کەسوکاری تۆمەتبارانی سوتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوک دەڵێن هەتا ئێستا ڕێگە نەدراوە پارێزەریان هەبێت

دیمەنێکی وێرانەی دوای ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر بەرواری 7ی سێی 2024.

کەسوکاری ئەو چەند کەسەی تۆمەتبارن بە سوتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و کەرکوک و دهۆک بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێن تۆمەتبارەکان کە لە شاری بەغدا زیندانی کراون و هەتا ئێستا ڕێگە بە دیاریکردنی پارێزەر بۆیان نادرێت، وە ئاشکراکردنی ناوەکانیان بەر لە یەکلایی بوونەوەی تۆمەتەکان "تەواو پێچەوانەی یاسایە."

کەسێکی نزیک لە دەستیگرکراوەکان کە لەبەر هەستیاری بابەتەکە داوای کرد ناوی ئاشکرانەکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "بە هیچ شێوەیەک دادگا و هێزە ئەمنییەکان هەتا ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی مانگی حەوت ڕێگەیان نەداوە پارێزەر بیانبینێت و بریکارنامەیان لێوەربگرن و لە دۆسیەکەیان بکۆڵنەوە."

چەند سەرچاوەیەکی خێزانەکە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێن "دڵنیاین" لەوەی لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا دانپێدانیان پێکراوە؛ پارێزەرێکی ڕاوێژکاریش دەڵێت، بەپێی دەستوری عێراق ناوهێنانی تۆمەتباران و هێنانیان بۆ سەر شاشەکانی تەلەفزیون پێچەوانەی یاسایە، چونکە هێشتا بڕیاری کۆتایی لە بارەی دۆسیەکانیان نەدراوە.

ڕۆژی 1ی حەوتی 2024، وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لە بەغدا ناسنامەی سێ کەسیان ڕاگەیاند کە تۆمەتبارن بە سوتاندنی بازاڕەکانی چەلی لە دهۆک و قەیسەری و لەنگەی هەولێر و قەیسەری کەرکوک.

دوای زنجیرەیەک لە ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک، شەوی 20ی مانگی پێنجی 2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەری کۆنی کەرکوک کەوتەوە و نزیکەی 100 دوکان و کۆگای جل و بەرگ سوتان، کە زیانەکانی ئاگرەکە بە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

دەنگی ئەمەریکا لە چەند سەرچاوەیەکەوە زانیویەتی دوای سێ ڕۆژ لە کەوتنەوەی ئاگرەکەی کەرکوک، کەسێک بە ناوی ( م.ن.ح) کە کارمەندی هێزەکانی دژە تیرۆرە لە سلێمانی و خەڵکی کەرکوکە، لە نێو شاری کەرکوک لەلایەن هێزێکی هەواڵگری عێراقەوە لەسەر سوتاندنی بازاڕەکە دەستیگرکرا. ڕۆژی 25ی مانگی پێنجیش، لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی گشتی پۆلیسی کەرکوک لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پینج کەسمان لەسەر ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری کۆنی کەرکوک دەستیگرکردووە و سەرجەمیان ئیشکگر و پاسەوانی بازاڕەکە بوونە، بەوەی ئەمانە پاسەوانی بازاڕەکە بوونە و بەرپرسیاربوونە لە پارێزگاریکردن لە بازاڕەکە."

سەرچاوەیەک لە کەسوکاری دەستیگرکراوەکان کە لەبەر هەستیاری بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " (م.ن.ح)، ( ه.ف.ئ) و زاوایەکیان بە ناوی( س.ح.ن) کە هەردوکیان خوێندکاری کۆلێژی یاسابوون لە کەرکوک لە بەیانی زووی ڕۆژی 25ی مانگی پێنجی 2024، بەڕێدەکەون بۆ کەرکوک و بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن، بەڵام دوای تەواوکردنی تاقیکردنەوەکانیان و هاتنە دەرەوەیان لەلایەن هێزێکی هەواڵگری عێراقەوە دەستگیردەکرێن، دوای داخستنی مۆبایلەکانیان و وەڵامنەدانەوەیان دەستمان کرد بە سۆراغکردنیان. شەوی هەمان ڕۆژ بە ڕووداوەکەمان زانی کە دەستیگرکراون."

وتیشی، "لە بەرواری 26ی مانگی پێنجی 2024ەوە، واتا ڕۆژێک لە دوای دەستیگرکردنیان و ڕۆژانی جیاواز هەوڵدەدەین لە ڕێگای سێ پارێزەرەوە دۆسیەکانیان بخوێندرێنەوە و تۆمەتباران ببینن و بریکارنامەیان لێوەربگرن، بەڵام لە لایەن دادگای کەرکوک و هەواڵگری عێراقەوە ڕێگەنەدرا، ئەمەش بە پێچەوانەی یاسا ناودەبەین."

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکرد، "دوای ئەوەی کە تۆمەتباران گواسترانەوە بۆ بەغدا، دیسانەوە هەوڵماندا لە ڕێگای چوار پارێزەرەوە شوێنیان بزانرێت و دۆسیەکانیان بزانرێت و بریکارنامەیان لێوەربگیرێت، بەڵام دیسانەوە نە دادگا و نە هەواڵگری عێراق ڕێگەیان نەدا ببینرێن هەتا بەرواری 4ی مانگی حەوت. بۆیە دڵنیاین لەوەی کوڕەکانمان بەمەبەستی سیاسی دەستیگرکراون و ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر دراون، تانانەت کاتێک هێنرانە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکە دوانیان قاچی دەشەلی، هەروەها دڵنیاین لەوەی دەمیان بە ماسک داپۆشرابوو لە ژێر ماسکەکانەوە لەزگە درابوو لە دەمیان هەتا هیچ هاوارێک نەکەن."

لە کاتی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و حکومەتی هەرێمدا هەرسێ تۆمەتبارەکە دەردەکەون کە بە قۆڵبەستکراوی پشتیان لە کامێراکان کراوە و جلی زەردی زیندانییان لەبەرکراوە و دەم و چاویان بەستراوە.

Your browser doesn’t support HTML5

کاسبکارانی بازاری قەیسەری هەولێر دەڵێن پێویستە جیاکاری لە قەرەبووکردنەوە نەکرێت لە نێوان شارەکان

هەتا بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ پشتراستکردنەوەی تۆمەتەکانی کەسوکاری دەستگیرکراوان لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و عێراقەوە بێ ئەنجام بوون. هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە هێمن میرانی، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، و دادگای کەرکوک بێ ئەنجام بوون.

سەرچاوەیەکی باڵا لە هێزە ئەمنییەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەزارەتی ناوخۆ تەنها سێ کەسی خستە ڕوو کە دەستگیری کردوون، بەڵام خۆی لە ڕاستیدا ژمارەیان چوار کەسە و کەسێکی دیکەیان کە ناوی نەهاتووە بە ناوی( م.ح.ن) دەستگیرکراوە و ئەویش بە هەمانشێوە گواستراوەتەوە بۆ بەغدا."

لە کاتی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی 1ی حەوتدا میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند تۆمەتبارەکان ئەندامی پەکەکەن و "هەوڵیانداوە سەقامگیری پارێزگاکانی کەرکوک و دهۆک و هەولێر بخەنە مەترسییەوە."

دواتر هێمن میرانی، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، ناسنامەی کەسە دەستیگرکراوەکانی ئاشکرا کرد و تی، "دووان لە دەستیگرکراوەکان سەر بە هێزەکانی حەفتا و دژە تیرۆری یەکێتین و لەلایەن پەکەکەوە ڕاهێنانیان لە کفری و سەنگەسەر و سلێمانی پێکراوە."

دواتر کەجەکە لە بەیاننامەیەکدا بە توندی ئەو تۆمەتانەی دژ بە "كۆمەڵێك جەنگاوەری پارتی كرێكارانی كوردستان" ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، "هەمووان دەزانن ئەم هێرشانە لەلایەن دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) و ڕێكخراوی هەواڵگریی پارتی دیموكراتی كوردستان پارستنەوە ئەنجام دراون."

یەکێتیش بە هەمان شێوە تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە. وتەبێژەکەی، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەم تۆمەتانەی بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی دژ بە یەکێتی و "لێدانی زەنگی شەڕی ناوخۆ" ناوبرد.

ئەمەش ببینە یەکێتی و کەجەکە تۆمەتبارکردنیان بە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوک ڕەتدەکەنەوە

هاوکات نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە 2ی مانگی حەوتی 2024، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی نەمسا لە ڤیەننا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، "ئەوەی باسکراوە و دیارە و ڕوونە پەکەکە لە پشت ئەم بابەتە بووە، هەم ئەوانەی لە هەولێر ڕوویانداوە و هەم ئەوانەی کەرکووک. ئەوەی پەیوەندی بە یەکێتیی نیشتمانییەوە هەبێت، هیچ بەڵگەیەک نییە کە یەکێتیی نیشتمانی وەکو حزب پاڵپشتی ئەم بابەتەی کردبێت.

لێکۆڵینەوەکەش لە بەغداوە کراوە و هەمووشتان لە تەلەڤزیۆنەکان بینیتان. وەک رێکخراو، دەکرێت کەسانێک هەبن وەک تاک پەیوەندی یان ئەندام بووبن یان پێشتر ئەندام بووبن ئەوە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام وەکو هێزێکی سیاسی، هیچ بەڵگەیەک نییە یەکێتی وەک هێز لە پشتی ئەم بابەتەوە بووبێت."

کەسوکاری دەستیگرکراوەکان ئەگەرچی هەتا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان لەسەر دەستیگرکردنەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەک لە خانەوادەکانیان ئەوەی بە دەنگی ئەمەریکا وت، "تەواو نیگەرانین لە هێنانی ناوی کەسەکانمان و لەکەدارکردنیان و پیشاندانیان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، ئەمەش ئەوە دەسلمێنێت کە بە پێچەوانەی یاسا کارکراوە لەم دۆسیەیەدا."

بە گوێرەی مادەی 19 بڕگەی پێنج لە دەستوری عێراق، تۆمەتبار بێتاوانە هەتاوەکو تۆمەتەکەی بەپێی بڕیارێکی کۆتایی بەسەردا دەسەپێندرێت.

شارەزایانی یاسا دەڵێن بە گوێرەی یاسای پارێزەرایەتی و دەستوری عێراقی و یاسای سزادانی عێراقی، پێویستە پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی تۆمەتبار ڕوون بێت و نابێت بهێنرێتە سەر شاشەکانی تەلەفزیون هەتا سزای کۆتایی و بڕیاری دادگا دەرنەچێت.

ئەردەڵان شێخ فاتیح پارێزەری ڕاوێژکار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ژێر ڕۆشنایی دەستور و یاسا عێراقیەكان دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ئەم هێنانە سەر شاشەی تۆمەتباران پێچەوانەی یاسایە و هیچ بنەمایەكی یاسایی نییە، چونكە دەبێت كەسەكان دادگایی بكرێن وتاوانباربونیان بسەلمێنرێت ئەوجا ڕای گشتی لە تاوانەکە ئاگادار بكرێتەوە. چونكە زۆرجار بەشێك لەو كەسانەی دەهێنرێنە سەرشاشە لە ئەنجامدا بێ تاوان دەردەچن و دەتوانن لە پای ئەو ناوزڕاندنەیان داوای قەرەبو بكەن، ئەمە جگە لەوەی ئەم هێنانە سەرشاشە زیان بە ناو و ناوبانگی كەسەكان دەگەیەنێت."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دیار جەمال