ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران: لەم چەند مانگەدا بەغدا مانگانە 100 ملیار دیناری زیاتر لە مووچە ناردووە بۆ هەرێم

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، ڕایدەگەیەنێت، لە چەند مانگی ڕابردوودا 30 هەزار ناو زیادکراوە بۆ لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، کە بڕی 100 ملیا دینار زیادەی مووچە دەکات، بۆیە حکومەتی عێراق ئامادە نییە مووچەی مانگی حەوت بدات و بە هەرێمی وتووە دەبێت خۆیان مووچەی ئەو مانگەی مووچەخۆرەکانیان دابین بکەن.

ڕێبوار ئەو ڕەحمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو زانیاریانەی لە بەغداد دراوە بە ئێمە ئەوەیە، لە رابردوودا ناوی زیادە هەبووە لە لیستی مووچەدا، هەموو مانگێک 100 ملیار زیاتر وەرگیراوە زیاتر لە مووچە، واتە 30 هەزار ناو زیاد کراوە 13 هەزار لەلایەن یەکێتی و 17 هەزار لەلایەن پارتیەوە زیاد کراوە، ئەمە هۆکارە بەغداد بەم جۆرە مامەڵە دەکات."

وتیشی،" پارتی و یەکێتی ئامادەی تەوتین نین، ئەگەر مووچە تەوتین بکرێت کێشە نامێنێت."

زیاتر لە 55 ڕۆژە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا چاوەڕێی مووچەی مانگی 7 بوون، بەڵام ئەندامە کوردەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێن بەغداد پێی ڕاگەیاندوون، مووچەی مانگی 8 دەنێرن و مانگەی 7 دەبێت حکومەتی هەرێم خۆی دابینی بکات.

هۆکارەکەشی دەگێڕنەوە بۆئەوەی حکومەتی عێراق لە مانگەکانی 2، 3، 4، 5، 6، بڕی زیاتر لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی ناردووە، بۆیە هەرێم دەبێت لەو زیادەیە مووچەی مانگی 7 دابین بکات.

ئەندامێکی تری ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق، وێڕای "تاوانبار"کردنی حکومەتی هەرێم لەم کێشەیە عێراقیش بە "تاوانبار" دەزانێت و پێی وایە بێ بەری نییە لەم دۆخەی مووجەخۆرانی هەرێم تێی کەوتوون.

دکتۆر موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کێشەکە ئەوەیە سیستەمێکی مەرکەزیمان نییە کە هاوڵاتی ڕاستەوخۆ تابعی فیدڕاڵ بێت، هەرێم بۆتە دیوارێک لە نێوان ئێمە و بەغداد، ئەم دیوارە چەند پاراستنمان بۆ دروست دەکات، ئەوەندەش بەربەستمان بۆ دروست دەکات بەربەستەکە لە مووچەدا ڕەنگی داوەتەوە."

وتیشی،" حکومەتی عێراق خۆی لە بیانووە هەرێمیش بیانوو دەداتە دەستیان، هۆکارەکەی حکومەتی هەرێمە و لە لایەکی تریش گێچەڵی عێراقە بە خەڵک، حکومەتی هەرێم بە دەرەجەی یەکەم حکومەتی عێراقیش بە دەرەجەی دووەم تاوانبارە، سەبارەت بە مووچەی مانگی حەوتیش ئەوەی بەغداد دەیڵێت قسەیەکی ناقانوونیە و مافیان نییە بەو جۆرە قسە بکەن، بە پێی بڕیاری دادگا دەبێت مووچە بنێرن و داهاتی خۆیان لە هەرێم وەربگرن."

ئەو پەرلەمانتارە لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی کێشەکەشدا ڕایگەیاند،" بڕیارمانداوە سەردانی عێراق و دادگا بکەینەوە ئەگەر بێت و چارەسەری نەکەن، چونکە ئێمە وەک یەکگرتوو پێشتر ئەو دۆسیەیەمان یەکلا کردەوە."

سەبارەت بە زیادکردنی ناو لە لیستی مووچەی مووچەخۆراندا لەلایەن یەکێتی و پارتیەوە، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە وتەبێژی یەکێتی، وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی و پەرلەمانتارانی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.

بەڵام ئەمڕۆ 27ی مانگی هەشت وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم کە لە پشکی پارتیە بە میدیاکانی ڕاگەیاند،" تێبینییه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی عێراق له‌سه‌ر لیستی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان هی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ مووچه‌ی له‌سه‌ رابگیرێت."

وتیشی،"ئیراده‌یه‌كی سیاسی له‌پشت راگرتنی مووچه‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت هه‌رێم تووشی كێشه‌ ببێت، به‌ تایبه‌تی ئێستا‌ كه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنمان له‌پێشه‌."

دوا کەوتنی مووچە کاریگەری کردۆتە سەر دەوامی فەرمانگە حکومیەکان و لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەریەکە لە بەڕێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی، بەڕێوبەرایەتی گشتی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان کرد.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی سنوور