵ گالانت، پێی ڕاگەیاندووە "شەڕ لەگەڵ حزبوڵادا دەشێت بەرەنجامی خراپی هەبێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
بەڕێز ئۆستن، داوای چارەسەری دیپلۆماتیشی کردووە بۆ ئەو پشێوی و ئاڵۆزیانە.

مارتن گریفث، ڕێکخەری کاروباری مرۆیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاهیدەدا لەوەی "لوبنان خاڵی دەستپێکی ئاگرە لەپشت هەموو سەرچاوەکانی پشێوی و ئاڵۆزییەوە" و دەشڵێت ئەگەری ئەو شەڕە شتێکی تۆقێنەرە.

ئەڵمانیا چووە پاڵ کەنەداوە و داوای لە هاووڵاتیانی خۆی کردووە کە لە لوبنانن تا ئەو وڵاتە جێبهێڵن و ئەو ئاگاهیانەیشی چەندبارە کردۆتەوە کە لە پاش ڕووداوەکانی 7ی مانگی 10ی ڕابردووەوە دابونی.

بەپێی دواترین هەواڵ، لەو پێکدادانانەی تا درەنگانێکی ڕۆژی چوارشەممە ڕوویانداوە لەسەر سنووری لوبنان، هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل 10 هێرشی ئاسمانییان کردووە و وەک میدیاکانی لوبنانیش ئاماژەیان پێکردووە، حزبوڵا 6 هێرشی کردۆتە سەر پێگەکانی لەشکری ئیسرائیل.

کاربەدەستێکی ئەمەریکایی دەڵێت "واشنتۆن، لە وتووێژێکی چڕ و پڕدایە لەگەڵ ئیسرائیل و لوبنان و کاراکتەرەکانی تریشدا و بڕوایشی بەوەیە کە نابێت هیچ لایەک هەوڵی پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی پشێوی و ئاڵۆزییەکان بدات."

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا دەڵێت "زۆر زۆر نیگەرانە" بەهۆی ئەو شەڕ و پێکدادانانەی لە سنووری لوبنان هەن لەگەڵ ئیسرائیلدا.
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا داوای لە هەموو لایەنەکانیش کردووە تا پشوودرێژی خۆیان بپارێزن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا دەڵێت "توندوتیژییەکان لەسەر سنووری ئیسرائیل بە شێوەکی بەرچاو چڕ دەبنەوە" و هەروەهاش داوای جێڤەجێکردنی بڕیاری 1701ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بۆ کاروباری بەڕێوەبردنی زۆنی سنوور و پەیمانی وابەستەیی پاریس دەدات و دەشڵێت "فەڕەنسا بە تەواوەتی وابەستەیە بۆ ڕێگەگرتن لە هەموو ئەو مەترسییانەی دەبنە مایەی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکان لەو هێڵە شینەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دیارکراوە."

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگ لە غەززە، دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 37,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

سەرچاوە: فرانس پرێس