لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە شیانی هێرشی بەرفراوانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل مۆڵەتی سەرجەم فڕۆکەوان و کارمەندەکانی هەڵوەشاندەوە.
لەهەمان کاتدا هێڵی ئاسمانی لوفتانزا و ژمارەیەک هێڵی ئاسمانی دیکە بەهۆی ترسی بەرزبوونەوەی گرژییەکان و ڕوودانی ململانێی سەربازی، گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئیسرائیل، ئێران، ئوردن، لوبنان و عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەڵوەشاندەوە یان دواخست.
ڕۆژی دووشەممە 12ی هەشت، ئیسرائیل ڕایگەیاند لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ژەنەڕاڵ تۆمۆر بار، فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل مۆڵەتی سەرجەم فڕۆکەوانان و کارمەندانی دیکەی هێزەکەی هەڵوەشاندەوە.
ئەم فەرمانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە گەشتەکانی کارمەندانی هەمیشەیی بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی ئەنجامدانی کۆبوونەوە و ڕاهێنان پێویستە پێداچوونەوەی بەسەردا بکرێت.
ڕۆژی یەکشەممە، تۆڕە زانیارییەکانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە سوپا داوای لە هەموو ئەو سەربازانە کردووە کە گەشتیان کردووە یان دەکەن بۆ کۆمارەکانی گورجسان و ئازەربایجان دەستبەجێ بگەڕێنەوە بۆ ئیسرائیل، چونکە لەوانەیە ئەو وڵاتانە ببنە ئامانجی هێرشەکانی دژە ئیسرائیل لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەک تۆڵەسەندنەوەی مەرگی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی حەماس.
دوابەدوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، لە تاران، سەرۆکی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد.
دەسەڵاتدارانی ئێران و گرووپی حەماس، ئیسرائیل بە بە هۆیکاری کوشتنی ئیسماعیل هەنیە دەزانن، هەرچەندە تا ئێستا ئیسرائیل ئەم تۆمەتەی ڕەت نەکردووەتەوە و پشتڕاستشی نەکردووەتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە وەزیرانی بەرگری ئەمەریکا و ئیسرائیل هەڕەشەکانی ئێرانیان بۆ سەر ئیسرائیل هەڵسەنگاندووە.
لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە تویتێکدا دەڵێت " ڕۆژی یەکشەممە پەیوەندیم بە گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیلەوە کرد بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمان بۆ گرتنەبەری هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل و ئاماژەم بە بەهێزبوونی هەڵوێست و تواناکانی هێزی سەربازی ئەمەریکا کرد لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
ئۆستن گوتیشی " هەروەها باسمان لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە غەززە و گرنگی کەمکردنەوەی زیانە مەدەنییەکان و هەنگاونان بەرەو دەستەبەرکردنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکانی کە لە غەززە گیراون و هەوڵەکانمان بۆ ڕێگریردن لە دەستدرێژییەکانی ئێران، حزبوڵای لوبنان و گرووپەکانی دیکەی هاوپەیمانی ئێران لە سەرانسەری ناوچەکە کرد."
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە پاش ئەوە دەستیپێکرد کە لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن لە هێرشەی حەماسدا 1200 کەس لە ئیسڕائیل کوژراون و نزیکەی 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون کە ژمارەیەکیان هێشتا ئازاد نەکرون.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززەش، نزیکەی 40هەزار کەس لە غەززە لە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیلدا کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن. ئیسرائیل دەڵێت هەزاران چەکداری بزووتنەوەی حەماس لەنێو کوژراوەکاندان.