سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا: بوونی بزووتنەوەی حەماس لە عێراق بە فەرمی خراپەی زۆرترە وەک لەبەرژەوەندی

سەعد ئەلمەتڵەبی

سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، گواستنەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ عێراق و کردنەوەی نوسینگەی ئەو بزووتنەوە فەڵەستینییە لە بەغدا کارێکی دروست نییە، بەڵکو کەڵەکەکردنی کێشەیەکی ترە لە سەر کێشە کەڵەکە بووەوەکان.

هەرچەندە هێشتا بەرپرسانی عێراق بەفەرمی ئەگەری پێشوازیکردنیان لەسەرکردەکانی حەماس پشێتڕاست نەکردووەتەوەو ددانیان پێدا نەناوە، بەڵام چاودێرانی سیاسی پێیانوایە بەغدا یەکێک لە بژاردەکانە بۆ ئەوەی سەرکردەکانی حەماس دوای دەرکردنیان لە قەتەر ڕووی تێبکەن.

سەعد ئەلمەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هێشتا دڵنانین لە دروستی زانیاری گواستنەوەی سەرکردەکانی حەماس بۆ بەغداو زانیاری تەواوم لا نییە، بەڵام ئەو کارە بەباش نازانم."

ماڵپەڕی هەواڵی زە ناشناڵ بڵاویکردەوە، ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی حەماس مانگی ڕابردوو لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی عێراق و ئێران کۆبووەتەوە بۆ گفتووگۆکردن لەسەر مەسەلەی گواستنەوەی سەرکردەکانی حەماس بۆ بەغداو دەڵێت،"حکومەتی عێراق ڕازی بووەو ئێرانیش بەرپرسیارێتی خۆی نیشانداوە بۆ پاراستنییان."

سەعد ئەلمەتڵەبی، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا دەڵێت، "حەماس بزووتنەوەیەکی بەرگرییە نەک سیاسی، پێموانییە هاتنییان بۆ عێراق هەنگاوێکی دروست بێت."

دەشڵێت،"عێراق پەیوەندی لەگەڵ نوێنەری شەرعی خەڵکی فەڵەستین هەیە کە ڕێکخراوی ڕزگاری فەڵەستینە."

بەڕای چاودێرانی سیاسی، کۆچکردنی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆ عێراق خواستی ئێرانییەکانیشە، بەو پێیەی ئێران بۆ خۆقوتارکردن لەفشاری نێودەوڵەتی نایەوێت بیانبات بۆ وڵاتەکەی، بەڵام دەیەوێت لە عێراق بن و بە ئاسانی پەیوەندی لەگەڵیان بەردەوامی هەبێت.

سەعد ئەلمەتڵەبی دەڵێت، "بوونی بزووتنەوەی حەماس لە عێراق بە فەرمی خراپەی زۆرترە وەک لەبەرژەوەندی. عێراق گیرۆدەی دەست قەیرانەو زۆر کێشەمان لەگەڵ وڵاتان وسیستەمە سیاسییەکان هەیە، زیادکردنی کێشە بۆ کێشەکانی تر گونجاو نییە."

دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی 10 ی ساڵی 2023، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە بەردەوامی هەیە، ئیسرائیل جگە لەوەی ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە تا ئەوکاتەی بارمتەکانی لای بزووتنەوەی حەماس ئازاد دەکات، هاوکات جەخت لەسەر کۆتایی هێنانیش بە بزووتنەوە فەڵەستینییەکە دەکاتەوە.

گروپە چەکدارەکانی عێراق لە دوای هەڵایسانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە ئاشکرا پشتگیری خۆیان بۆ حەماس ڕاگەیاندووە، چەندین جاریش هێرشیانکردووەتە سەر بنکە ئەمەریکییەکان بە پاساوی پشتگیری کردنی ئیسرائیل.

لە حاڵەتی ڕۆیشتنی سەرکردەکانی حەماس بۆ عێراق، جگە لەوەی پەیوەندییان لەگەڵ ئێران ئاسانتر دەکات، هاوکات لەلایەن میلیشیا شیعەکانیشەوە پارێزگارییان لێدەکرێت و پاڵپشتی دەکرێن.

سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا ڕوونیکردەوە، بەرگری مافێکی شەرعییە لە هەر ناوچەیەکی داگیرکراوی نیشتمانی عەرەبی و دەڵێت،"هەماهەنگی گروپی بەرگری عێراق لە گەڵ حەماس لەدەرەوەی بازنەی فەرمی دەوڵەتی عێراقەو هۆکارەکەی هاوسۆزییە، بەڵام بەرگری مافێکی شەرعییەو نوێنەرایەتی هێڵی شەرعی دەوڵەتی عێراقیش ناکات."

پێشتر وڵاتانی نێودەوڵەتی ڕازیبوون بەوەی قەتەر جێی سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بکاتەوە، تا ئەو وڵاتە وەکو کەناڵێکی پەیوەندی لەگەڵیان بەکاربهێنن، بۆیە فشارەکان بۆ دەرکردنی سەرکردەکانی حەماس بە کۆتاییهاتنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ئەو بزووتنەوە فەڵەستینییە لێکدەدرێتەوە.

سەعد مەتڵەبی، سەرکردەی دەوڵەتی یاسا هێرشیکردە سەر قەتەرو وتی،"قەتەر نوێنەرایەتی ئیسرائیل و هێڵی ئەمەریکی دەکات، حەماس نوێنەرایەتی خەڵکی غەزە دەکات کە تاوانی دەرهەقکراوە، بۆیە ئەو هەڵوێستەی قەتەر چاوەڕوانکراوە."