هەسەدە لە دێرەزور حەوت گوندی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم کۆنترۆڵ دەکات

SDF fighters Deirezor countryside chasing ISIS

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) هێرشێکی زەمینییان کردە سەر گوندەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی فورات.

بەپێی زانیارییەکان، هێشتا شەڕەکە بەردەوامە.

ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزۆر کە لەژێر چەتری هەسەدەدایە لە بەیاننامەیەکی نووسراودا ڕایگەیاند کە چالاکییە سەربازییەکەی بۆ ڕێگریکردنە لە داعش، "کە بە پێی زانیارییەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشکردن، بە تایبەت لە کاتێکدا کە هێزەکانی ڕژێم و ملیشاکانی سەر بە ئێران بە هۆی پێشهاتەکانی ڕۆژئاوای سوریا، زۆر لاواز بوون. داعش بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی فورات ئەم هەلە دەقۆزێتەوە."

ئەو گوندانەی کە ئامانجی هێرشەکانی هەسەدەن بریتین لە ئەل ساڵحییە، تابیە، هاتلا، خەشام، مارات، مەزڵوم و حوسێنییە.

دەزگای فەرمی حکومەتی سوریا ئاماژەی بەوە کردووە لەلایەن هێزەکانی هەسەدەوە هێرش کراوەتە سەر لەشکری سوریا، سوپاش وەڵام دەداتەوە.

لە ساڵی 2019ەوە هەسەدە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش سەرجەم ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فوراتیان کۆنتڕۆڵ کردووە، جگە لە 7 گوند نەبێت کە ڕژێمی سوریا ڕووباری فوراتی بەزاندووە و بە هاوکاری میلیشیاکانی سەر بە ئێران و پاڵپشتی ئاسمانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵی کردوون .

لەو کاتەوە هەزاران دانیشتووی ئەو گوندانە ڕوویان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە کردووە.

ساڵح عەگێدی خەڵکی گوندی تابیە، یەکێکە لەو گوندانەی کە تا ئێستا شەڕ و ململانێی لەسەرە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ماوەی6 ساڵە لە گوندەکەیان دەرکراون و کاتی ئەوە هاتووە بگەڕێنەوە.

عەگێدی گوتیشی"بە زۆر لە گوندەکەمان دەرکراین، هیوادارین بەم زووانە بگەڕێینەوە".

چاودێران پێیان وایە کە پێشهاتەکانی ئەم دواییە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا و شکستی ڕژێمی سوریا ڕێگە بە داعش دەدات بەتایبەتی لە ناوەڕاستی بیابانی سوریا کە هێزەکانی ڕێکبخاتەوە.

عەگید مشمش، شرۆڤەکاری دۆخی داعش لە سوریا، پێی وایە شانەکانی داعش خۆیان بۆ هێرشەکان ئامادە دەکەن.

مشمش گوتی " ئەو زانیارییە پشتڕاستکراوەی کە شانەکانی داعش چوونەتە ناو بیابانی ناوەندی سوریا و ڕۆژهەڵاتی حومسەوە، جوڵانەوەیەکی مەترسیدارە."

هاوکاتی پێشهاتە سەربازییەکان و گۆڕانکارییەکانی نەخشەی کۆنترۆڵکردن لە سوریادا، ڕوونە کە هەسەدە هەوڵدەدات کۆنترۆڵی خۆی بەسەر هێڵی ڕووباری فوراتدا فراوانتر بکات و سنوورەکانی توندتر بکاتەوە.