سەرکردەیەکی عەرەب: پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی چاوەڕێی دادگای فیدراڵی عێراق دەکەن

سەرۆکی پارتی ئامانجی عەرەبی لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەکەن لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بە بێ بەشداریکردنی ئەوان.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرۆکی پارتی ئامانجی عەرەبی و کاندیدی هاوپەیمانی عەرەبی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی حکومەتی خۆجێی کەرکوک یەکلایی دەکەنەوە."

شەوی 10 ی مانگی هەشتی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە بێ پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند.

ئەو سێ لایەنەی پێکهێنەری حکومەتی خۆجێی کەرکوکن خاوەنی 9 کورسی ئەنجومەنی پارێزگان لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە، لەکاتێکدا پارتی دیموکرات و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی کە بەشداری پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان نەکردووە خاوەنی 7 کورسین.

دوای پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، هەریەک لە بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایان تۆمارکردووەو دانیشتنەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان بە بەشداری نۆ ئەندامی ئەنجومەنەکە بە نایاسایی ناوبردووە.

کامەران کەرکوکی، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکوک لە کوتلەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر دادگای فیدراڵی لە ڕوانگەی سیاسییەوە بڕیار لەبارەی سکاڵاکەی بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی بدات، ئەوا سکاڵاکەیان ڕەتدەکاتەوە."

هەروەها وتیشی،"گەر دادگای فیدراڵی لە ڕوانگەی یاساییەوە لە سکاڵای ئەو دوو لایەنە بڕوانێت، ئەوا سکاڵاکە لەبەرژەوەندی ئەوان یەکلایی دەکاتەوە."

بەپێی ڕێککەوتنی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، پۆستی پارێزگار بۆ رێبوار تەها لە یەکێتی نیشتمانی، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەن بۆ محەمەد ئیبراهیم حافزو پۆستی جێگری پارێزگار بۆ ئیبراهیم تەمیمی لە عەرەبی سونە، هەروەها پۆستەکانی جێگری دووەمی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنیش بۆ پێکهاتەی تورکمان جێهێڵراون.

ڕۆژی 14 ی هەشتی 2024، ڕێبوار تەها کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەکو پارێزگاری نوێی کەرکوک دەست بەکاربوو، دواتریش هەریەک لە جێگری پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە فەرمی پۆستەکانیان وەرگرت.

ئیسماعیل حەدیدی، دەڵێت،"ڕەنگە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەرەی تورکمانی بەشداری حکومەتی خۆجێی کەرکوک بکات چونکە پۆستیان بۆ دانراوە، بەڵام ڕەنگە هاوپەیمانی عەرەبی وەکو ئۆپۆزسیۆن بمێنێتەوە."

ئەو وتیشی،"پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی ناتوانن تا کۆتایی بەشداری دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا نەکەن، بۆیە دوای بڕیارەکەی دادگا دەبێت خۆیان یەکلایی بکەنەوە."

جگە لە کۆبوونەوەکەی شەوی 10 ی مانگی هەشتی 2024 ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کە تێیدا فراکسیۆنی یەکێتی و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەشدارییان کرد، تا ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام نەدراوە کە تێیدا رێژەی یاسایی ئەندامەکانی بەشداربن.

کامەران کەرکوکی دەڵێت،"بڕیارە سبەینێ شەممە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆ ببێتەوە، هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی بەشداری ناکەن، بەڵام هێشتا پارتی بڕیاری یەکلا کەرەوەی نەداوە."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی 5 کورسی، عەرەبی سونە بە سێ لیستەوە 6 کورسی، بەرەی تورکمانی 2 کورسی، پارتی 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە بەدەستهێناوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە کەرکوک کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێناچێت پارتی و هاوپەیمانی عەرەبی بە ئاسانی بەشداری حکومەتی خۆجێی کەرکوک بکەن، چونکە پۆستێکی ئەوتۆ نەماوەتەوە بە دڵیان بێت، بەڵام ڕەنگە بەرەی تورکمانی نەرمی بنوێنێت گەر هاوکێشە ئیقلیمییەکە ڕێگر نەبێت."