لە ئەنجامی هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئاسمانی عێراق دادەخرێت

پاش هاویشتنی دەیان مووشەک لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆ ئیسرائیل، حکومەتی عێراق بڕیاری داخستنی ئاسمانی عێراقیدا تا کاتێکی نادیار و تەواوی گەشتە فڕۆکەوانیەکان ڕاگیران.

کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندیکردن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە وەکو لیژنەی تایبەتمەند، وەک لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن فڕۆکەخانەکان و کەرتی فڕۆکەوانی لە ژێر چاودێری ئێمەیەدایە لە ئەنجومەنی نوێنەران، بۆیە لە ئەنجامی ئەو کردە سەربازیەی کە هەیە، وەزیری گواستنەوەی عێراق پێی ڕاگەیاندین بڕیاریانداوە بە داخستنی ئاسمانی عێراق و ڕاگرتنی هەموو جۆرە جولەیەکی فڕۆکەوانی تا ئەوکاتەی کۆتایی بە هەڵدانی مووشەک و کردە سەربازیەکان دێت."

وتیشی،" عێراق ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێکهێناوە بۆ چاودێری کردنی ئاسمانی عێراق و بڕیاردان لە کردنەوەی بەرووی فرۆکەخانەکاندا، ئەم بڕیارە تەواوی فڕۆکەخانەکان دەگرێتەوە بە هەولێر و سلێمانیشەوە."

شەوی سێ شەممە 1ی مانگی دەی 2024، ئێران هێرشێکی مووشەکی باڵیستیکی کردە سەر ئیسڕائیل، وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە هەڵمەتەکەی ئیسڕائیل دژی حزبوڵای هاوپەیمانی ئێران لە لوبنان و کوشتنی حەسەن نەسڕوڵای سەرۆکی حزبەڵا.

لە واشنتن سەرۆکی ئەمەریکا جۆوبایدن، وتی،" ئەمەریکا ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی ئیسڕائیل لە بەریگریکردن لە خۆی لە جژی هێرشەکانی ئێران."

بایدن سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس و تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی وتیشی،" باسمان لەوەکرد چۆن ئەمەریکا ئامادەیە بۆ یارمەتیدانی ئیسڕائیل لە بەرگریکردن لە خۆی دژی ئەم هێرشانە و پاراستنی ئەمەریکاییەکان لەناوچەکەدا."