سەرچاوەکان: لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر یەبەشە پێنج کەس کوژراون

سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایدەگەیەنن، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری عێراق کە گروپێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی کردووەتە ئامانج، پێنج کەسی تێدا کوژراون.

ئەم هێرشانە دوای ئەوە بوو کە ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە ماوەی 24 کاتژمێردا 27 هاووڵاتی مەدەنی لە سوریا کوشتووە.

ئەم هێرشە نوێیەی تورکیا دوای ئەوە بوو کە ڕۆژی چوارشەممە هێرشێک کرایە سەر پیشەسازی فڕۆکەوانیی سەر بە دەڵەتی تورکیا لە نزیک ئانکەرە. تورکیا دەڵێت لەو هێرشەدا 5 کەس کوژران و 22 کەسیش بریندار بوون.

ئەمڕۆ هەینی پەکەکە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.

وەزارەتی بەرگری تورکیا ماوەیەکی کورت پاش هێرشەکەی ئانکەرە هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و باکووری عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.

بەرپرسێکی ئاسایش بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی تورکیا یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگالیان کردە ئامانج".

ئەو بەرپرسەی پارێزگای نەینەوا بە مەرجێک قسەی کردووە کە ناوی ئاشکرا نەکرێت چونکە مافی ئەوەی نییە بۆ میدیاکان لێدوان بدات.

بە هەمان مەرج بەرپرسێکی تریش لە شنگال هەمان ئاماری زیانەکانی " هێرشەئاسمانیەکانی تورکیا کە پێگەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگالی کردبووە ئامانج" ڕاگەیاندووە.

لە بەیاننامەیەکدا، دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان، کە ژمارەی بە کەمتر ڕاگەیاندووە و دەڵێت " سێ چەکدار" کوژراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا پێگەکانی پەکەکەیان کردووەتە ئامانج.

تورکیا زۆرجار هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر بنکەکانی پەکەکە لە باکووری عێراق و هەرێمی کوردستان و چیاکانی شنگال ئەنجام دەدات.

تورکیا لە ماوەی زیاتر لە 25 ساڵی ڕابردوودا دەیان بنکەی سەربازی لە هەرێمی کوردستان داناوە بۆ شەڕی دژ بە پەکەکە.

سەرچاوە: فرانس پرێس