شارەزایەکی کاروباری ئاینی لە هەرێمی کوردستان پێی وایە، گوتاری نەتەوەیی لە لای لایەنە ئیسلامیەکان کاڵتر دەبینرێت و جۆرێک لە تێکەڵەیەکیان لە نێوان "نەتەوە و دینداریدا " دروستکردوە کە و ئەوەش "وایکردووە کە لە هەرێمی کوردستان ژمارەی دەنگەکانیان نەگاتە 15%."
مەریوان نەقشبەندی شارەزای کاروباری ئاینی لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەپێ ئەو پڕۆگرامەی لایەنە سیاسیە ئیسلامیەکان لە هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکەن، ئاین لە پێش نەتەوەیە، بەڵام تایبەتمەندی خەڵکی کوردستان ڕێگریان لێ دەکات ئەو پڕۆگرامەیان جێ بەجێ بکەن، چونکە ئەوان بۆ چوونی ئیخوانیان هەیە و ڕوونە ئیخوانیش باوڕیان بە نەتەوە نییە."
مەریوان نەقشبەندی وتیشی،" بە ڕای من نەتەوە کاڵتر لای لایەنە ئیسلامیەکان دەبینرێت، وجۆرێک لە تێکەڵەیەکیان لەنێوان نەتەوە و دینداری دروستکردوە کە خۆشیان بۆیان یەکلا نەبووەتەوە،بە هەرسێ حزبە ئیسلامیەکە دەنگەکانیان نەگەشتووەتە 15%، هێزی ئیسلامی هەیە، پاشگرە ئیسلامیەکەی لەناوەکەی لێکردووەتەوە، لەبری ئەوەی دەنگەکانی زیاتر بکات، کەمی کردووە، ئەو تێکەڵاویەی لە نێوان نەتەوە و ئاین، جۆرێک شپرزەیی لا دروست کردوون."
کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، کە جوڵانەوەیەکی ئیسلامییە و لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان جیابووەتەوە لە ساڵی 2001 دامەزراوە لە کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەدا لە ساڵی 2021 پاشگری ئیسلامی لاداو ناوەکەی کردە کۆمەڵی دادگەری کوردستان. کۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنەکانی مانگی دەی ساڵی 2024دا 3 کورسی بەدەستهێنا ئەمەش لە کاتێکدا یەکگرتووی ئیسلامی 7 کورس و بزووتنەوەی ئیسلامیش هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێنا. هەرسێ لایەنە ئیسلامییەکە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەدا دەنگەکانیان کەمی کردبوو.
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەگرتووی ئیسلامی کوردستانیش، ڕەتیدەکاتەوە کە نەتەوە لە ناو پەیڕەو پڕۆگرامی لایەنە سیاسیە ئیسلامیەکان بە کاڵی ببینرێت.
حەسەن عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەگرتووی ئیسلامی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" یەگرتووی ئیسلامی کوردستان هێزێکی نیشتیمانی و کوردستانییە و لە پەیڕەودا وا تۆمارکراوە، ئێمە نوسیبومان کورد مافی خۆیەتی لە نەتەوەیەگرتووەکان ئەندامی هەبێت، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو بەشەی پێ سڕینەوە، نشتیمان و نەتەوە ستراتیژمانە، ئەمیندارەکەمان لە تورکیا و ئێران و عێراق بەرگری لە کورد کردووە و پاڵپشتی حکومەت و دەوڵەتی کوردیشمان کردووە".
یەگرتووی ئیسلامی کوردستان کە لە 27 و 28 ی مانگی 12 ی 2024 لە هەولێر9 یەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا، 7 ئەندامی سەرکردایەتی بەشداریان تێدا نەکرد، لە ناویاندا هەریەک لە ئەبوبەکر کاروانی و ئەبوبەکر هەڵەدنی کە هەردوو بە کەسایەتی نەتەوەیی ناو ئەو حزبە دەبینران.
بەڵام ئەندامەی سەرکردایەتی یەگرتوو دەڵێت،" ئەو ئەندامانەی یەگرتوو کە بەشداریان نەکرد لەکۆنگرەدا لەسەر پرسی نەتەوە نەبوو، بیرکردنەوە و ستراتیژی ئەوان لەناو بازنەی هێزێکی دیکەبوو، پێمان ووتن ئێمە پەیڕەوپڕۆگرامان بەم جۆرەیە ، ئەگەر ڕەزامەندن دەرگا کراوەیە بۆیاتان، بەڵام ناکرێت بتەوێت فشار لەیەگرتوو بکەیت بچێتە سەر ئەجێندای حزبێکی تر."
ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی یەگرتووی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، ئیسلامیەکان زمانی ڕاگەیاندنیان لەبواری نەتەوە لاوازە و ناتوانن مامەڵەکی باش لەگەڵ ئەو ئەندامەشیان بکەن کە ئەم هەستە نەتەوایەتیان تیایاندا بەهێزە .
ئەبوبەکر هەڵەدنی یەکێک لەوانەی کە بەشداری کۆنگرەکەی نەکرد و ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەگەر توێژینەوەیەک لەسەر گوتاری هێزە ئیسلامیەکان لەسەر ئاستی میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیان و ئەو دەنگانەی کە لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەدەستیان هێناوە بکەین، دەرخەری ئەو ڕاستیە کە گوتارەکەیان لای خەڵکی کوردستان قەبوڵکراو نییە لەم ڕووەوە،ئەبێت ئەو باوڕە لای خەڵکی کوردستان دروست بکەن کە دەتوانن ڕابەرایەتی دۆزی ڕەوای کورد بکەن."
ئەبوبەکر هەڵەدنی ڕەتیکردەوە کە ئەجێندای لایەنێکی سیاسیان جێ بەجێ کردبێت و دەڵێت." من پێم وایە خزمەتکردنی دۆزی کورد لەهەرچوار پارچەکەی کوردستان پێویستی بەهەموانە،بە یەک حزب و یەک تاک ناکرێت، ئەبێت لەسەر ئاستی نەتەوە نەتەوە سازی بکەین، بەداخەوە لە 15 ساڵی ڕابردوودا، ئەم تۆمەتە دەدەنە پاڵ ئێمە کە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە."
مەریوان نەقشبەندی شارەزای کاروباری ئاینی پێی وایە ،" ئەو مەرجەعیەتە نێودەوڵەتیە وابەستەی لایەنە سیاسیە ئیسلامیەکان و لایەنەکانی دیکەش لەگەڵ وولاتان هەیانە، وایکردووە، لەواقعدا وابەستەی فیکری ئەوانیش بن و ئەمەش کەمتر نەتەوایەتیانە دەرکەون."
Your browser doesn’t support HTML5