ئەردۆغان دەڵێت بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکان دژی پەکەکە لە عێراق و سوریا

ئەردۆغان لە میانی وتارێکیدا لە دامەزراوەکانی پیشەسازی فڕۆکەوانی تورکیا لە ئەنکەرە، ڕایدەگەیەنێت، تورکیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ نەهێشتنی "هەموو هەڕەشەکان لەسەر وڵات، چ لە ناوخۆ یاخود دەرەوە". هەروەها بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنەکان دژی پەکەکە لە عێراق و سوریا.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئامانجی تورکیا ئەوەیە کە بەم زوانە سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی فرە چەشنی دابمەزرێنێت بە ناوی " گومبەزی پۆڵایین"، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنکەرە توانای مووشەکی دوور مەودای تایبەت بە خۆیشی زیاد دەکات.

لە ساڵانی ڕابردوودا، تورکیای ئەندامی ناتۆ بە شێوەیەکی بەرچاو پشتبەستنی دەرەکی بۆ دابینکردنی کەلوپەلی بەرگری کەم کردووەتەوە. تورکیا بووەتە یەکێک لە کۆمپانیا پێشەنگەکانی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمب هەڵگر لە بازاڕی جیهانیدا و زۆرێک لە پێداویستییە بەرگرییەکانی خۆی لە ناوخۆی وڵاتدا بەرهەم دەهێنێت.

ئەردۆغان لە وتارەکەیدا سیستەمە بەرگرییەکەی داهاتووی تورکیای لەگەڵ بەرگری ئاسمانی ئیسرائیل بەراورد کرد و گوتی "بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی دوژمنەکانمان و نەهێشتنی مەترسییەکان، پێویستە سیستەمی بەرگری ئاسمانی فرە چینمان بەهێز بکەین. ئیسرائیل چییان هەیە؟ ئەوان پشت بە Iron Dome دەبەستن. ئەگەر ئەوان گومبەزێکی ئاسنینیان هەبێت، ئێمە گومبەزێکی پۆڵایینمان دەبێت."

تورکیا دوای هێرشە خۆکوژییەکەی کرایە سەر کۆمپانیایەکی بەرگری لە نزیک ئەنکەرە، کە بووە هۆی کوژرانی پێنج کەس، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئەو ئامانجانە دەستپێکرد کە پەیوەندییان بە هێزە کوردەکانەوە هەیە لە عێراق و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە دەیان کەس.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پاش هێرشەکانی تورکیا لە لێدوانێکیدا بۆ فرانس پرێس گوتی: "پێدەچێت ئامانجی تورکیا تەنیا وەڵامدانەوەی ئەو ڕووداوانە نەبێت کە لە ئەنکەرە ڕوویاندا، بەڵکو بە ئامانجگرتنی دامەزراوە و سەرچاوەی بژێوی دانیشتووانە".

عەبدی گوتیشی دەوڵەتی تورکیا سوود لە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەردەگرێت بەوپێیەی سەرنجەکان لەسەر غەززە و لوبنان و هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەبێت، بۆ ئەنجامدانی هێرشی نوێ بۆ سەر سوریا.