دادگای باڵای ئیران سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لەگەڵ دوو زیندانی دیکە پەسەند دەکات

پخشان عزیزی، زندانی سیاسی محکوم به اعدام در ایران

سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایدەگەیەنن دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، چالاکوانی کورد لەگەڵ دوو زیندانی دیکەی سیاسی بە بەناوەکانی بێهروز ئیحسانی ئیسلاملوو و مێهدی حەسەنی پەسەند کردووە.

ئەمیر ڕەئیسیان پارێزەری پەخشان عەزیزی ڕۆژی چوارشەممە 8ی مانگی یەک ڕایگەیاند پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان لە لایەن لقی 39ی دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە "بە بێ گوێدانە کەموکوڕییە زۆرەکانی دۆسیەکە"بووە.

ڕەئیسیان ڕایگەیاندووە "دوای دەرکردنی سزای لەسێدارەدان لە لایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە، داوایەکی پێداچوونەوەم بۆ سزاکەی ئەو زیندانییە کوردە تۆمار کردبوو، بەڵام لەلایەن دادگای باڵاوە، پێداچوونەوەکە ڕەتکراوەتەوە و سزای لەسێدارەدانەکەی عەزیزی پەسەندکراوە، ئەمەش بەبێ گوێدانە ئەو کێشە و کەموکوڕییە زۆرانەی لە دۆسیەکەدا هەیە."

ئەمەش ببینە وردەکارییەکانی بڕیاری سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە زاری پارێزەر و براکەیەوە

بە گوتەی ئەو پارێزەرە "دادگای باڵا وەڵامی هیچ کام لەو کێشانەی نەداوەتەوە کە لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی پەخشان عەزیزیدا هاتوونەتە ئاراوە و هەموویان پشتگوێ خراون".

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دەرکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیە لەگەڵ سیاسەتی دادوەری وڵاتەکەدا ناکۆکە و هیوای دەربڕی کە بە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دووبارە دادگاییکردنەوە، کەموکوڕییەکانی دۆسیەکە لەبەرچاو بگیرێت و ڕێگری لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بکرێت.

پێشتر برایەکی پەخشان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو پەخشان هاوینی ساڵی ڕابردوو گەراوەتەوە بۆ ئێران بۆ سەردانی خێزانەکەی و لە تاران لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بووە کە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات و ئاسایشی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و و دواجار پەخشان گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئێڤین و ئێستاش سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە."

یەکێک لە خزمەکانی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی وتووە "ئەم سزایە هیچ بنەمایەکی یاسایی نیە چونکە هیچ بەڵگەیەک نیە دژی ئەو لە دۆسییەکەدا. دۆسییەکە باس لەوە دەکات ئەو چەکێکی هەبووە لە عێراق و سوریا و دژی داعش شەڕی کردووە، بەڵام سوریا پەیوەندی چیە بە ئێرانەوە تاوەکو ئەوان باسی بکەن؟ ئەوە بە شێوەیەک شانازییە ئەگەر شەڕی دژ بە داعشی کردبێت، بە هیچ شێوەیەک شەرمەزاری نیە!، لەو کاتەدا پەخشان تەنها کارمەندێکی کۆمەڵایەتی بووە و چالاکێکی تەنها خێرخوازیی بووە، سیاسی نەبووە تاوەکو ئەوان بە تۆمەتی یاخیبوونی چەکداریی تۆمەتباری بکەن."

پەخشان عەزیزی دەرچووی بواری کاری کۆمەڵایەتی لە یەکێک لە زانکۆکانی تاران، یەکەمجار لە کۆتاییەکانی ساڵی 2009 لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران لە دژی لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە کوردستان دەستبەسەر کرا و دوای 4 مانگ لە دەستبەسەربوونی بە کەفالەتی 100 ملیۆن تمەنی ئیرانی ئازاد کرا.

عەزیزی دواجار بەهۆی فشار و هەڕەشەی بەردەوامی لایەنە ئەمنی و ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئێرانی بەجێهێشتووە و بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر دۆخی ژنانی کورد، ڕووی لە هەرێمی کوردستان و دواجاریش رۆژئاوا کردووە.

هەروەها گرووپەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕاپۆرتیان داوە کە دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدانی بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو و مێهدی حەسەنی پشتڕاست کردووەتەوە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست "هرانا" گەیشتووە، ڕۆژی سێشەممە سزای لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە بە پارێزەرانی ڕاگەیەندراوە.

بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو و مێهدی حەسەنی لە کۆتایی هاوینی ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی "بەغی، شەڕ، گەندەڵی لەسەر زەوی، کۆکردنەوەی زانیاری نهێنی، و کۆکردنەوە و هاوکاری دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیەوە سزای سێدارەیان بۆ دەرکرا.

"ئەندامبوون لە سازمانی موجاهدینی خەلق" یەکێکە لەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ئەم دوو زیندانییە کراوە.