بەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبنانەوە دوای هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر بەرزاییەکانی جۆلانی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل، ڕۆژی دووشەممە گەشتەکانی هاتن و ڕۆیشتن لە فڕۆکەخانەی بەیروتی لوبنان هەڵوەشێندرانەوە یاخود دواخران. لە هێرشەکەدا بۆ سەر بەرزاییەکانی جۆلان 12 منداڵ و هەرزەکار کوژران.
ڕۆژی دووشەممە هێڵی ئاسمانی ئێر فرانس وتی بەهۆی دۆخی ئاسایشەوە لە بەیروت، لە 29 و 30 ی مانگی حەوتدا گەشتە ئاسمانییەکانی لە نێوان پاریس چاڕڵز دی گۆل و بەیروت ڕادەگرێت.
هێڵەکە وتی " ئێر فرانس چاودێری دۆخەکەی ناو لوبنان دەکات."
بەپێی وتەبێژی گروپی هێڵی ئاسمانی لوفتهانسا، هێڵی ئاسمانی لوفتهانسا و سویس و یۆرۆوینگسی گروپی لوفتهانسا بڕیاریانداوە گەشتەکانییان بۆ بەیروت و بە پێچەوانەشەوە ڕابگرن، ئەوەش بەهۆی پەرەسەندنەکانی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هێڵی ئاسمانی لوبنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی تێکچوونی خشتەی گەشتەکان بەهۆی مەترسی بیمەکانەوە بووە.
هێرشە موشەکییەکەی سەر بەرزاییەکانی گۆلان لە ڕۆژی شەممەدا نیگەرانییەکانی زیاتر کرد سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێکی بەرفراوان لە نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبناندا کە ئێران پشتیوانی لێدەکات.
ڕۆژی یەکشەممە کابینەی ئاسایشی ئیسڕائیل مۆڵەتی بە حکومەتدا وەڵامی هێرشەکە بداتەوە. حزبوڵا ڕەتی کردووەتەوە دەستی هەبووبێت لەو هێرشەدا، کە لە دوای هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل کوشندەترین هێرش بووە بۆ سەر ئیسڕائیل یاخود ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵیدان.
بۆردی زانیاری گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی بەیروت و ماڵپەڕی چاودێریکردنی گەشتە ئاسمانییەکان فڵایتڕادار 24 دەریدەخەن کە هێڵی ئاسمانی تورکیاش شەوی ڕابردوو دوو گەشتی ئاسمانی بۆ بەیروت هەڵوەشاندووەتەوە.
هێڵی ئاسمانی سەنئێکسپرێسی تورکی و هێڵی ئاسمانی ئەی جێتی سەر بە هێڵی ئاسمانی تورکی و هێڵی ئاسمانی ئیجەی یۆنان و میاش گەشتەکانییان بۆ بەیروت هەڵوەشاندووەتەوە کە بڕیار بووە ڕۆژی دووشەممە گەشتەکانییان بگەنە بەیروت، ئەمەش بەپێی فڵایتڕادار24.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لوبنان - ڕەفیق حەریری تەنها فڕۆکەخانەیە لە لوبنان. لە ماوەی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەدا کراوەتە ئامانج، هەروەها لە شەڕەکانی پێشووتریشدا لەگەڵ ئیسڕائیل کراوەتە ئامانج، لە دوایین شەڕی نێوان حزبوڵا و ئیسڕائیلدا لە ساڵی 2006 دا بە هەمان شێوە کرایە ئامانج.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو غەززەوە کە بەهۆی هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 ی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل هەڵگیرسا، شەڕی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵای لوبنان لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە زیاتر و بەردەوامتر بووە. جەنگەکەی ناو غەززە گەشتە ئاسمانییەکان و بازرگانی دەریایی لە سەرانسەری ناوچەکەدا تێکدا، بەو ماوەیەشەوە کاتێک ئیسڕائیل و ئێران لە مانگی چواردا هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان کردە سەر یەکتر.
لوفتهانسا پێشتریش گەشتە ئاسمانییەکانی بە شەو بۆ بەیروت و بە پێچەوانەشەوە بۆ مانگی حەوت ڕاگرتبوو، ئەوەش بەهۆی " پەرەسەندنەکانی ئێستای " ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز