کەسوکاری ئەو کۆڵبەرەی کە مانگی ڕابردوو لە کاتی کارکردنیدا، لە مەرزی لاوەکی سپیە بە گولەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق کوژرا، سکاڵایی یاساییان لە دادگا لە ڕێگەی تیمێکی پارێزەری خۆبەخشەوە تۆمارکردووە و دەڵێن، نایانەوێت بە "ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی ئەم کەیسە کۆتایی پێ بێت".
شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممەی 18ی مانگی 8ی 2024، کاتژمێر 8ی شەو گەنجێکی هەورامان بەناوی، ئارام خەلیل تەمەن 27 ساڵ، خەڵکی گوندی سەرگەتی سەر بەناحیەی بیارە، لەکاتی کۆڵبەریدا بە گولەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق کوژرا، ئەم ڕووداوەش کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە .
سعدی سەرگەتی خاڵی کۆڵبەرە کوژراوەکە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند،"سکاڵامان لەسەر چوار پاسەوانی سنور لەسەر کوشتنی کوڕەکەمان تۆمارکردووە و لەلایەن دادوەرەوە سکاڵاکە وەرگیراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگاین."
خاڵی کۆڵبەرە کوژراوەکە وتیشی، " دەمانەوێت ئەم دیاردەی تەقەکردنە بنبڕبکەین، ئامادەی هیچ دانیشتنێک نین لە دەرەوەی دادگا، چونکە ئەو کۆڵبەرانەی دیکەش کە پێشتر کوژراون، دواتر بە دانیشتنی کۆمەڵایەتی کۆتایی بە کەیسەکەیان هاتووە."
لە 23ی مانگی 6 ی 2020 کۆڵبەرێکی دیکە، لە گوندی هانەی دن لەناوچەی هەورامان، بەناوی سەیوان قانع بانیشاری، بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق کوژرا و بە رێککەوتنی کۆمەڵایەتی کۆتایی بە کەیسەکەی هێنرا، کە تا ئێستا کۆی پارەی داواکراو "بۆ خوێنی کۆڵبەرەکە" نەدراوەتە خانەوادەکەی.
تیمێکی پارێزەری خۆبەخش لە هەڵەبجە و سلێمانی بۆ وەرگرتنی کەیسەکانی کوشتن و سوکایەتی کردن بە کۆڵبەران دروستبوون و کەیسەکەیان بە بێ هیچ بەرژەوەندیەکی دارایی لە خۆگرتووە.
گۆران ئەسوەد پارێزەری خۆبەخش لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "داوکارانی مافی کەسی کە کەسوکاری کۆڵبەرە کوژراوەکەن سکاڵایان تۆمارکردووە و بریکارنامەیان بۆ پێنج پارێزەری خۆبەخش کردوەتەوە کە ئێمەین و بە شێوەیەکی ڕەسمی هاتووینەتە ناو کەیسەکەوە،نامانەوێت ئەو دەسکراوەییە هەبێت هەرکاتێک بیانەوێت کۆڵبەران بکوژن و سوکایەتیان پێ بکەن ."
ئەو پارێزەرە خۆبەخشە وتیشی، " تۆمەتباری سەرەکی بە پێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، ئەگەر دۆزرایەوە لەنێوان چەند کەسێکدا، ئەوا مادە یاساییەکەی دەگۆڕێت بۆمادەی 406 کە یەکێکە لە مادەقورسەکان و سزای توندی هەیە."
مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی دەڵێت، "هەرکەسێک بەئەنقەست کەسێکی کوشت بە زیندانی کردنی کاتی یان هەتا هەتایی سزا دەدرێت."
مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی ئەم بڕگانەی بۆ سزا دیاری کردووە.
ـ سزا دەدرێت بە لەسێدارەدان هەر کەسێک بەئەنقەست بەیەکێـک لەم بارو دۆخانەی خوارە کەسێکی تری کوشتبێت.
أ ــ کوشتنی کەسێک بە پلان و ئامادەسازی پێشوەختە.
ب ــ ئەگەر کەسێکی کوشت بە بەکارهێنانی مادەی( سام ) ترسناک ژەهراوی یان تەقەمەنی یان تەقینەوە ڕویدابێت.
ج ــ ئەگەر کوشتنەکە بەهۆی پاڵنەری پیس یان بە لە بەرامبەر کرێ یان تاوانبار ڕێگای وەحشی واتا دڕندانەی لەتاوانەکە بەکار هێنابێت..
د ــ ئەگەر کوژراو لەباوانی بکوژ بێت.
هـ ــ ئەگەر فەرمانبەر یان کەسیکی راسپێردراو بە خزمەتی گشتی لەکاتی بەجێ گەیاندنی ئەرکەکەی یان بەهۆی کارەکەیەوە کوژرابێت.
و ــ ئەگەر تاوانبار مەبەستی بووبێت دوو کەس یان زیاتر بکوژێت بەیەک کردەوە یان دوو کەسی کوشتبێت.
ح ــ ئەگەر کوشتنەکە وەک ڕێخۆشکردن یان کارئاسانی بۆ ئەنجامدانی تاوانێک یان کەتنێک کە سزاکەی بریتی بێت لە حەبس بەندکردن لەماوەی ساڵێک کەمتر نەبێت ئەنجامدرابێت ،یان بۆ ئەوە ئەنجامدرابیت تاوەکو ئەنجامدەری یان هاوبەشی تاوانەکە بتوانێت ڕابکات یان لە سزادان ڕزگاری ببێت.
ط ــ ئەگەر تاوانبار بەهۆی کوشتنی بەئەنقەست بڕیاری بەندکردنی هەتاهەتایی لەسەردرابێت ولەماوەی جێ بەجێکردنی سزاکە تاوانی کوشتنی عمدی ئەنجامدابێت یان دەستی پێکردبێت.
گرتن و کوشتنی کۆڵبەران و سوکایەتی پێکردیان چالاکوانانی ناوچەی هەورامانی نیگەرانن کردووە و دەڵێن لە دوای کوژرانی کۆڵبەرەکە بۆماوەیەک کاری کۆڵبەری لە مەرزەکە وەستاوە.
ئەمین حاجی زەڵمی چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە ماوەی ڕابردوو چەند کەیسێکی دیکە هەبوون، بەڵام لە ڕێگەی کەسایەتیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان کەیسەکان بە کۆتا گەشتوون، هیوادارین ئەم کەیسە لە دادگا بە و ڕێگە کۆتایی نەیەت و ڕێگە نەدرێت بە لاڕێدا ببرێت."
ئەو چالاکوانە وتیشی، "لەماوەی ڕابردوودا دوای کوژرانی کۆڵبەرەکە بۆ ماوەیەک ، کاری کۆڵبەری لەمەرزەکە وەستا، وەک وەفایەک بۆ ئەو کۆڵبەرە، بەڵام دواتر لەسەرداوای کەسوکارەکەی هاوڕێکانی دەستیان پێکردەوە و ئێستاش بەردەوامە."
دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی کرد بە پاسەوانی سنوری عێراق، بەڵام هیچ زانیاریەکیان بە دەنگی ئەمەریکا نەدا.
دەنگی ئەمەریکا زانیوویەتی لە ماوەی ڕابردوودا دوو دانیشتنی کۆمەڵایەتی لە ناوچەی هەورامان و شارەزوور لەسەر کەیسی کوشتنی کۆڵبەران بە گشتی و کۆڵبەرەکەی هەورامان کراوە، بەڵام جەخت لەوەکراوەتەوە کە یاسا پێویستە سەروەربێت و ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی ڕەتکراوەتەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆڵبەرنیوز، لە نیوەی یەکەمی 2024، 270 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان ، سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی و حاڵەتەکانی تر کوژران و برینداربوون. لەم ژمارەیە، 34کۆڵبەر واتا کوژران و 236 کۆڵبەر برینداربوون.
Your browser doesn’t support HTML5