بایدن دەڵێت کوشتنی نەسڕوڵا لەلایەن ئیسڕائیلەوە دادپەروەری بووە

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەڵێت هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسڕائیل کە بووە هۆی کوژرانی حەسەن نەسڕوڵای حزبوڵا " ڕێوشوێنێکی دادپەروەریی " بوو بۆ قوربانییان چوار دەیە لە " فەرمانڕەوایی تیرۆر."

لێدوانەکەی بایدن دوای ئەوە هات حزبوڵای لوبنان کوژرانی نەسڕوڵای پشتڕاست کردەوە.

بایدن ئاماژەی بەوەدا ئۆپەراسیۆنەکە بۆ کوشتنی نەسڕوڵا لە چوارچێوەیەکی فراوانتری ململانێیەکدا بوو کە بە " هێرشە کۆمەڵکوژییەکەی حەماس دژی ئیسڕائیلییەکان لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا " دەستیپێکرد.

بایدن وتی " ڕۆژێک دوای ئەوە نەسڕوڵا بڕیارێکی چارەنووسسازیدا بۆ ئەوەی دەست بخاتە دەستی حەماسەوە و وەکو خۆی وتی ' بەرەی باکوور ' بکاتەوە دژی ئیسڕائیل."

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا حزبوڵا بە سەرکردایەتی نەسڕوڵا بەرپرس بووە لە کوژرانی هەزاران ئەمەریکایی و ئیسڕائیلی و لوبنانی.

هێرشەکانی حزبوڵا دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا بریتی بوون لە هێرشەکەیان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و بنکەی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە بەیروت لە ساڵی 1983 دا و هەروەها ڕفاندنی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا لە بەیروت، کە لە ماوەی دەستبەسەریدا گیانی لە دەستدا. ئەمەریکا وتوویەتی سەرکردەکانی حزبوڵا مەشق و چەکییان داوە بە میلیشیاکان تاوەکو لە ماوەی جەنگەکەی ناو عێراقدا هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا.

کۆشکی سپی کوژرانی نەسڕوڵا بە لێدانێکی گەورە دەزانێت بۆ حزبوڵا، لە هەمان کاتیشدا بەڕێوبەرایەتییەکە هەوڵیداوە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات چونکە ویستوویەتی جەنگەکەی ئیسڕائیل لەگەڵ حەماسدا لە غەززە کۆنتڕۆڵ بکات.

کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی بە ماوەیەکی کورت دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر بەیروت ڕایانگەیاند کە ئیسڕائیل پێشوەخت لە هێرشەکە ئاگاداری نەکردوونەتەوە.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس وتی " خۆم و سەرۆک بایدن نامانەوێت ببینین ململانێکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەبسەنێت بۆ جەنگێکی بەرفراوان لە ناوچەکەدا. دیبلۆماسی هێشتا باشترین ڕێگەیە بۆ پێشەوە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل و دەستکەوتنی سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا." هەروەها بە هەمان شێوەی بایدن وتی هێرشەکە " ڕێوشوێنێکی دادوەپەروەری " بووە.

بایدن ڕۆژی شەممە جەختی لەوە کردەوە کە دەیەوێت ئاگربەست ببینێت لە غەززە و شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵاشدا.

بایدن وتی " ئێستا کاتی ئەوەیە ڕێککەوتنەکان واژۆ بکرێن، مەترسییەکانی سەر ئیسڕائیل لاببرێن و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەقامگیرییەکی زیاتری دەستبکەوێت."

سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان ئەمەریکای تۆمەتبار کرد لەسەر پشتگیریکردن لە کوشتنی نەسڕوڵا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا