پرسی توندووتیژی بەرامبەر ژنان لە هەرێمی کوردستان

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات توندووتیژی خێزانی بەردەوامە لە هەرێمی کوردستان و"بەرپرسانی هەرێم شکستیان هێناوە لەوەی ئەنجامدەرانی توندووتیژییەکان، وەک کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، لێدان و سوتاندن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. هاوکات ڕەخنە لە شەڵتەرەکانی داڵدەدانی ژنان لە هەرێم دەگرێت و دەڵێت،" ژنانی دادڵدەراو ئازادییەکانیان سنوردار دەکرێت."

سەرەڕای ڕەخنەکانی ڕێكخراوەکە، بەڵام ئاماژە بەوە دەکات هەرێمی کوردستان یاسایەکی پێشکەوتنخوازانەی هەیە لەسەر توندووتیژی خێزانی، بەڵام یاساکە وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت و دەڵێت،" لە نوسراوێکی سەر کاغەز زیاتر نییە."

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئاسوودە و یاساناسێک هاوڕان لەسەر خراپتربوونی دۆخی ژن لە هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای پشتگیری یاسای توندووتیژی خێزانی، بەڵام هاوڕای ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کۆکن لەسەر جێبەجێ نەکردنی یاساکە لە هەرێمی کوردستاندا. ڕەخنەش لە دەسەڵاتی سیاسی و بەرپرسان دەگرن و دەڵێن بەشێکن لە هۆکارەکانی بەردەم جێبەجێنەکردنی یاساکە و داڵدەدانی ژن کوژان و سوڵحکردن بۆ ژن کوژان.

دەپرسین:

دۆخی ژن چۆنە لە هەرێمی کوردستاندا؟

یاسای توندووتیژی خێزانی بە باشترین یاسا لە عێراقدا هەژمار دەکرێت، بۆچی ڕێکخراوەکە دەڵێت ئەو یاسایە جێبەجێناکرێت، هۆکارەکان چین؟

ڕێکخراوەکان یاسای توندووتیژی خێزانی بە گونجاو دەزانن و لێی ڕازین وەک ئەوەی ڕێکخراوەکە دەڵێت؟

ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە ئاستێکی بەرزدایە، جگە لە خراپی دۆخی هەرێمی کوردستان، هۆکاری جیابوونەوەکان هۆشیاری ژنانە لە ئێستادا، یان خراپی دۆخی هاوسەرانە؟

هاوسەرگیری پێشوەختە و مارەکردنی ژنان لە خوار تەمەنی هەژدە ساڵ لە دادگاکانی هەرێمدا هەتا چەند یاساییە؟

کوشتنی ژنان و خۆکوشتنی ژنان بە ئازارترە لە ساڵانی ڕابردوو، بۆچی ڕێکخراوەکانی ژنان لێی بێدەنگن؟ هۆکارەکەی بۆ تەشهیری کۆمەڵگە بە ژنان دەگەڕێتەوە، یاخود یان ژنان کەمتر خۆیان بە بەرپرس دەزانن؟

ژن کوژان لە هەرێم سزا دەدرێن؟ یان لە دەرەوەی یاساکان سوڵحیان بۆ دەکرێت؟

هێنانی ژنی دووەم هۆکارێکە لە هۆکارەکانی تووندووتیژی؟

ئایا خیانەتی هاوسەری بەرزە؟ کام ڕەگەز زیاتر خیانەتی هاوسەری ئەنجام دەدەن؟

ئایا ئەم ڕاپۆرتانەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کاریگەریان لەسەر ناشرینکردنی هەرێم هەیە؟

ئایا بەرپرسان گوێ بەم ڕاپۆرتانە دەدەن؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری هەریەک لە بەڕێزان:

خاتوو خانم رەحیم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئاسوودە.

خاتوو پەیمان عیزەدین، یاساناس و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

Your browser doesn’t support HTML5

پرسی توندووتیژی بەرامبەر ژنان لە هەرێمی کوردستان

خانم ڕەحیم:

دۆخی ژن خراپە لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام شێڵتەرەکان ئیشی باش دەکەن و هەماهەنگییەکی باشیان هەیە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژناندا. لەگەڵ ئەو بەشەی ڕاپۆرتەکە نیم کە دەڵێت ئازادی ژنانی داڵدەدراو لە شێلتەرەکان سنووردارە.

یاسای توندووتیژی خێزانی یاسایەکی باشە و ئەوەی لە عێراقدا هەیە بە ڕوبعێکی ئەوەی هەرێم باش نییە، چەندین ساڵە هەوڵدەدرێت ئەم یاسایە باش بکرێت، بەڵام بۆ تەنها جارێکیش خوێندنەوەی بۆ نەکراوە لە پەرلەمانی عێراقدا.

کەمبوونەوەی چالاکی ڕێکخراوەکانی ژنان، پەیوەندی بە کەمکردنەوەی هاوکاری ڕێکخراوە دەرەکیەکان و قۆرخکاری هاوکاری و فەندە دەرەکیەکانەوە هەیە لەلایەن حزبەکانەوە، سەرەڕای ئەوەی ژنان گەشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە بێکەس و بێ پشتووپەنان لە حاڵەتی لێدانیان لەلایەن کۆمەڵگاوە.

هێنانی ژنی دووەم لەلایەن بەرپرسانەوە کەمتربۆتەوە، و ساڵانی نەوەدەکان سەردەمی زێڕینی بەرپرسان بوو بۆ هێنانی ژنی دووهەم.

پەیمان عیزەدین:

یاسای توندووتیژی هەرێم و عێراقیش یاسای باشن، بەڵام کێشە لە جێبەجێ نەکردنی یاساکاندایە.

هۆکاری جیابوونەوەی هاوسەران جگە لە خراپی دۆخی هەرێم، شکستی ئەو فۆڕمەی هاوسەرگیریە کە لە کوردستاندا هەیە. ژن هەیە هێشتا تەمەنی 25 ساڵە دوو یان سێ جار هاوسەرگیری کردووە.

هاوسەرگیری ژنان لە دادگاکاندا لە خوار تەمەنی هەژدە ساڵ واتە لە تەمەنی شانزە ساڵیەوە، بۆ حاڵەتی تایبەت و زەرووریەتە، وەک ئەوەی کچێک سکپڕ بووبێت یان پەردەی کچێنی لەدەستدابێت لە ئەنجامی پەیوەندی لەگەڵ کوڕێکدا، ئەویش بە ڕەزامەندی وەلی ئەمرەکەیەتی، بەڵام لە هەرێمدا وانییە و بووە بەشتێکی ئاسایی کە کچان لە شانزە ساڵیەوە گرێبەستی هاوسەریان بۆ دەکرێت لە دادگاکاندا.

سوڵحی عەشایەری هەیە لە دەرەوەی دادگاکان، دادگاکانیش هەندێک جار یاری بە کات دەکەن تا دۆسیەکان بە سوڵح یەکلا دەکرێنەوە، ئەمە تەنها لە دۆسیەی ژن کوشتندا نا، بەڵکو بۆ کێشەکانی تریش ڕاستە.

لەم دوو ساڵەی دواتردا ڕەواج دراوەتەوە بە هێنانی ژنی دووەم و ئامارەکەش لە بەرزبوونەوەدایە، بەشێک لەوانە بەرپرسان و پەرلەمانتاران و چینی نوخبەن.

دووبارەبوونەوەی ڕەخنەی ڕێكخراوەکان لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان مانای چاکسازی نەکردن و گوێنەگرتنی حکومەتی هەرێمە لەو ڕاپۆرتانە، حکومەتی هەرێم هیچ کاتێک دانی نەناوە بەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکرێن بەڵکو بە تەواوی ڕەتی دەکەنەوە.