سەرۆکی ڕێکخراوی هیوا: گەر یاسای باری کەسێتی هەموار بکرێتەوە ژنان ناچارن جانتاکانیان هەڵبگرن و عێراق جێبهێڵن

سەرۆکی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی ڕایدەگەیەنێت، گەر پرۆژە یاسای هەمواری یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959 ی عێراق لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە تێپەڕێنرێت، ژنان ناچارن جانتاکانیان هەڵبگرن و عێراق جێبهێڵن.

سرود ئەحمەد، سەرۆکی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی بۆ داکۆکیکردن لە ژنان و کچان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر هەمواری یاسای باری کەسێتی دەنگی لەسەر بدرێت، ژیان لە عێراق بۆ ژنان و کچان ئەستەم دەبێت."

ئەمڕۆ دووشەممە، 16 ی مانگی نۆی 2024، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوویەوەو تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە کۆبوونەوەکە بەردەوامە، ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای هەمواری باری کەسێتی یەکێکە لە بەرنامەکانی کۆبوونەوەکە.

پرۆژە یاسای هەمواری باری کەسێتی ساڵی 1959 ی عێراق لەلایەن پەرلەمانتارە شیعەکانەوە پاڵپشتی لێدەکرێت، لەکاتێکدا بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتارە ژنەکان و چالاکوانانی ژنان دژی پرۆژە یاساکەن.

بەپێی پرۆژە یاسای هەمواری باری کەسێتی کە لەلایەن پەرلەمانتارە شیعەکانەوە ئامادە کراوە، مەزهەب لە نێو گرێبەستی هاوسەرگیریدا دیاری دەکرێت و گرێبەست لەسەر بنەمای مەزهەبی پیاو ئەنجام دەدرێت. هەروەها پرۆژەکە ڕێگەی داوە کچان لە تەمەنی منداڵیدا بە شو بدرێن.

سرود ئەحمەد دەڵێت،"چاومان لە ڕۆڵی پەرلەمانتارە ژنەکانە، دەمانەوێت بزانین ڕۆڵیان چۆن دەبێت لەبەرەنگاربوونەوەی هەمواری یاسای باری کەسێتی."

لە دانیشتنی ئەمڕۆ دووشەمەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا، 180 پەرلەمانتار لە کۆی 329 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەبوون و ڕێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکە تەواو کرا.

هەمواری پرۆژە یاسای باری کەسێتی لەلایەن شیعەکانەوە پاڵپشتی لێدەکرێت، پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی لەلایەن سونەکانەوەو دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەکانیان لەلایەن کوردەوە پشتگیری دەکرێت. ئەم سێ پرۆژە یاسایە بەشێکبوون لە کارنامەی ئەمڕۆی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دواخراو ئەمەش کوردی توڕە کرد، بەڵام دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای هەمواری باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی بەردەوامی هەیە.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سونە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە پشتگیری دەرچوونی یاسای لێبوردنی گشتی دەکەین، چونکە زۆربەی ئەوانەی لە زیندانن سونەن."

هەروەها وتیشی،"پشتگیری خەڵکی تاوانبار ناکەین، بەڵکو دەمانەوێت ئەو خەڵکانە ئازاد بکرێن کە بێتاوانن و لە زیندانن."

بەپێی پرۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان کە لەلایەن کوردەوە پاڵپشتی دەکرێت، دەبێت بە یاسا ئەو موڵک و خانووانە بۆ خاوەنەکانیان بگێڕدرێتەوە کە بە بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی سەردەمی بەعس لێیان زەوتکراوە.

عەرەبی سونە دژی پرۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵکە بۆ خاوەنەکانیان بەو پێیەی زۆربەی زەوی و خانووە "زەوتکراوەکان" لای هاوڵاتییانی سونەن، هەروەها بەشێک لە شیعەکانیش پاڵپشتی پرۆژە یاساکە ناکەن.

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕەنگە لە دانیشتنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان بدرێت."

پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی و هەمواری باری کەسێتی کە لەلایەن شیعەو سونەوە پاڵپشتی دەکرێت خوێندنەوەی دووەمی بۆ ئەنجام دەدرێت، بەڵام دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای گێڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان کە لەلایەن کوردەوە پشتگیری دەکرێت دواخرا.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد نەنوەر