کاردانەوەکان لەسەر هەواڵی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە ڕێبەری حەماس لە تاران

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تاران، چەند وڵاتێکی عەرەبی کاردانەوەی خۆیان ڕاگەیاند:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت وڵاتەکەی بە توندترین شێوە کوشتنی هەنییە سەرکۆنە دەکات و بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی ناودێری دەکات و دەڵێت هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

وەزارەتی دەرەوەی سوریاش لەم بارەیەوە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و کوشتنی هەنییەی بە تاوان ناودێرکرد و سەرەخۆشی لە فەلەستینییەکان کرد.

قەتەر و میسر کە نێوەندگیری دانوستانەکانی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەکەن، ڕایانگەیاند، کوژرانی ئیسماعیل هەنیە ڕێبەری بزووتنەوەی حەماس، ڕەنگە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە بخاتە مەترسییەوە.

شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالثانی، سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، " کوشتنی سیاسییەکان و بەردەوامی بە ئامانجکردنی خەڵکی سڤیل لە غەززە لە کاتێکدا گفتوگۆکان بەردەوامن، ئەو پرسیارەمان لا دروستدەکات کە چۆن نێوەندگیری سەرکەوتوو دەبێت کاتێک دانوستانکارێک ئەوی دیکە دەکاتە ئامانج و دەیکوژێت؟."

لە ئوردنیش، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا سوفیان ئەلقضات، گوتەبێژی وەزارەتەکە بە توندی کوشتنی هەنییەی سەرکۆنەکرد و بە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتان و یاسای نێودەوڵەتی ناودێری کرد.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام گومان دەکرێت ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجام دابێت، بەو پێیەی پێشتر بەڵێنی دابوو هەنیە و سەرکردەکانی تری حەماس لەناو ببات بەهۆی هێرشەکەی 7 ی مانگی دەی رابردوو بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1200 کەس و بە بارمتەگرتنی 250 کەس