عەبدولعەزیز زیاب: هێزە میلیشیاییە لە یاسادەرچووەکانی عێراق و تێرۆریستان دوو دیوی دراوێکن

لەگەڵ پەرەسەندنەکانی سوریادا، هاوکاتی هێرشەکانی هەیئەتی تەحریری شام و دەستە و تاقمە چەکدارەکانی تر بۆسەر حکومەتی سوریا کە ڕوخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەلئەسەدی بە دوادا هات، لە عێراقدا هەنگاوەکان دەستیان پێکرد بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی تایبەت بە مەبەستی خۆپاراستن لە هەر ئەگەرێک، وەک بەرەنجامێکی ئەو ڕەوشەی سوریا.

عەبدولعەزیز زیاب، سیاسییەکی عێراقییە و دەڵێت بە گشتی لە عێراقدا دوو جۆر ترس و نیگەرانی هەن و دەڵێت "یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەزمونانەی هەن، بەتایبەتیش لە ساڵی 2014دا کاتێک چەتەکان و تێرۆریستانی داعش دەستیان کرد بە داگیرکرکردنی شار و شارۆچکەکانی عێراق، ئەم بابەتە ترسێکی گشتی لەناو عێراقییەکاندا دروست کردووە، بابەتێکی تریش بریتییە لە چۆنیەتی ڕەفتارکردنی هەندێک کەسی ناو دەستە و تاقمە چەکدارەکانی سوریا لەگەڵ شیعە ئاینزاکاندا، لێرەشەوە ترسێکی زۆر دروست بوو لەوەی ئایا چی دەکرێت بەرامبەر مەزاری خاتوو زەینەب لە سوریادا؟! ئەمەش ترسێکی زۆری لەناو کۆمەڵگەی شیعەی عێراقدا دروست کردووە و بەتایبەتیش لەناو شیعە عەقائیدییەکاندا یان کۆنەپارێزەکاندا."

بەڕێز زیاب، ئاماژەش بەوە دەکات کە ترسێکی گەورەتر لەناو بەشێک لە دەستەبژێری سیاسی عێراقدا هەیە بەوەی لەم وڵاتەش دەدرێت لەسەر ئەو بنچینەیەی، بەنیامین نەتەنیاهۆ، وڵاتی عێراقی وەک بەشێک لەو تۆڕی بەدکارییە داناوە، واتە وەک بەشێک لە بەرەی موقاوەمە؛ ئەم دەستەبژێرەش لەوبڕوایەدایە ئیسرائیل دەستی هەیە لە ڕووداوەکانی سوریادا و هەروەها پەیوەندیش هەیە لە نێوان تەلئەڤیڤ و هەندێک لەو دەستە و تاقمە چەکدارانەی ناو سوریا و دەشڵێت "لەوبڕوایەدانیم شتێکی گەورە بەرامبەر عێراق بکرێت بەڵام ترسەکە لەوەدایە ئیسرائیل دامەزراوە نەوتییەکان و بەندەرەکان و ژێرخانی عێراق یانیش کەسایەتییە سیاسییەکان بە ئامانج بگرێت کە دەبێتە مایەی ڕاکێشانی وڵاتەکە بۆ ناو ئەو ئاگرە کڵپە سەندووەی لە ناوچەکەدایە."

لەوەتای شەڕی غەززە دەستیپێکردووە لە ڕۆژی 7ی مانگی 10ی ساڵی 2023، هێزە میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان لە عێراقدا بەردەوام وەک بەشێک لەو بەرەیەی موقاوەمە هێرشی موشەکی و درۆنییان کردۆتە سەر ئیسرائیل. لەگەڵ ئەوەشدا کە حکومەتی عێراق دژی ڕەفتاری ئەو هێزە چەکدارانەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن، ڕاگەیەندراوی بڵاوکردۆتەوە و ئەو کارانەی سەرزەنشت کردووە، بەڵام هەنگاوێکی ئەوتۆی کۆنکریتی نەناوە بۆ ڕێگەگرتن لەو جۆرە جموجۆڵانەی میلیشیاکان.

عەبدولعەزیز ذیاب، کە بەرپرسی پارتی ئامارجی لێبراڵییە لە پارێزگای موسڵ لە باکوری عێراق، دەڵێت "ئەو هێزە میلیشیاییانە بڕوایان نییە بە بەرگریکردن لە نیشتمان ، بەڵکو بڕوایەکی تەواوەتییان هەیە بە بەرگریکردن لە شیعەگەرایی، بەو مانایەی بڕوایان بە سنور نییە و لە هەرجێیەکدا شیعە ڕووبەڕووی هەرچ ئاڵنگارییەک ببێتەوە، ئەوا ئەمان دەستێوەردانی خۆیان دەکەن بەبێ گوێدانە ئەو ترس و نیگەرانیانەی لەناو عێراقییەکان و بەشێکیش لە سیاسییەکانی عێراقدا هەیە."

بەلای زۆربەی شیکەرەوە، ئەوەی لە سوریا و لوبناندا ڕوویانداوە بریتییە لە پەلوپۆکردنی هەژمونخوازیی کۆماری ئیسلامی ئێران.
بەڕێز زیاب هاوڕایە و دەڵێت "ڕوخانی ڕژێمی سوریا، گورزێک بوو لە دڵی پڕۆژەی ئێران درا و وەهایشی کردووە ئەو هێزە میلیشیاییانەی ناو عێراق هەست بە شپرزەیی و شکستیش بکەن، بەتایبەتی کە دەبینن ئێران هاوپەیمانەکانی جێدەهێڵێت هەتا ڕووبەڕووی چارەنوسی خۆیان ببنەوە لە ڕووداوەکاندا."

لەگەڵ هەموو ئەم پەرەسەندنانەدا، هێشتاش مەترسی سەرهەڵدانەوەی تێرۆر هەیە لە عێراقدا و دەگوترێت دەشێت لایەنە تێرۆریستییەکان سود لە ڕووداوەکانی سوریا وەربگرن و جارێکی تریش بکەونەوە جموجۆڵێکی ئاشکرا.

عەبدولعەزیز زیاب دەڵێت "تێرۆریستان و میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان دوو ڕووی دراوێکن و هەردوولایان مایەی مەترسین و هەردوولایان بڕوایان بە سنورەکان نییە. بەڵێ هەردوولایان مەترسین بۆسەر ئایندەی عێراق و پێویستە لە ڕەگوڕیشەوە هەڵبکێشرێن لە ڕێی بەکارهێنانی میکانیزمی دیپلۆماتی و سیاسییەوە و پێویستە چارەسەرکردنی لەشکریانەی ئەم بابەتە دواهەمین چارەسەر بێت بیری لێبکرێتەوە."

وەک شیکەرەوە باسی دەکەن، ڕەوشی ئێستای سوریا و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق، دەشێت ڕێگرێک بێت لەم قۆناغەدا لەوەی ئیسرائیل ڕاستەوخۆ بەرەنگاری عێراق ببێتەوە، بەڵام دەشڵێن "ئەگەر میلیشیاکانی عێراق ئاستی هەڕەشە و مەترسی بۆسەر ئیسرائیل زیاتر بکەن، ئەوا ڕەوشەکە پێچەوانە دەبێتەوە و نەک هەر لە عێراقدا بەڵکو لە سوریاشدا ئیسرائیل بە ئامانجیان دەگرێت.