لە دوای پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی، مەترسی سزای لە سێدارەدان لەسەر وریشە مورادیش هەیە

ژنە چالاکوانێکی سیاسی کورد دوای زیاتر لە ساڵێک لە دەستگیرکردنی، مەترسی لە سێدارەدانی لەسەرە و هاوڕێکانیشی دەڵێن، ژنانی سیاسی و چالاکوانی سزادراو لە ئێران نوێنەرایەتی دەنگی ژنانی ئازادیان کردووە لە کۆمەڵگادا، بۆیە پێویستە ڕای گشتی، خەڵکی ئازادیخواز، چالاکوانانی ژنان و ئەوانەی دڵیان بۆ ئازادی لێدەدات دەنگی ئەوان بن و نەهێڵن سیاسەتی ئێران بەرامبەر سەرکوتکردن ژنان سەربگرێت.

ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی کەژار ( کە ڕێکخستنێکی سیاسی تایبەت بە ژنانی ئێرانە) و کە هاوڕێی وریشە مورادیە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" وریشە ئەندامی کەژارە و لە ڕۆژی 1ی مانگی هەشتی 2023ەوە لە ساری سنە دەستگیرکراوە و 5 مانگ لە زیندانی تاکەکەسیدا لە بەشی 209ی زیندانی ئەویندا ماوەتەوە، ماوەی 8 مانگیشە براوەتە بەشی ژنان لەو زیندانە. وریشە دوو جار ماوەی دادگاییکردنی بۆ دانراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی باوەڕی بە سەربەخۆ بوونی دادگاکانی ئێران نییە ئامادەی دادگا نەبووە، بۆیە لە ئێستادا هاوشێوەی پەخشان عەزیزی و شەریفە مەحەمەدی مەترسی لە سێدارەدانی لەسەرە."

وتیشی،" لەو کاتەوەی دەستگیرکراوە، وریشە ئازاری زۆری جەستەیی و دەروونی دراوە لە زینداندا لە بەرامبەردا ئەویش هەڵویستی وەرگرتووە، جگە لەوەی ئامادەی دادگا نەبووە، دوو جار نامەی فەرمی ئاڕاستەی ڕای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، بۆیە ئەو ژنانەی وەک وریشە کە نوێنەرایەتی دەنگی ژنانی ئازادیان کردووە لە کۆمەڵگادا، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵکی ئازادیخواز و چالاکوانانی ژنان و ئەوانەی دڵیان بۆ ئازادی لێدەدات کە ئەوان دەنگی ئێمە بوون، پێویستە ئێمەش دەنگی ئەوان بین و بێدەنگ نەبین."

وریشە مورادی ئەندامی کەژار و چالاکوانی سیاسیە، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە ڕۆژی 30ی مانگی 8ی 2023 لە شاری سنە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراوە، دوای سیانزە ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی ئەو شارەوە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ئەوین لە تاران.

لە ڕێکەوتی 6ی مانگی 5ی 2024 یەکەم دانیشتنی دادگایی بەڕێوەدەچێت، بەڵام وریشە لە ڕێگەی نامەیەکەوە بۆ ڕای گشتی وەڵامی دادگا دەداتەوە ئامادەی دادگایی کردنەکەی نابێت.

وریشە لە نامەکەیدا دەڵێت،" لەو سزایەیەدا کە دراوە بەسەر پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی دەرکەوتووە کە دەسەڵاتی دادوەری چ دەسەڵاتێکی لاوازە لە ئێران، من بەهۆی ژن بوون و کورد بوونەوە لە زیندانم، لەبەر وێڵبوونم بەدوای ئازادی بەو سزایەیان گەیاندووم، لەسەر ئەو بنەمایە من ئامادە نیم، بچمە بەردەم دادگایەکی بەو شێوەیە."

وریشە لە بارەی دۆخیەوە لە ناو زیندام زیاتر دواوە و لە بەشێکی تری نوسینەکەیدا دەڵێت،" لەماوەی زیندانیمدا بە تایبەت لە زیندانی تاکەکەسی ئازاری زۆریان داوم و بەوهۆیەوە تووشی خوێن بەربوونی بەردەوام بووم لە ڕێگەی لووتمەوە، هاوکات چەندین جۆر سزای دەروونیان داوم، سەرەرای ئەوەی لە بینینی خێزانەکەم و تەنانەت پارێزەرەکەشم بێ بەش کراوم. "

هەرچەندە وا بڕیاربوو لە 28ی مانگی هەشتی 2024 دانیشتنی دووەمی وریشە لە دادگا بەڕێوە بچێت، بەڵام دادگاییەکەی دواکەوت بەهۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری داواکاری گشتی و ڕاوێژکاری دادگاکە، بە قسەی هاوڕیکانیشی لە ئێستادا وریشە "مەترسی بڕینەوەی سزای لە سێدارەدانی لەسەرە."

هەریەکە لە چالاکوانانی مافەکانی ژنان پەخشان عەزیزی، کە ڕۆژنامەنووسە لە 23ی مانگی حەوت و شەریفە محەمەدی، لە 4ی مانگی حەوت دا بەتۆمەتی "بەغی" ( ئەندام بوون لە گرووپە دژ بەرەکاندا) سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا، ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی پێشێلکاری یاسایی تێدا ئەنجام دەدرێت و هاوڵاتیانی ڕووبەڕووی گرتن و ئەشکەنجە و لە سێدارەدان دەبنەوە.

بە پێی دوا ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هانا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 382 کورد دەستبەسەر کراون. لەو ژمارەیە لانیکەم 19 کەسیان ژنن، 61 بەندکراویش بە 200 ساڵ بەندکردن و 188 لێدانی قامچی سزا دراون، لانیکەم 57 بەندکراو لە سێدارە دراون، وە 271 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراو و بریندار بوون.

ڕۆزەرین کەمانگەر دەڵێت،" ئەوەی کە بۆمان دەرکەوت ئیرادەیەکی بەهێز لەلایەن ژنانی زیندانیکراوی سیاسی ئێران هەیە، نموونەش پەخشان عەزیزی، شەریفە محەمەدی و وەریشە مورادین، ئەو سیاستەی ئێران بەرامبەر بە زیندانیان ئەنجامی دەدات سیاسیەتێکی دژ مرۆڤانەیە کە بەمەبەست لێی دروستکردنی ترسە لە نێو کۆمەڵگادا، بەڵام پێشەنگایەتی ژنانی سیاسی لە ئێراندا توانی وزە بدات بە تێکۆشانی گەلانی دیکەش."

وتیشی،" ئێمە وەکو کەژار ژنانی تێکۆشەرمان خستە خزمەتی ڕۆژەڤ، ئێستا کەمپەینی نا بۆ لە سێدارەدانمان ڕاگەیاندووە، کە خۆشبەختانە کەمپەینەکە لەلایەن ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپاشەوە پێشوازی لێکراوە."