بەرپرسێکی باڵای کورد لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، هاتنی ئاوارەی لوبنانی بۆ کەرکوک مەترسی گۆڕانی دیموگرافی دروست دەکات، بەتایبەت زۆرێک لە ئاوارەکانی سەردەمی شەڕی داعش نەگەڕاونەتەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان و لە کەرکوک نیشتەجێ بوون.
بەرپرسە باڵاکەی کورد لە کەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هاتنی ئاوارەی لوبنانی بۆ کەرکوک بکرێت، هەرچەندە بڕیاری وەرگرتنی ئاوارەی لوبنانی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دراوەو پارێزگاکان ناچارن پابەندبن پێوەی."
ڕۆژی 13 ی مانگی دەی 2024، لیژنەی باڵای ئەمنی کەرکوک بەسەرۆکایەتی ڕێبوار تەها کۆبوویەوەو تاوتوێی پێشوازیکردنی لە ئاوارە لوبنانیەکان کرد، لە ئەگەری ڕۆیشتنیان بۆ سنوری پارێزگاکە.
بەرپرسە کوردەکەی کەرکوک دەڵێت،"کەرکوک خۆی پڕە لە کێشە لە نێوان کوردو عەرەب و تورکمان، گەر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ هاتنی ئاوارەی لوبنانی نەکرێت کێشە کەڵەبووەکان زیاتر دەبن."
هەروەها وتیشی،"هاوڵاتی مسری سەردەمی بەعس هەیە ئێستا فەرمانبەرە لە کەرکوک و نەگەڕاوەتەوە، گەر ئاوارەی لوبنانی بێنە کەرکوک ڕەنگە بە یەکجاری نیشتەجێ ببن. ئینجا بەکارهێنانی وشەی ئاوارە بۆ ئاوارەکانی سەردەمی داعش لە کەرکوک قەدەغە کراوە."
بە پێی وتەی بەرپرسانی عێراق، تا ڕۆژی 9 ی مانگی دەی 2024، نزیکەی هەشت هەزار ئاوارەی لوبنانی کە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵاوە ئاوارەبوون ڕوویان لە عێراق کردووە.
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بارودۆخی لوبنان ڕوو لە خراپبوون دەکات بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵاوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی زۆر زیاتر ئاوارەی لوبنانی ڕوو لە عێراق بکات.
سەباح حەبیب، یەکێک لە نوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"حکومەتی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارە لوبنانیەکان کە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵاوە ڕوو لە عێراق دەکەن."
سەبارەت بەوەی هاتنی ئاوارەی لوبنانی بۆ کەرکوک تا چەند مایەی مەترسییە لەسەر دیموگرافیای پارێزگاکە، سەباح حەبیب دەڵێت،"هاتنیان باش نییە، بەڵام پێموانییە ئاوارەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بمێننەوە."
لەکاتێکدا بەرپرسانی کورد بە گومانەوە لە هاتنی ئاوارەی لوبنانی بۆ عێراق و بە تایبەت سنوری کەرکوک دەڕوانن، بەڵام هێزە شیعەکان کە بە هاوپەیمانی حیزبوڵا لە شەڕی دژی ئیسرائیل دادەنرێن ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە زۆرترین ئاوارەی لوبنانی.
حەسەن شێخانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی و سەرپەرشتیاری ئەو حزبە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هاتنی ئاوارەی لوبنانی بۆ کەرکوک لەڕووی مرۆڤایەتییەوە کارێکی باشە، بەڵام دەبێت ئاوارەکان نیشتەجێی ناو شاری کەرکوک نەکرێن و لە نێو کەمپدا و لە ژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان دابنرێن."
ئەو وتیشی،"کاتی شەڕی داعش ئاوارەیەکی زۆری موسڵ و ئەنبار هاتنە سنوری کەرکوک و خرانە نێو کەمپ، بەڵام دوای 16 ی ئۆکتۆبەر کەمپەکان هەڵوەشێنرانەوەو ئاوارەکان هاتنە کەرکوک و نیشتەجێ بوون، ئەمە گۆڕانکاری دیموگرافی لێدەکەوێتەوە."
بەڕای چاودێرانی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق کاریگەری هێزە شیعەکانی پێوە دیارە، لەکاتێکدا بەشێک لە شەقامی عەرەبی سونە پێیانوایە پەراوێز خراون و هێشتا بەشێک لە ئاوارەکانی سەردەمی شەڕی داعش نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان بۆیە خۆشحاڵ نین بە پێشوازیکردن لە ئاوارەی دەرەوەی عێراق.
مەحمود زەیدان، سەرکردەی عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند،"حکومەتی عێراق هەمیشە هاوهەڵوێست بووە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، پێشوازیکردن لە ئاوارەکانی لوبنان هەڵوێستێکی مرۆڤایەتییە."
وتیشی،"بەشێکی کەم لە خەڵکی عێراق بە هۆیئەو دۆخەی تێیدایە. جۆرێک لە نیگەرانی هەیە لە هاتنی ئاوارەکان ودەبێت حکومەت دیراسەی ئەمە بکات."
ئامادەکاریکردن بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەی لوبنانی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەکاتێکدایە، عێراق ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دەکات.
Your browser doesn’t support HTML5