زیندانەکانی ئەبوغرێب و سەیدنایا و زیندان و گرتوخانەکانی تریش، خاڵی هاوبەشی فەرمانڕەوایەتی دوو پارتی بەعسی عەرەبییە لە هەردوو وڵاتی سوریا و عێراقدا.
لە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکاندا وەک ئەوەی بنەماڵەی تکریتییەکان لە عێراق و بنەماڵەی ئەسەد لە سوریادا، زیندانەکان دەبنە شوێنێک بۆ لەناوبردن و ئەشکەنجەدانی گیراوەکان جا تاوانبار بن یان نا.
سەیدنایا و ئەبوغرێب
شوان حەمە،نوسەر و لێکۆڵەر، ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەنگە بینینی دیمەنەکانی زیندانی سەیدنایا زۆر یادەوەری تاڵی نێو زیندانەکانی عێراق بخاتەوە بیری عێراقییەکان و دەڵێت "لەو زیندانەدا وەک بیستومانە تەنانەت کاتێک گیراوێکیان بردووە بۆ لە سێدارەدان، ئەگەر ئەو گیراوانە بەرهەڵستییان کردبێت ئەوا دەستیان شکاندوون و ئەگەر هەر بەردەوامیش بووبن ئەوا تەنانەت قاچیشیان شکاندون بەو ئامانجەی گیراوەکە، تەواو لە هێز بکەوێت ئەوجا لە سێدارەی بدەن؛ بێ لەوەش کەسوکاری ئەو گیراوانەی بەوشێوەیە ژیانیان لێسەندراوەتەوە، ئاگادار نەکراونەتەوە و تەرمی قوربانییەکانیش لە شوێنی تایبەتدا شاردراونەتەوە و ئەگەریش کەسوکاری ئەو گیراوانە ئاگادارکرابنەوە، ئەوە بۆ وەرگرتنی پارەی تێچووی لە سێدارە دانەکانی قوبانییەکان بووە و هەڕەشەیشیان لێکراوە کە نابێت بە هیچ جۆرێک پرسە بۆ قوربانییەکانیش دابنرێت. سەیدنایا ئەو وێنانە دەخاتەوە پێش چاوی عێراقییەکان."
ئاراس تاڵب ڕەشید، نوسەرە و لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەسەر چالاکییە سیاسییەکانی دژ بە ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی ئەوسای سەدام حوسەین دەستگیر دەکرێت و دەڵێت دیمەنەکانی زیندانی سەیدنایا لە سوریا، ڕۆژە ناخۆشەکانی ژیانی خۆی لە زیندانی ئەبوغرێب و زیندانەکانی تری عێراقدا وەبیرهێناوەتەوە.
ئاراس، ناسراو بە حاکم پشکۆ (ناوی نهێنی ئاراس، لە ڕۆژانی خەباتی نهێنی و خەباتی شاخدا لە هەرێمی کوردستانی عێراق) چەند ساڵێک لە ئەبوغرێب زیندان بووە و بەرلەوەی فرمانی زیندانی کردنی بدرێت و بنێردرێتە ئەبوغرێب، بۆ لێکۆڵینەوە کردن چەندان مانگ لە هەر یەکێک لە بەندیخانەکانی دەزگای ئەمنی شاری سلێمانی و بەندیخانەی دەزگای هەواڵگریی لەشکریی ئەو کاتەی عێراق لە شاری کەرکوک و دواتریش بۆ هەمان بەندیخانەی ئەو دەزگایە لە شاری موسڵ گواستراوەتەوە و باسیش لەوە دەکات لە هەر یەکێک لەو گرتوخانانەدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدانی زۆر بووەتەوە و شێوازی ئەشکەنجەدانەکانیش هیچ جیاوازییەکیان نەبووە، وەک ئەوەی بڵێیت هەر هەموویان بە یەک بەرنامە ئەشکەنجەی گیراوەکانیان دەدا لە هەردوو ڕووی جەستەیی و دەرونییەوە.
حاکم پشکۆ دەڵێت "ئەوەی ئێستا لە زیندانی سەیدنایا دەیبینم، هەمان ئەو ئەزمونانەن لە گرتوخانەکەی موخابەراتی عێراقیدا بینیومن؛ بە هەمان شێوە لە ژووری تەسک و بچوکی تەنگدا ڕووبەڕووی ئازارێکی گەورە دەبووینەوە، ژوورێک هەبوو پێی دەگوترا ژوورە سوورەکە، ئەشکەنجەدانێکی زۆر خراپی گیراوەکان دەدرا؛ ئەوەی کاتی خۆی لە زیندانەکانی عێراقدا بینیومن بە ئەبوغرێبیشەوە، هیچیان کەمتر نییە لەوەی ئێستا لەسەر سەیدنایا دەیبینم و دەیخوێنمەوە."
شوان حەمە، دەڵێت "لێرەدا خاڵێکی سەرنج ڕاکێش هەیە و بریتییە لەوەی چاوەڕوانکراوە کە هەردوو باڵە فەرمانڕەواکەی پارتی بەعسی عەرەبی لە سوریا و لە عێراقیشدا خاوەنی هەمان ئایدیۆلۆژیا و هەمان ڕەفتار و هەمان هەستی گرژی نەتەوەپەرستی عەرەبی بن و هەرکاتێکیش پێیان وەهابووبێت کە کەسێک یان لایەنێک دژی ئەوانە یانیش هاوڕای ئەوان نییە، ئەوا هەوڵی سڕینەوەیان داوە و بێگومان ئەوەیش یەکێکە لە تایبەتمەندێتییەکانی فاشیزم."
حاکم پشکۆ، وەک بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای باس کرد، ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردن و تەنانەت ژیان لێسەندنەوەش لە گرتوخانەکانی عێراقی ئەوسادا، نەتەوە و ئاین و ئاینزایان نەدەناسی و دەڵێت "لە زیندانەکەی ئەمنی عامەدا لە بەغدا، هەموو گیراوەکان ئەشکەنجەیەکی دڕندانە دەدران."
ئاراس تاڵب ڕەشید، کاتێکی قورسیش لە گرتوخانەکەی ئەحکام خاسەی کەرکوک بەسەردەبات، ئەم گرتوخانەیە تەنها بۆ کورد بوو، دەڵێت ئەوەی لەوێش بینیومانە، هیچی کەمتر نییە لەو تاوانە مرۆییانەی لە سەیدنایا کراون؛ "خۆ ئەگەر هاوکاتی ئازادکردنی کەرکوک یان ڕوخانی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین، میدیا و تۆڕەکانی سۆشیال میدیا هەبوونایە و تاوانەکانی ناو ئەو گرتوخانانە بگواسترانایەتەوە بۆ بەردەم ڕای گشتی لە جیهاندا، ئەوا هەموو مرۆڤێکی دووچاری واقوڕمانێکی قوڵ دەکرد لەبەرامبەر ئەو دڕندایەتیانەی بەرامبەر گیراوەکان کراون لە عێراقدا، وەک ئەوەی لە ئەبوغرێبدا ژمارەیەک هۆڵ هەبوون دەرگاکانیان داخرابوون و نەدەزانرا چەند کەس و کێن ئەوانەی لەو هۆڵانەدا هێڵراونەتەوە، لەسەرچی گیراون، ئاگاداربووین زۆرێک لەو گیراوانە دەبران و گوللەباران دەکران و گۆڕ ونیش دەکران."
کوشتن و زامدار کردنی خەونی منداڵان لە گرتوخانەکانی عێراقدا
لە عێراقدا، تەنانەت مێردمنداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵیش، فرمانی لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرا. ئەو کات، بە نوسراوی لیژنەی تایبەتی تەندروستی، تەمەنی ئەو مێردمنداڵانە زیاد دەکران، هەتا ڕەوایی یاسایی بدرێت بە لە سێدارەدانیان.
لە عێراق منداڵی تەمەن 7 ساڵ و کەمتریش، دەستگیر دەکران و دەستبەسەر دەکران و ئەمەش وەهای دەکرد ئەو منداڵانە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی دەرونیی ببنەوە.
تارا عومەر، بەسەرهاتی خۆی بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەگێڕێتەوە.
تارا، لە ساڵی 1985دا لە کەرکوک، خۆیی و خێزانەکەی زیندانی دەکرێن و دەڵێت "ئەو کاتە براکانم پێشمەرگە بوون، دوای دەستگیرکردنمان، ژن و پیاویان لێک جودا کردەوە؛ ئەو کاتە منداڵێکی 7 ساڵ بووم، بەڵام هێشتا ئەو یادگارییە تاڵانەم لە مێشکدا ماونەتەوە؛ شوێنەکە تا بڵێی پیس و دڵتەنگ و ناخۆش بوو، ئەو هۆڵەی ئێمەیان تیادا دانابوو، پڕ پڕ بوو لە ژن و کچ و منداڵ، جمەی دەهات؛ ڕەوشێکی زۆر قورس بوو، هەرگیز لە بیرم ناچێتەوە."
تارا، دەڵێت "هەتا سێ و چوار هەفتەی یەکەم نەیاندەهێشت کەس سەردانمان بکات، بەڵام دواتر خوشکێکم، لە ڕێی واسیتەوە لەگەڵ دوو منداڵەکەیدا کە هاوتەمەنی خۆم بوون، توانیان سەردانمان بکەن، بەڵام نەیانهێشت زۆر بمێننەوە لەگەڵماندا، ڕەنگە تەنها یەک کاتژمێر بووبێت؛ لەبیرمە ئەو ڕۆژە زۆر زۆر گریام، ئێستاش گریانی ئەو ڕۆژەم بیرناچێتەوە؛ پرسیاری ئەوسام ئەوەبوو، بۆچی دەبێت من لەو هۆڵەدا بم و نەتوانم بڕۆم لەگەڵیاندا؟؟ هەتا چەند رۆژێکیش گریان بەرۆکی بەرنەدام، هەر دەگریام و دەمگوت بۆ هەر لەم چوار دیوارەدا ببم و بۆ نەمتوانی لەگەڵ خوشکەکەمدا بڕۆم؟! دەشێت ئێستا کە باسی دەکەم، ئاسان بێت بەڵام، ئەو بیرەوەریانەم گرێن لە ناخمدا."
تارا و کەسوکارەکەی ماوەیەکی زۆر لە هۆڵی ئەو گرتوخانەیەی کەرکوکدا دەهێڵرێنەوە و کاتێکیش باسی لەو ڕۆژانەی ژیانی خۆیی و دەستبەسەرەکانی تری دەکرد، هەست بەو قوڵپی گریانە دەکرا لە قوڕگیدا پەنگی خواردبووەوە و بە هەنسکەوە بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای گێڕایەوە "ڕۆژێکیان ئیڤایەکی لەشکریی هات و ئێمەیان خستە ناو ئیڤاکەوە و وتیان دەبرێن بۆ شنگال؛ ئەوکاتە نەمدەزانی چ باسە و بۆ دەمانبەن بۆ ئەو شوێنە!! بەڵام دواتر لە زاری گەورەکانەوە بەرگوێم کەوت کە دەیانەوێت دەمانبەن بۆ ئەو شوێنە هەتا گولەباران بکرێین؛ بیرمە کە گەیشتینە ئەوێ، سەربازگەیەکی گەورە گەورە بوو، پڕ پڕ بوو لە خەڵک کە زۆربەی هەرە زۆری کورد بوون؛ هیچ شتێک بەرنەدەکەوت بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکەوە کە گواسترابوونەوە بۆ ئەوێ، ماوەیەکی زۆریش لەوێ هێڵراینەوە، هەتا ڕۆژێک ئەفسەرێکی باڵای ڕژێمی بەعس هات و وتی بەر لێبوردن کەوتوون، خەڵکێکی زۆر ئازاد کران، بەڵام ئێمە تا ماوەیەکی زۆریش هێڵراینەوە و ئەوجا وتیان بڕۆن و ئێوەش ئازاد کران."
تارا دەڵێت "هێشتا ئەو یادەوەرییە تاڵانەی منداڵیی، هەر لە مێشکمدان و ڕەنگدانەوەی هەیە لە ناخمدا و تەنانەت کاتێک سەیری منداڵەکانم دەکەم، ترسێک دامدەگرێت، ترس لە هوموو شتێک بەرامبەر منداڵەکانم؛ ترسم هەیە ئەوەی ڕوویدا لەگەڵ منداڵەکانمدا دووبارە ببنەوە، زۆر قورسە ئەو یادەوەرییە تاڵانەی سەروەختی منداڵیی لەبیر خۆتی ببەیتەوە، نا هەرگیز لە یاد ناچێت."
زیندانەکان دوای ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان
مەرج نییە، لەگەڵ ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، گۆڕانکاریی بنچینەییش ڕووبدات لە شێوازی سەروسەودا کردن لەگەڵ نەیاراندا و بەتایبەتیش جودابیر و نەیارە سیاسییەکان.
شوان حەمە، دەڵێت لەبڕوایەدایە، ئەو زیندانانەی سوریا لە ئایندەشدا بە هەمان شێوەی پێشوویان بمێننەوە بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕەزاکان و دەڵێت فاکتەریش زۆرن "بە بەڵگەی ئەوەی، لە سوریادا هێزێک دەسەڵاتی گرتۆتە دەست پێشینەیەکی توندڕەویی ئیسلامیانەی هەیە، توندوتیژی لە سوریادا مێژووی دوور و درێژی هەیە، تەنانەت ئەو مەیدانەی ئەمەوی لە دیمەشقدا خۆی کێشەیەکی گەورەیە و خاڵی پێکدادانی شیعە و سوننەیە، سوریاش بەشێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە درێژایی مێژوو پڕ بووە لە توندوتیژی."
حاکم پشکۆ، دەڵێت "ئەگەرچی دەمێکە لە عێراق ناژیم، بەڵام ڕاپۆرتەکانی میدیا ئاماژە بە پێشێلکاریی دەکەن لە زیندانی ئەبو غرێبدا لەگەڵ ئەوەشدا کە عێراق عێراقێکی نوێیە؛ بۆ خۆیشم لەوبڕوایەدا نیم ئەبوغرێب چۆڵکرابێت و کرابێتە مۆزەخانەیەک بۆ گێڕانەوەی ئەو ڕۆژە تاڵ و پڕ لە ئازارانە و لەوبڕوایەشدا نیم تەنانەت ژووری لەسێدارەدانەکانیش داخرابن. هەتا ئێستا هەر باس باسی ئەبوغرێبە و باس لە زیندانەکانی موسڵ و ئەوانی باشوری عێراقیش ناکرێن کە ڕۆژانە چەندان ڕۆڵەی ئەو وڵاتە لەو زیندانانەدا دەکەوتنە بەر زەبری ئەشکەنجەدانەوە و لە سێدارە دەدران."
حاکم پشکۆ دەڵێت "هێندەی ئەوەی چاودێریی ڕەوشی ئەو وڵاتانە دەکەم، پێموانییە زیندانیی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەمێنێت، هەر یەکێک لەو حکومەتە نوێیانەی هاتوون وتوویانە قۆناغەکە، قۆناغی دیموکراتییە و ئیتر زیندانی سیاسی نامێنێت، بەڵام وەک دەیبینین لەژێر ناوی تردا خەڵک لەسەر جیاوازیی بیروباوەڕ دەستگیر دەکرێن و تاوانی وەک تێرۆریزم و قاچاغچی و لەژێر زۆر ناوی تردا دەستگیر دەکرێن؛ هەربۆیەشە لەوبڕوایەدا نیم، لە سوریاشدا هیچ یەکێک لەو زیندانانە دابخرێن، چونکە هەتا ئەو جۆرە سیستەم و ئەو جۆرە بیرکردنەوانە بمێنن ئەوا زیندانی سیاسی هەر دەمێنێتەوە و درێژەش بە ئەشکەنجەدانیش دەدرێت لەو وڵاتانەدا، هیوادارم هەڵە بم."
ئەمەش ببینە زیندانی سەیدنایا لە سوریای بنەماڵەی ئەسەددا
زیندانە نهێنییەکان لە دوای ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان
ڕژێمەکانی پارتی بەعس لە سوریا و لە عێراقیشدا، بێ لە زیندانە بەدناوەکانیان، زیندانی نهێنیشیان هەبووە وەک بەشێک لەو سیاسەتەی دژ بە نەیارەکانیان بەکاریان هێناوە.
لەوانەیە تا ئێستاش بەشێک لە عێراقییەکان، ناوی (کۆشکی کۆتایی)یان هەر لە یاد بێت، کە نازم گزار، بەڕێوەی دەبرد.
گزار، یەکێک بوو لە سەرکردەکانی پارتی بەعس لە عێراق، زۆر نزیک بوو لە سەدام حوسەین، کە ئەوکات جێگری سەرۆکی عێراق بووە.
سەدان و بگرە، هەزاران کەس لە نەیارەکانی سەدام و پارتی بەعس، لەو کۆشکی کۆتاییەدا، بە شێوازێکی دڕندانە ژیانیان لێسەندراوەتەوە.
بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان سەدام و گزار لە 1971- 1972، نازم گزار لە نزیک سنوری ئێرانەوە وەک دەگوترێت لە پارێزگای میسان، دەستگیر دەکرێت و دواتریش لەناو دەبرێت. دەرگای ئەو زیندانە لە عێراق دادەخرێت، بەڵام دەرگای زۆر زیندانی تری هاوشێوە کرانەوە.
شوان حەمە، ئاماژە بە ڕاپۆرتە خۆجێیی و نێونەتەوەییەکانیش دەکات و دەڵێت "چەندان ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ هەن و ئەگەر بە هەڵەشدا نەچووبم، ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش هەن لەسەر هەبوونی زیندانی نهێنی لە عێراقدا و ڕەوشی ئایندەی زیندانیش لە سوریادا لەگەڵ عێراقی دوای 2003دا گرێدەدەم و وەک یەکە، چونکە ئەم بابەتانە پەیوەندییان هەن بە فەرهەنگ و مێژوویەکی پڕ لە توندوتیژیی و هەروەهاش بابەتی سڕینەوەی یەکترەوە؛ ئەمانە بێ لەوەی حەز بۆ دەسەڵاتیش کاریگەریی خۆیی هەیە لە مێژووی ئەو ناوچەیەدا، بۆ نمونە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانلیدا، یەکێک لە سوڵتانەکان، برا و برازاکانی خۆی هەموو کوشتووە لەپێناو ئەوەی کوڕەکەی لە پاش خۆی دەسەڵات بگرێتە دەست و کاتێکیش کوڕەکەی دەسەڵات دەگرێتە دەست کەس کێشەی بۆ دروست نەکات "
شوان، لە ساڵی 1998دا نزیکەی 3 مانگ لە زیندانێکی نهێنیدا هێڵراوەتەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا وەک دەڵێت ئەشکەنجەیەکی زۆریش دراوە، "بڕبڕەیەکی پشتم ترازا لە ئەنجامی ئەشکەنجەداندا، لەو ماوەیەدا 5 جەلادم بینیون لەگەڵ ئەو پزیشکانەی سەر بە دەسەڵاتی ئەو زیندانە نهێنییە بوون، زۆر جار پاش لە بێهۆش بوونم کە بە ئاگا دەهاتمەوە هەستم دەکرد پزیشکم لەلایە یان لە بەشێکی نهێنی ناو نەخۆشخانەیەکم."
شوان حەمە، بە خەمێکی قوڵ و نیگەرانییەکی قورس و قوڵیشەوە باسی ڕۆژەکانی خۆیی دەکرد لەو زیندانە نهێنییەدا وەک دەڵێت "خاڵێکی زۆر گرنگ هەبوو؛ پەیوەندی نێوان جەلاد و قوربانی؛ لە کاتێکدا لە حەژمەت ئازارەکانی جەستەمدا لەگەڵ هەر لێدانێکدا، هاوارم دەکرد، ئا لەو کاتانەدا گوێم لە پێکەنینی جەلادەکان دەبوو، بێگومان ئەمەش پەیوەندییەکی زۆر کێشە ئامێزە لەو ڕوانگەیەوەی ئەو مرۆڤانەی جۆرێک لە نەخۆشیی دەرونییان هەیە و بە ئازاردانی مرۆڤەکانی تر دڵخۆش دەبن یان چێژی لێدەبینن و هەست بە دەسەڵات و هەست بە هێزی خۆیان دەکەن."
بەڕێز حەمە، باس لە ئازادبوونەکەیشی دەکات "ئەو ڕۆژەی ئازاد کرام، کەس پێی نەووتم، لەسەرچی دەستگیر کراوم!! لەسەر چی ئەشکەنجە دراوم!! نە دادگایەکیش هەبوو دادوەرانە لەم گرتنەم بکۆڵێتەوە وەک مافێکی هاووڵاتی؛ هەتا ئێستاش کەسێک لێی نەپرسیوم، بۆچی 3 مانگ زیندانیی بوویت و ئەشکەنجەدراویت، پرسیارێک نەکراوە لەسەر ئەو ناخۆشییە جەستەیی و دەرونییانەی بەسەر خۆم و خێزانەکەمدا هاتووە! یان پێمبگوترێت، ئێستا چ مافێکت هەیە؛ بەداخەوە تا ئێستاش ئەو کلتوری توندوتیژییە لەناو ئێمەدا ئامادەیی هەیە کە دژی مافەکانی مرۆڤ و دژی دادپەروەرییە."
ئەمەش ببینە لە کاتێکدا کە دەرگاکانی زیندانەکانی سوریا کرانەوە، دەیان هەزاران هێشتا بێسەروشوێنن
خانمێک شوان ڕزگار دەکات
شوان، بەسەرهاتی ئازادکردنەکەیشی بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەگێڕێتەوە "ئەو کاتە 67 نوسەر و چالاکوانی دیار، واژۆیان کۆکردبووەوە بۆ ئازاد کردنم. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئازادکردنم ئاوەها بوو؛ ڕۆژێک برابوومە نەخۆشخانە، چەند پاسەوانێک دانرابوون بەسەرمەوە لە بەشێکی نهێنی ئەو نەخۆشخانەیەدا؛ نازانم چۆن بوو، چاوم کەوتە سەر ژنێک، ناسنامەی خاچی سووری نێونەتەوەیی بە بەرۆکەوە بوو، هەر کە ئەو خانمەم بینی ئیتر وتم من دەژیم و نامرم، چونکە تا ئەو ساتەوەختە هیوام نەمابوو بەوەی جارێکی تر دنیای ڕوناک و خێزانەکەم ببینمەوە؛ تا ئێستاش بەڵگەنامەکەی ئەو ڕێکخراوەم ماوە، خانمەکە بە ڕەسەن جەزائیری بوو و بە ڕەگەزنامەش فەڕەنسایی بوو، ئەو کاتە لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاریان دەکرد، ئەو ژنە لە مەرگێکی بێ چەندوچوون ڕزگاری کردم."
شوان حەمە، دەڵێت ئەو ئەزموونەی لە زیندانە نهێنییەکەی هەرێمی کوردستانی عێراقدا گەیاندویەتییە پێناسەکردنێک بۆ ئەو جۆرە زیندانانە و دەڵێت "بریتییە لە وردکردنەوەی ڕق دژی کەسێک کە ئەو دەسەڵاتە یان ئەو لایەنە پێی وایە کەسی گیراو دژیانە یان هاوڕایان نییە و دور لە چاوی کۆمەڵگە و یاسا و دادوەریی سزای دەدەن؛ ئەمە بەشێکە لە دیوە تاریکەکەی مێژووی مرۆڤایەتی."
بۆ زۆرێک لەوانەی لە عێراق زیندانی کرابوون لە سەروەختی ڕژێمی دیکتاتۆردا، ئەگەر هاتبا و بە لێبوردنێکی گشتی، یان دوای تەواو کردنی ماوەی زیندانیکردنەکەیان ئازاد بکرانایە، هەمیشە بە چرپە لە نێوان یەکتردا وەها باسیان دەکرد "لە زیندانێکی بچوکەوە، گواستراوینەتەوە بۆ زیندانێکی گەورەتر!!."