سەردانەکەی سودانی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ زۆرینەی لایەنە سیاسیەکاندا

دوای سەدانەکەی بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە حکومی و حزبیەکان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی سلێمانیشی کرد و لەگەڵ بەشێکی زۆر لە لایەنە سیاسیەکاندا کۆبۆوە.

بە پێی قسەی ئەو لایەنە سیاسیانەش بێت، تەوەری گفتووگۆکان تایبەت بوون بە پرسی سیاسی، ئابووری، لە سەرەکیترینیشیان پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانە.

ئێوارەی ئەمڕۆ 13ی مانگی 11ی 2024 محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای کۆتایی هاتنی سەردانەکەی بۆ هەولێر گەشتە شاری سلێمانی، دوای پێشوازی کردنی لەلایەن سەرۆک و بەرپرسانی یەکێتی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی لەگەڵ لایەنەکان، کە پێکهاتوون لە هەریەک لە یەکێتی، نەوەی نوێ، یەکگرتوو، ڕەوتی هەڵوێستدا کۆبۆوە.

بە پێی وتەی ئەو لایەنە سیاسیانەی کە سودانی لەگەڵیاندا کۆبۆتەوە، باس لە چەند پرسێکی تایبەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە.

بە پێی راگه‌یه‌ندراوی فەرمی‌ نووسینگەی‌، بافڵ تاڵە‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان،" له‌دیداری نێوانیاندا گۆڕانكارییە‌ سیاسی، ئابووری و ئه‌منییە‌كان تاووتوێكران و جه‌خت له‌ به‌رده‌وامیی هە‌ماهە‌نگی و هاریكاریی نێوان لایه‌نە‌كانی هه‌رێم و عیراق بۆ چارەسه‌ركردنی كێشە‌كان له‌سە‌ر بنە‌مای ده‌ستوور، هاوبەشیی راستە‌قینە‌ و رێككە‌وتنە‌ سیاسییە‌كان كرایەوە‌ لە‌پێناو چارە‌سه‌ركردنی كێشە‌كان به‌تایبه‌ت پرسی مووچە‌ و جێبە‌جێكردنی بڕیارە‌كانی دادگای فیدراڵی له‌وبارەیه‌وە."

هاوکات هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە،" باس لە‌ پێكهێنانی حكومە‌تی نوێی هە‌رێمی كوردستانکرا، هە‌ردوولا جەختیان لە‌ پێویستیی پە‌لە‌كردن لە پێكهێنانی حكومە‌تێكی خزمە‌تگوزار كردە‌وە كە پرە‌نسیپی راستە‌قینە‌ و هاوبە‌شیی تێدا په‌یڕەو بكرێت، ببێتە‌ مایە‌ی سە‌قامگیری و وەڵامدە‌رە‌وە‌ی خواستی هەموولایە‌ك بێت."

دوابەدوای یەکێتی سودانی سەردانی نەوەی نوێی کرد، لە کۆنگرەیەکدا سەرۆکی جوڵانەوەکە دەڵێت، پێکهێنانی حکومەت، چارەسەرکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کراوە.

شاسوار عەبدولواحید وتی،" سەرۆک وەزیران وتی پلانمان داناوە و کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت، هاوکات ئێمە چەند پڕۆژە و مەرجێکمان هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەگەر لایەنەکان حکومەتیان پێکهێنا با بیکەن، ئەگەر نا پێویستیان بە ئێمە بوو دەبێت مەرجەکانمان جێبەجێ بکەن."

یەکگرتوو و ڕەوتی هەڵوێست دوا وێستگەی دیدارەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، بە پێی قسەی هەردوو لایەنەکەش،" باس لە پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان کراوە."

ئەمە لە کاتێکدایە بە پێی قسەی میدیا عێراقیەکان وا بڕیارە سودانی لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا بەشداری بکات و بەشێک لە سەردانەکەشی ئامانج لێی بەدەستهێنانی پشتگیری لایەنە سیاسیە کوردیەکانە لە سودانی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.

بە پێی قسەی چەند بەرپرسێکی عێراق، بەشداری کردنی سودانی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بێ لەمپەر نابێت و پێدەچێت بەشێک لە لایەنە شیعەکان ببنە ڕێگر لەبەردەم بەشداری کردنیدا، بەو پێیەی بەشداریەکەی بە مەترسی دەزانن دوور نییە ناکۆکی قوڵ لە نێوان لایەنە شیعەکانی عێراق بهێنێتە ئاراوە.