بەشداری سەرۆک لیستی یەکێتی لە پرسەیەکی هەولێر شەرو ئاڵۆزی لێکەوتەوە

دوای نیوەڕۆی ڕۆی دووشەممە 30ی مانگی نۆی 2024، لەکاتی بەشداریکردنی شاڵاو کۆسرەت ڕەسول سەرۆکی لیستی یەکێتی هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە پرسەی هاووڵاتیەکدا لە مزگەوتی "ڕەشاد موفتی" شەڕو دەمەقاڵی و تەقە دروست دەبێت و لە ئەنجامدا هاووڵاتیەک بریندار دەبێت.

دوای ڕووداوەکە دەنگی ئەمەریکا لەسەر چۆنێتی ڕووداوەکە پەیوەندی بە وتەبێژی ئاسایشی هەولێرەوە کرد، جگە لەو ڕوونکردنەوەی داویانە ئامادەنەبوو هیچی زیاتر لەسەر ڕووداوەکە بڵێت.

ئاسایشی هەولێر لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت،"دوای ئەوەی بنەماڵەی (قهاری سابیر علکە) پرسەیان هەبووە لەمزگەوتی ڕەشادی مفتی لە شاری هەولێر، شاڵاوی کۆسرەت ڕەسوڵ بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەو بنەماڵەیە سەردانی پرسەکەیانی کردووە و لەلایەن بنەماڵەی خاوەن پرسەکە پێیان وتراوە کە پرسەکە بەجیبهێڵێت و ڕەزامەند نەبوونە لەسەر سەردانەکەی، بەو پێیەی لەڕابردوودا دوو کەسی خاوەن پرسەکە بە دەستی بنەماڵەی شاڵاو شەهیدکراون، بەو هۆیەوە دەبێتە دەمەقاڵیان."

لە بەشێکی ڕوونکردنەوەکەدا هاتوو،" لە ئەنجامی دەمەقاڵی پاسەوانەکانی شاڵاو بەبێ گوێدانە هیچ ڕێزێک بۆ حەرەمی مزگەوت و خاوەنی پرسەکە هێرشیان کردووەتە سەر خاوەنی پرسەکە و تەقەیەکی زۆریان کردووە لە ئەنجامدا هاووڵاتیەک بە گولەی پاسەوانەکانی شاڵاو بریندارکراوە، لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە یاسا سەروەرە و ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە لەم کارە ناساییە بەشداربوونە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە."

گرژی و ئاڵۆزیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی زیاتر لە ڕۆژانی دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زیادیانکردووە ئەوەش وایکردووە ناو بە ناوە پشێوی گەورەی لێبکەوێتەوە.

کاروان گەزنەیی وتەبێژی ڕەسمی لیستی 129ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای ڕووداوەکە، ڕایگەیاند،" بەداخەوە جارێکی تر لە ڕێگای نانەوەی ئاژاوەوە و بەهۆی ترس لە هەڵبژاردن و شکستی هەڵبژاردن، بۆ جاری دووەم لە ڕێگای کاری ئاژاوە گێڕیەوە هەوڵ بۆ تێکدانی هەڵبژاردن دەدرێت."

دەشڵێت،" لە کاتی بەشداریکردنی شاڵاو کۆسرەت ڕەسول لە پرسەی کۆچکردوو(تۆفیق حاجی حەمەکە) کە خانەوادەیەکی یەکێتین و کوڕێکی قهاری سابیر علکە لە ناو مزگەوت قسەی نەشیاو دەکات لە بەرامبەردا لە پای ڕێزگرتن لە حەرەمی مزگەوت و نەرێتی کۆمەڵایەتی و ئاینی میلەتەکەمان و خانەوادەی کۆچکردوو، شاڵاو کۆسرەت ڕەسول وەڵامی ناداتەوە و پاسەوانەکانی قەهار لە کاتی جێهێشتنی مزگەوت لەلایەن شاڵاو کۆسرەت ڕەسول لەناو مزگەوتەکەدا تەقە دەکەن تەواوی ئەو کار و کردەوانە بەهەوڵی نەزۆک دەبینین بۆتێکدانی ئارامی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا."

وتەبێژەکەی لیستی 129ی یەکێتی ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات بەڕوونی دیارە کە" دۆڕان و شکست چاوەڕوانیان دەکات." مەبەستی وتەبێژی لیستەکەی یەکێتی ئاماژەدانە بە پارتی دیمەکراتی کوردستان.

بارزان قەساب، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر دوای ڕووداوەکە لە پێش پرسەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاکانی وت،" ڕووداوەکە ڕووداوێکی پلان بۆ داڕێژراو نەبووە و ڕووداوێکی لە ناکاو بووە بەو پێەی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەبووە، بەهۆی ڕووداوی نەگریسی شەڕی ناوخۆ بووە و دیارە لە بنەماڵەی قەهار دوو کەسیان لێ شەهید بووە بۆیە گرژیەکە دروستبووە."

ماوەی چەند ڕۆژێکە لەناو بازاڕ و شوێنە گشتیەکاندا چەندین سەرپێچی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن لایەنگرانی لایەنەکانەوە ئەنجام دەدرێت و دیارترینیشان ئەوەیە لەنێو بازاری هەولێر وێنەی کاندیدێکی خولی پێشووی یەکێتی بە گەورەی هەڵواسراوە و لەسەری نوسراوە " ئەمە دروشمی ئارامی و هەلی کار و خزمەت بوو لە ئەنجامدا بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوکی سوتاند."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر سزای سەرپێچیکارانی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەو گرژیانەی کە ڕوودەدەن پەیوەندی بە بەڕێوبەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نوسینگەی هەولێرەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.