کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە ئێران دەکات بڕیاری سزای مەرگی پەخشان عەزیزی هەڵبوەشێنێتەوە

ئۆفیسی نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری پەیوەست بە ئێران، داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد بڕیاری سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی چالاکوانی کوردی خەڵکی مەهاباد هەڵبوەشێننەوە.

ئەبرام پەیلی، جێگری نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری پەیوەست بە ئێران ڕۆژی سێشەممە لەسەر تویتەرەکەی داواکەی ڕاگەیاند و نووسیویەتی،"داوا لە ئێران دەکەین حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، کارمەندی فریاگوزاری کوردی ئێران هەڵبوەشێنێتەوە. دەبێت ڕژێم وازبهێنێت لە بە ئامانجکردنی کەمینەی کورد لە ئێران وە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بۆ دەمکوتکردنی ناڕەزایی ئاشتییانە."

پەخشان عەزیزی چالاکوانی کورد مانگی حەوتی ساڵی رابردوو لە لایەن لقی 26ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە سەرۆکایەتی ئیمان ئەفشار بڕیاری لەسێدارەدانی دراوە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پەژاک و ئەم تۆمەتەش بەپێی یاساکانی ئێران پێ دەڵێن "بەغی" کە دەستەواژەیەکی ئیسلامییە.

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان لە ئێرانەوە، دادگای باڵای ئێران بڕیاری سزاکەی پەسەندکردووە و کەیسەکە ڕەوانەی بەشی جێبەجێکردن کراوە.