گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات؟

لە دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتووەتە ناو خولێکی توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان ئیسرائیل و ئێران و بەکرێگیراوەکانی و ئەو توندوتیژییانەش تا دێت زیاتر پەرەدەسێنێت.

بەردەوامبوونی شەری غەززە و هێرشی سەر باشووری لوبنان و بۆردومانی پێگەی حوسییەکان لە یەمەن و بۆردومانی سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە لەلایەک و هێرشی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لەلایەکی دیکەوە تا دێت ئەگەری شەڕیکی راستەقینە لەناوچەکە زیاتر دەکات.

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تۆڵەی کوشتنی حەسەن نەسروڵا و فەرماندەیەکی سوپای قودسی ئێران، یەکی مانگی دە بۆ دووهەمجار هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و نزیکەی 200 مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کرد.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هێرشەکەی سوپای پاسدارانی بە یەکێک لە گەورەترین هێرشەکان بە مووشەکی بالیستیک لە مێژوودا ناوبرد و گوتی ئێران باجی ئەو کارانەی دەدات. کاربەدەستانی ئێرانیش هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت تۆڵەی هێرشە مووشەکییەکەیان بکاتەوە، ئەوا "بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە" ڕووبەڕووی ئیسرائیل دەبنەوە.

دکتور کامران مەتین، مامۆستای زانکۆ لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە بەریتانیاوە لە وەڵامی ئەم پرسیارەی دەنگی ئەمەریکا کە ئەگەری شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل تا چەند نزیکە و تا چەند پێدەچیت گرژییەکان بگۆڕدرێت بۆ ململانێیەکی جیهانی، دەڵێت "گۆمان لەوەدا نییە کە ئیسرائیل وەڵامی بۆ هێرشەکەی ئێران دەبێت، بەڵام بۆ تا ئێستا دەستی ڕاگرتووە، یەکەم پێدەچێت خەریکی هەڵسانگاندنی لێکەوتەکانی دوای ئەو هێرشە بێت و دووهەم چوون لەلایەکی دیکەشەوە سەرقاڵی شەری حزبوڵایە لە لوبنان، دەیەوێت نەختێک دۆخەکە هێورتر بێت بۆ ئەوەی بتوانێت هێزەکانی بە تەواوی ترخان بکات بۆ هێرش بۆسەر ئێران و سێیەمیش ئێسرائیل دەیەوێت بە شێوەیەک وەڵامی ئێران بداتەوە، کە کاردانەوەکەی ئێران ببێتە هۆی پشتیوانی ئەمەریکا لە ئیسرائیل، چوونکە ئیسرائیل لەڕووی سەبازییەوە خۆی بە تەنها ئەوەندە بەهێز نییە کە بتوانێت هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ناوکییە ژێر زەوییەکانی ئێران و پشتیوانی ئەمەریکای پێویستە."

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پشتیوانی ناکات، بەڵام ڕوون نییە کە ئایا واشنتن سەرکەوتوو بووە لە دوورخستنەوەی ئیسرائیل لە گرتنەبەری بژاردەیەکی لەو شێوەیە یان نا؟!

دکتور کامران مەتین دەڵێت "پێدەچێت دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، کێڵگە نەوتییەکان و پاڵاوگەکانی نەوت و بەشێک لە بنکە سەربازییەکانی ئێران ئامانجی ئیسرائیل بن لەسەرەتادا."

کامەران مەتین

دەشڵێت "وەک باس دەکریت نتانیاهۆ پلانی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێرانی لەسەردایە و ئەوەی تا ئێستا ڕێگری لەو کارە کردووە، ناڕەزایەتییەتی و پشتیوانی نەکردنی ئەمەریکا بووە."

شروڤەکاران پێیان وایە ئەمەریکا لەوە نیگەرانە ئەگەر هێرشێکی لەو شێوەیە ئەنجام بدرێت، کاردانەوەی ئێران زۆر کاریگەر دەبێت بۆ سەر هەموو جیهان. ڕەنگە ئێران بە هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکان و پاڵاوگەکانی نەوت لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەڵامی هێرشی ئیسرائیل بداتەوە. هەروەها ڕەنگە تەنگەی هورمز مین ڕێژ بکات و جووڵە و ڕۆیشتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان تێکبدات و ئەمەش کارەساتبار دەبێت بۆ پیشەسازی و ئابووری جیهان.

دکتور مەتین دەڵێت"ئەگەری پەرەسەندنی شەڕ لەناوچەکەدا ئەگەرێکی بەهێزە، چوون ئیسرائیل ئەگەر تەنانەت هێرشیش نەکاتە سەر دامەزراوە ناوکییەکان و تەنها هێرش بکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکان، ئەوا پێدەچێت ئێران وک تۆڵەکردنەوە، هێرش بکاتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە و دواجاریش ئەمەریکا ناچار ببێت بۆ پشتیوانی لە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بێتە ناو شەڕەکەوە دژی ئێران."

لەلایەکی دیکەوە هەندێ لە چاودێران دەڵێن ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، ئەوا بیانوو و پاڵنەرەکانی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی زیاتر دەبن و ئەمەش نە بە دڵی ئەمەریکایە و نە سعودییەکان و نە زلهێزەکانی دیکەش.

گرەگوری بروو، مێژوونووس و شیکەرەوە لە گروپی ئوراسیا بە ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵی ڕاگەیاندووە لاوازبوونی تواناکانی ئێران لە بەرامبەر ئیسرائیل، تاران ناچار دەکات بەدوای ڕێگەی نوێدا بگەڕێت و فراوانکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بخاتە کارەوە و دەڵێت "ئەوەی پێدەچێت بیبینین فشاری زیاترە بۆ پێشخستنی بەرنامەیەک کە ڕەنگە چیتر 'ئاشتیانە' نەمێنێتەوە."

کاردانەوە نێوخۆییەکانی خەڵک لەئێران بەرامبەر بە ئەگەری هێرش بۆ سەر ئیران

سەرەڕای کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر بە هێرشی ئەگەری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کاردانەوەکانی ئەم شەڕە ئەگەرییە لە نێوان خەڵک و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا گەرمە و بۆچوونەکان بەسەر دوو بەرەی لایەنگری هێرش بۆسەر ئێران و دژبەرانی شەڕ دابەش بووە.

خەڵکێکی زۆر لە نێوخۆی ئێران لە دڵەڕاوکێدان و بێزاری خۆیان بۆ شەڕ دەردەبڕن، بەتایبەت ئەوانەی ساڵانی شەڕی ئێران و عێراقیان لەبیر ماوە.زۆرێکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسراوەکانی دژە شەڕ لە ستۆریەکانی ئینستاگرام و لە ئیکس بڵاودەکەنەوە و ڕۆژانی قورس و پڕ لە ئازاری شەڕی ئێران و عێراق بیردەخەنەوە.

دکتور ئەردەشیر پەشەنگ توێژەر و پسپۆر لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە تارانەوە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "ئەگەر چاوێک بە سوشاڵ میدیا و توڕەکاندا بخشێنین، ئەوا دەبینین خەڵکی ئێران چەند بە پەرۆشەوە بەدواداچوون بۆ ئەگەری شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەکەن و نیگەرانن لەوەی دۆخی ژیان و گوزەرانیان لەوەی کە ئێستاش هەیە، خراپتر بێت."

ئەردەشیر پەشەنگ

دکتور پەشەنگ دەشڵێت "بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نیوان تاران و تەلەڤیڤ کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر زۆرێک لە پرسەکان، بەتایبەتی پرسی ئابووری و هەر بۆیەش دوای هێرشەکەی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بازاڕی ئێران شڵەژانی بە خۆیەوە بینیوە و نرخەکان بەرزبوونەتەوە و نرخی هەر دولارێک لە 60 هەزار تمەنی ئێرانی بۆ 63 هەزار تمەن بەرز بووەتەوە و هەرچی نرخی دولار بەرزتر ببێتەوە، نرخی کاڵا و شتومەکیش بەرزتر دەبێتەوە، بۆیە هەرچەندە زیاتر گرژییەکان پەرە بسێنێت، ژیان و گوزەرانی خەڵکیش قورستر دەبێت."

دکتور پەشەنگ دەڵێت "هەرچەندە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی سەرۆکایەتی ئێران هیوایەکی کەمی بە خەڵک بەخشیبوو کە کێشەکان تا ئاستێک چارەسەر بکرێن و کرانەوەیەک بێتە ئاراوە و ژیانی خەڵک بەرەو باشتربوون بڕوات، بەڵام گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان تاران و تەلەڤیڤ وایکرد خەڵک ئەو هیوایەی نەمێنێت."

هەژاری و بێکاری، قەیرانی ژینگەیی، گەندەڵی بەرپرسان، نادادپەروەری دادوەری، دەستهەڵنەگرتنی حکومەت لە توندوتیژی و سەرکوتکردنی خەڵک، فشارە دەروونییەکانی خەڵکی ئێرانی زیاتر کردووە و هەر بۆیەش بەپێچەوانەی گرووپی یەکەم کە لە شەڕ دەترسن، گرووپی دووهەم کە بێ هیوا بوون لەوەی گۆڕانێک لە دۆخی خراپی ئێراندا بێتە ئاراوە، هیوای ئەوە دەخوازن ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران بۆ ئەوەی کۆتایی بەو هەموو کێشە و گرفتانە بهێنرێت و تەنها ڕێگای ڕزگاربوون لە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەو وڵاتە ناودەبەن.